»  راپۆرت
پرسی ریفراندۆم راسـتییە تــاڵـەكـانی بۆ كورد ئاشكرا كرد
ئا/ سەنگەر كاكۆ

پرسی ریفراندۆم راستییەكی بۆ گەلی كورد سەلماند ئەویش ئەوەیە كە تاكو ئێستا لە پرسی سەربەخۆییدا تەنها شاخەكان دۆستیانن و بەبێ خوێندنەوەی وردیش خۆی كردۆتە ناو گەمەیەكەوە، لەم گەمەیەشدا رووی راستەقینەی دۆستەكان و رێژەی نەیارانی پرۆژەكەی بۆ ئاشكرا بوو، بەتایبەتی توركیا كە لە سەرەتادا وەكو تاكتیك نەرمی بەگوتارییەوە دیاربوو، تا كوردی  بەتەواوی راكێشایە ناو گەمەكەوە و لە ئێستادا هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزیش دەكات و بە ئاشكرا دەستوەردەداتە كاروباری هەرێم بە گشتی و شاری كەركوك بەتایبەتی.

هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز دژی كورد
هیچ كاتێك هێندەی ئێستا مەترسی لەسەر شاری كەركوك نەبووە، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی هەڕەشەی هێزو چەك لە كورد دەكرێت، هەڕەشەكانیش دواجار هەمووی دێنەوە سەر كەركوك، چونكە لە مێژوودا كەركوك هەمیشە خاڵی ناكۆكی نێوان شۆڕشەكانی كوردو حكومەتە یەك لەدوای یەكانی عێراق بووە، وڵاتانی زلهێزی جیهانیش نەك هیچ هەڵوێستێكیان بەرانبەر بە هەڕەشەكان نییە، بەڵكو خۆشیان لایەنێكن لەو لایەنانەی دژ بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان و كەركوك زۆر توندن و بەكارێكی خراپی لەقەڵەم دەدەن، ئەمە لە كاتێكدا تادوێنێ هەر ئەو وڵاتە زلهێزانە وەك ئەمریكاو بەریتانیاو هتد.. گەلی كوردو پێشمەرگەیان وەك باشترین جەنگاوەری دژ بە تیرۆر ئەژمار دەكردو دەیانوت گەلی كورد لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكات.
سەرەتای هەڕەشەكانی بەغدا بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە رەتكردنەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم و دوورخستنەوەی پارێزگاری كەركوك لە پۆستەكەی دەستیان پێكرد، لەسەر ئاستی هەرێمایەتیش پەیەتا پەیتا هەڕەشەكان توندتر دەبنەوەو كەس نازانێ عاقیبەتی ئەو هەڕەشانە بە كوێ دەگەن، لە رووی نێودەوڵەتیشەوە تائێستا هیچ وڵاتێك ئامادەنییە دان بە سەربەخۆیی كورددا بنێت و هەموان لە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم وەستاونەتەوەو جەخت لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوە.

چاوخشاندنەوە بە پەیوەندییەكان
لەحاڵەتی ئەنجامدان یاخود ئەنجامنەدانی ریفراندۆم، پێوستە لەسەر سەركردایەتی سیاسی كورد جارێكی تر چاوێك بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە عەرەب و توركمان بە شیعەو سوننەیانەوە، بخشێنێتەوە، لەبەر ئەوەی لەم ماوەیەی پێشوودا رووی راستەقینەی هەموویان دەركەوتن، كە ئامادەنین دان بە سادەترین مافی گەلی كورددا بنێن و لە بەرانبەر كورددا هەموو كێشەكانی خۆیان وەلا دەنێن و هەموو دەبنە یەك بەرەی یەكگرتوو بۆ لێدانی كورد، كە بەشێكی زۆری هۆكارەكانیش دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەی هەڵەی لایەنە كوردییەكان لەگەڵ نەتەوەكانی دیكە.
وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش  لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەرانبەر بە پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم زۆر توندترن و سوورن لەسەر ئەنجام نەدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان.

رووی راستەقینەی هاوپەیمانەكانی كورد 
بەشێك لەو وڵاتە زلهێزانەی جیهان، كە بەردەوام ئیدیعای مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەكان دەكەنەوە، لە هەندێك حاڵەتدا زۆر بە ئاسانی رووی راستەقینەیان بۆ هەمووان دەردەكەوێت، وڵاتانی زلهێز لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریكاو بەریتانیا، لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادی عێراق، لەم عێراقە خوێناوییەدا، جگە لە گەلی كورد، هەمووان بە چاوی دوژمنەوە تەماشای هێزەكانی ئەو دوو وڵاتەیان دەكردو رۆژانە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق بە بۆمبی چێنراو و هێرشی خۆكوژیان دەكردە سەریان و سەربازەكانیان دەكوشتن و بەداگیركەر ناویان دەبردن، كەچی كورد گوڵبارانی هێزەكانی ئەمریكاو بەریتانیای دەكردو هەرێمی كوردستان و كەركوك باشترین پەناگەی ئارام بوون بۆ هێزەكانیان، كەچی ئێستا بەرژەوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە وا دەخوازێت، بەناوی یەكپارچەیی خاكی عێراقەوە پشتگیری لە عێراق بكەن  و دژی بڕیاری مافی چارەی خۆنوسینی كورد بوەستنەوە.

دەوڵەت یان كورسی؟
یەكێك لە فاكتەرە نەرێنییە ناوخۆییەكان كێشەی سیاسی هەرێمە، كە لە پرسی بەسەرچوونی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە زیاتر تەشەنەی كردووە، بۆیە بۆ نەهێشتنی كیشە نوێوخۆییەكان و یەكڕیزی كورد پێویستە مەسعود بارزانی وەك نیشاندانی نیازپاكی لە ئێستادا پۆستەكەی بكاتە قوربانی پرسێكی گەورەتر كە مافی چارەی خۆنووسینە. 

یەكڕیزی نێوماڵی كورد
لەگەڵ ئەم هەموو هەڕەشەو پیلانەی دەرهەق بە گەلی كوردو كەركوك لە باشوری كوردستان دەگێردرێت، تائێستا لە ئاستی ناوخۆش ماڵی كوردی پەرتەوازەیەو رێك نەخراوەتەوە، لە كاتێكدا دەبوو، لە ئێستادا هەموو هەوڵەكان یەكبخرانایەو كۆدەنگییەكی باش لە سەر هەموو پرس و هەڕەشەكان هەبوونایە، چونكە ناكرێت هەڕەشەكان بە هەند وەرنەگیرێن، مێژوومان پڕیەتی لە پیلان و گەلەكۆمەی داگیركەران،  نابێ ئەوەشمان لە یاد بچێت، بچووكترین زیان لە كەركوك یاخود هەر شارێكی تری كوردستان بكەوێت، ئەوە هەموومان زەەرمەند دەبین و هەموو ریسەكەمان لێ دەبێتەوە بە خوری و جارێكی تر دەبێ سەرلە نوێ دەست پێبكەینەوە.


‌ 213 جار بینراوه‌
9/23/2017 1:30:47 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved