»  باران
قەیرانی دارایی كارو پرۆژەی بچوكی ماڵان بۆ ژنانی كەركوك دەبوژێنێتەوە
ئا / هەواڵ


ماوەی سێ ساڵە بەهۆی تێكچونی باری ئابوریەوە زۆر گۆرانكاری روویانداوە، یەكێك لەوانەش كاركردنی ژنانە بەرێگەی جیاواز بۆ پەیداكردنی بژێوییە بۆ دابینكردنی  پێویستییەكانی خێزان، لەم ماوەی قەیرانەدا كاركردنی ژن لە دەرەوە یان لەنێو ماڵی خۆیدا بەردەوام زیادی كردوە بە ئەوەش دروومان یان نان كردن بێت بۆ ماڵان یاخود چێشت ئامادەكردن یان ماسی و سەروپێ چاككردن كە لەبەرانبەر ئەم كارەدا بڕێك پارە وەردەگرن.

كوردە محەمەد، یەكێكە لەو ژنانەی كاری چێشت لێنان و سەروپێ پاككردن بۆ ماڵان دەكات بۆ هەواڵ وتی: "باری دارایی وا دەخوازێت هەموان كار بكەین، منیش بەهۆی ئەوەی دەستێكم لە خواردن و سەروپێ چاككردن هەیە، بڕیارمدا بەردەوامی بەم كارە بدەم و هەر لە نێو ماڵەكەی خۆمدا كاربكەم ".
ئەو خانمە باسی لەوەشكرد: "كاركردن بە شەرەفمەندانە هیچ عەیبەیەكی تێدا نییەو من بەم كارە خەڵكێكی باش بووەتە كڕیار لام و رۆژانە بە هاوكاری كچ و بووكم لە كارەكەم بەردەوامم ".
كوردە محەمەد ئاماژەی بەوەشدا: "ژن هەیە لە ماڵەوە كاری دوورینی جلوبەرگ دەكات هەیە خواردن ئامادە دەكات و هەشن نان دەكەن، ژن دەناسم كەلوپەلی بالە (لەنگە) دەهێنێت و لەحەوشەكەی خۆیدا بڵاوی دەكاتەوە تا ژنانی گەڕەك لێی بكڕنەوە و هەیە لەسەر دوكان دادەنیشێت و كاردەكات و ئەمەش گەورەیی ژنی ئێمە دەسەلمێنێت".
نیگار ئەحمەد وەك ژنێكی ماڵەوە كاتە بەتاڵەكانی خۆی بە چێشتلێنان و شیرینی دروستكردنەوە بەسەردەبات، بۆ (هەواڵ) وتی: "جۆرەها خواردن دروست دەكەم و لە رێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە بڵاوی دەكەمەوە، داواكاریی باشیان لەسەرە و منیش بەپێی داوا دروستیان دەكەم".
نیگار باسی لەوەشكرد: "كۆمەڵێك جۆر شیرینیش دەزانم ئەوانەش داواكارییان زۆرە و زۆر جار بۆ چَشتخانەو ریستۆرانتیش خواردن و شیرینی دروست دەكەم و بەمەش بڕە پارەیەك پەیدا دەكەم و هاوكاری هاوسەرەكەمی پێدەكەم و ئەویش كارەكەی لا ئاساییە و لەماڵی خۆماندا تەواوی دەكەم و ئەو بە ئۆتۆمبێلەكەی كاری گەیاندنم بۆ دەكات".
ئەو خانمە باسی لەوەشكرد: "سەختی ژیان و گۆڕانی دۆخی ئابوری كاریگەری زۆری بەسەر خێزانەكانەوە هەبووە، هەر بۆیە لە بری كاری خراپە مرۆڤ پێویستە بیر لە كارێك بكاتەوە جێی پرسیار نەبێت ئەوەی منیش دەیكەم ئاسودەم پێی".
چالاكێكی رێكخراوەیی ژنانیش رونیدەكاتەوە قەیران هۆكاری سەرەكییە لە كاری ژنان بەو جۆرە:
كوردستان خالد بەرپرس لە یەكێتی ژنانی كوردستان و چالاك لە بوارەكانی ژنان بۆ (هەواڵ) وتی: "لەمڕۆدا ژیان ئەستەمە بەهۆی گرانی بازاڕو نەبوونی جموجۆڵی كارو كرێكار ئەمەش وای كردووە كە پەیدانكردنی بژێوی ژیان ئەگەر بۆ ژیانێكی ئاسایش بێت سەخت و دژوار بێت".
ئەو چالاكەی ژنان رونیشیكردەوە:  "گەر چی لەسەرەتای ژیانەوە ژن هاوكاری پیاو بوە، بەڵام بە پێی سەردەم كارەكان جیاواز و گۆڕاون و لە ئێستادا ئاستی رۆشنبیری كۆمەڵگە بەرەو پێشچووە و بەدەر لەوەش دۆخەكە وادەخوازێت".
هەروەها وتی: " گەرچی پێشتر تەنها ژنی خاوەن بڕوانامە دەیتوانی داهات یاخود موچەیەكی هەبێت، بەڵام ئێستا ژنان لەماڵەوە كاردەكەن و بژێوی پەیدادەكەن بەهەمووبوارەكانەوە"، رونیشیكردەوە: "وەك رێكخراو كارمان كردووە لە روی هەلی كارەوە بۆ ژنان، بەجۆرێك كە چەندین خولمان كردۆتەوە بۆ ژنان و كچان لە كەركوك وەك فێركردنی خولی درومان تا لەروی مادی و داهاتەوە بتوانن شتێك بۆخۆیان دابین  بكەن".
كوردستان خالد ئاماژەی بەوەشدا "لەرووی بەرزكردنەوەی مەعنەویات و بڕوا بەخۆبوونیان چۆن بتوانن كارەكانیان بخەنە بازاڕەوە و كردنەوەی پێشانگەی كاری دەستی ئەو ژنانەی كە فێربوون تا بینەر و كڕیاری هەبێت هاوكاریانین"، وتیشی: "ئەو ژنانەی بەشداردەبن كە توانایان هەیە شت دروست بكەن و هاوكاریان نییە، ئێمە هاوكاریانین تا كارە دەستیەكانیان نمایش دەكرێن و دەرگا واڵا دەكەین بۆ بردنە پێشەوەی بەرهەمەكانیان".
یوسف محەمەد شارەزا لە بواری ئابوری دەربارەی ئەو جۆرە كارەی ژنان لە ماڵدا وتی: "دۆخی ئابوری زۆر كاریگەری هەیە بەسەر ژیانی تاكەوە چ نێر بێت یاخود مێ گرنگ ئەوەیە بەشدارن لە بەڕێوەبردنی ژیان"، ئەو ئابوری ناسە باسی لەوەشكرد: "كاركردنی ژن شارستانییە و لەئێستاشدا بەو جۆرە كاردەكەن لەماڵەوە بە خواردن و شیرینی و درومان و جۆری تر ئەركێكی مرۆیی و كۆمەڵایەتی مەزن ئەنجام دەدەن".

‌ 416 جار بینراوه‌
9/23/2017 1:46:52 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved