»  شەکری تاڵ
فەلەستین عەرەبییە ئیمە كوردین حەقمان نییە




بیرمە كە خوێندكاری قۆناغی ناوەندی و دواناوەندیەكان بووین، سەردەمی بەعس پاسیان دەهێنایە بەردەم قوتابخانەكان و وەك مێگەلە مەڕ كۆیان دەكردینەوەو دەیانبردین بۆ گۆڕەپانی (الادارە المحلیە)و تا ئێوارە بە سكی برسی و ماندوویی نان و پیازی بەناو نیشتمانپەروەرییان بە ئێمەوە دەخواردو زۆربەی خوێندكارە كوردەكان كە عەرەبیشیان نەدەزانی تەقەی سەریان دەهات و ناچار دەبوون لەتەوەرەكە دەردەچوون نوكتەیان دەوت، ئەو مەسیرەیەی بەقورمیشی بەعس و لەسەر حسێبی باری دەروونی ناهەمواری خوێندكاران بەرێوەدەچوو، جگە لە “عەفییە”یەكی سەركردەكان بە پیاوانی خوار خۆیانەوە هیچی تری لێ نەدەكەوتەوە. 
ئەمڕۆ هەمان ئەو واقیعحاڵەی حەفتاكان و هەشتاكان دووبارە دەبێتەوەو بە هەمان كارتی سوتاوی ئەو سەردەمە گەمە بە دەروونی مرۆڤە هەژارو بەدبەختەكانەوە دەكرێت، ئەوە دەبینین لە سلێمانی پاسێكی زۆریان بەكرێ گرتووەو لە كۆمەڵگەی نیشتەجێی نازحەكان و ئاوارە كوردەكانی رۆژاڤاو شارەكانی ترەوە خەڵكییان پەلكێش كردۆتە “مەلعەبەكە” بۆ ئەوەی لەبەردەم كامێرای میدیاكاندا وای پیشانبدەن كە سلێمانی شارێكی پشتیوانی پرۆسەیەكی تاكە كەسییە، سلێمانی شارێكی زیاتر چاوكراوەو رۆشندیدەو نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر هەموو جووڵەو متبوونێك و پێویستی بەوە نییە بێن و بە خۆڕایی ریكلامی بۆ بكەن، وەك شیخ رەزاتی تاڵەبانی دەڵێت: 
“بەبیرم دێ سلێمانی كە داولمولكی بابان بوو  -  نە مەحكومی عەجەم نە سوخرەكێشی ئالی عوسمان بوو”.
سلێمانی دامەزرێنەری میرنیشینی بابانە كە هەر لە سەرەتاوە نەخشەی شاری بۆ كێشراوەو رێگەوبان و ئاوو ئاوەڕۆی خۆی هەبوەو هاوكات تاكە شارێكی كوردستانییە بۆ یەكەمجار پیشەسازی سابوون و تەون و كەتیرەی تێداكراوە جگە لە چنین و شتی تر كە لەو سەردەمەدا زۆربەی شارەكانی ئەوروپا ئەوەشیان لەتوانادا نەبووە، سلێمانی یەكەم حكومەتی كوردستانی لە سەردەمی مەلیك مەحمود دامەزراندووەو بە سەدەیەك پێش ئێستا دراوی تایبەت بە خۆی بۆ چاپكراوە بەڵام دواتر بە فیتی بەریتانیاو كەتنی توركیا ئەو پارەیە بەر لەكەوتنە بازاڕ رەتكراوەتەوەو كوژێنراوەتەوە، سلێمانی شاری سروودی نەورۆزی پیرەمێردو دەمی راپەڕینەی گۆران و ئەی دلێرانی بێكەس و هەر كوردمی ئیبراهیم ئەحمەدە، سلێمانی خاوەنی پاركی ئازادییە كە سەردەمانێك ناوی “حامییەكە” بووەو رۆڵەكانی لەپێناو ئازادیدا لەوێ خنكێنراون و گوللەبارانكراون، سلێمانی ئامێزی مێژووی بەردەركی سەرایە كە یەكەم شۆڕشی ئەیلول لە 6/9/1930 لەو شەقامەدا هەڵگیرساوەو رۆڵەكانی كردۆتە قوربانی ئازادی. سلێمانی خاوەن شەهیدەكانی بواری رۆشنبیری و هونەری كوردەو هەر یەك لە كەڵەپیاوانی وەك دڵشاد مەریوانی و قادركابان و شاكر فەتاح تیایدا سەری پڕ گەوهەریان كردۆتە قوربانی. 
ئەم بەڵگە مێژووییانە مشتێك نابن لە خەرواری لەبن نەهاتووی ئەو شارە شۆڕشگێرەی وێرای كوردبونیی میللەتەكەی، مێژووی تایبەت بە خۆی هەیەو لە هیچ شارێكی تری تێكرای كوردستان ناچێت، بۆیە دەڵێم ئەوەی كردتان ریكلام بوو بۆ خۆتان.. سلێمانی پێویستی بە فووی ریكلامی هیچ كەس و لایەنێك نییە، تا باڵۆن ئاسا گەورە پیشانی بدەن و ناخی پڕ بكەن لە بۆشایی.

 ئیمزا
عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ

‌ 2077 جار بینراوه‌
9/23/2017 1:52:38 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved