»  کوردستان
بەرپرسێكی یەكێتی: توركیا چاوەڕوانی هیچ هەڵوێستێك لە هەرێم ناكات
 رەوان تاڵیب


بەرپرسێكی یەكێتی لە بادینان  مەترسی ئەوەی هەیە ئەو هێزەی توركیا كە لە ئیبراهیم خەلیل جێگیری كردووە خاكی هەرێم ببەزێنن و دەستوەربدەنە كاروباری كەركوكەوە". 
عەلی مستەفا، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆكی (ی ن ك)، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:"ئەو هێزەی توركیا كە لە سنوری ئیبراهیم خەلیل لە ناوچەی سلۆپی جێگركراون مەترسی ئەوەی لێدەكرێت نیەتی ئەوەیان هەبێت سنوری هەرێمی كوردستان ببەزێنن"، روونیشیكردەوە:"توركیا چاوەڕوانی هیچ هەڵوێستێكیش لە حكومەتی هەرێم ناكات، چونكە ئەوان حزووریان لە ماوەی 26 ساڵی رابردووشدا لە هەرێمی كوردستان هەبووە".
بەوتەی عەلی مستەفا بەهۆی ئەوەی لە ناوچەی بادینان دەسەڵات بەدەستی یەكێتییەوە نییەو بڕیار بەدەستەكانی ئێرە كە پارتین هیچ كاتێك گوێ لە ئێمە ناگرن،  بۆیە كە پەرچە كرداریشمان هەبێت یان نا ئەوە هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێ، چونكە لە بابەتی ئەمنیش پرس بە ئێمە ناكرێت".
هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"پارتیش بەهیچ شێوەیەك هەڵوێست و پەرچە كرداری بەرانبەر ئەو هێزەو هێزەكانی دیكەش نەبووە كە پێشتر  هاتوونەتە ناوچەكەو  بوونەتە مایەی مەترسی لە سەر هەرێم".
عەلی مستەفا، باسی لەوەشكرد:"لەسەرەتاوە لەكاتی كۆكردنەوەی ئەو هێزە لە سنوری سلۆپی كە ئەو هێزە نوێیەی لێ جێگیركراوە بۆ ناوچەكانی باشیك كە ساڵی رابردوو هێزێكی زۆری توركی لێ جێگیركرا زۆر دوور نیەو نزیكەی 70 كیلۆمەتر لەیەكترەوە دوورن، بۆیە توركیا هەر كاتێك بیەوێت كە ئەو هێزانە یەكبگرن ئەتوانێت راستەوخۆ مەترسی دروستبكەن بۆ سەر هەرێم و بۆ سەر كەركوكیش كە توركمانی لێیە".
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆكی (ی ن ك)، ئەوەشی نەشاردەوە:" توركیا ویلایەتی موسڵ بەهی خۆی دەزانێت و تا ئێستاش مەترسی ئەوە هەیە فشارێك بكەنە سەر هەرێم و كەركوكیش، بۆیە ئەو هێزە جێگای گومان و مەترسیە كە بەبیانووی پاراستنی توركمانەكانی كەركوك جوڵە بەهێزەكانی بكات.

‌ 332 جار بینراوه‌
9/23/2017 2:06:16 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved