»  کاتژمێر یازدە
با رایگەیەنێت چش لە ئێمە
شوان داودى




بێدەنگی لە هەڵوێستە قورسەكاندا دەبێتە مایەی رێز بە پێچەوانەوە ململانێ و مشتومڕ دەبێتە مایەی رق و كینە. 
لەم سۆنگەیەوە ماوەی چەند هەفتەیەك پێش ئەنجامدانی پرۆسەی راپرسی، من بێدەنگیم هەڵبژارد، خۆم لە راگەیاندنەكان بەدوورگرت و هیچ لێدوانێكم نەداو نەچوومە هیچ بەرنامەیەكەوەو خۆم لە هەموو چەلەحانێیەك دزییەوە، تەنانەت وتارە رۆژنامەنووسیە هەفتانەكەشم راگرت.
ئێستا تەمەنم پەنجا ساڵەو لە تەمەنی (14) ساڵیەوە تێكەڵی بزووتنەوەی كوردایەتی بوومە، واتە (36) ساڵە بێ دابڕان ئاگاداری قۆناغەكانی بزووتنەوەی رزیگاریخوازی گەلەكەمم و خوێندنەوەی خۆم بۆ هەموو سەركەوتنەكان و نوشستەكان هەیە، لە ژیانمدا بە ئەندازەی ئێستا هەستم بە مەترسی نەكردووە. 
دونیایەك تێبینم لەسەر پرسی ریفراندۆم هەبوو، لە راگەیاندن و بە ئاشكرا قسەم لەسەری نەكرد نەوەك تەفسیری تری بۆ بكرێت و خوانەخواستە بخرێتە بەرەیەكەوە كە لەگەڵ مێژووی خەباتم نایەتەوە، قسەكانم هێشتەوە دوای ئەنجامدانی پرۆسەكە.
راستییەك هەیە لە عێراقدا دەبێت هەمووان دانی پێدا بنێین، ئەگەر تا ئێستا رایەكی جیاواز هەبووبێت لە دوای 25ی ئەلول و بە تەواوەتی یەكلایی بۆتەوە ئەویش ئەوەیە لەم وڵاتە تەنها دوو كەس سیاسەت دەكەن و رووداو دروستدەكەن و پرسەكان دەجوڵێنن و یاری بە داشەكان دەكەن، هەموو هێزو لایەن و كوتلەو كەسایەتییەكان بەدوای خۆیاندا پەلكێش دەكەن، دوو كاراكتەری هەرێمایەتی بە هێزن لە لایەن دوو وڵاتی گەورەی ناوچەكە ئێران و توركیاوە پشتیوانی دەكرێن و جەمسەرو ئایدیاو ستراتیژی ئەو دوو وڵاتە ئاشكراو روونن، ئەو دوو كەسەش پێمانخۆش بێت یان ناخۆشبێت مالیكی و بارزانیە،  بارزانی دوای ئەو هەموو نەهامەتییەی بەهۆی مانەوەی لە كورسیەكەی بەسەر گەلەكەمانیدا هێناوە، كوردستانی دووچاری دەیان قەیران و داڕمانی متمانە كردۆتەوە لە (7)ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بڕیاری راپرسی دەدات و كاتەكەی دیاریدەكات و تا كاتژمێری دوازدەی شەوی 24ی ئەیلول  هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی بەدوای خۆیدا پەلكێشكرد، سەرباری هەموو ئەو قسەو باسانەی لە شەقامی هعێراقیدا لەسەر مالیكی پێ تۆمەتباردەكرێت، بەڵام تا ئەو لەسەر پرسی ریفراندۆم قسەی جدی نەكرد هیچ هێزو لایەنێكی سیاسی عێراقی بە حكومەتی عێراقیشەوە قسەیان نەبوو، دوای بەیاننامەكەی مالیكی ئەوجا حیزبی دەعوەو سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی قانون و نووسینگەی حەیدەر عەبادی هاتنە سەر خەت، دوای ئەوانیش حەكیم و سەدرو عامری و ... هتد، لە پەرلەمانیش هەموو كاردانەوەكان لەلایەن كوتلەكەی مالیكییەوە دەجوڵێنرێن و ئەوان عەڕابی بریارەكانن، عەبادی و جبوری و كوتلەكانی تر تەنها گوێگرو جێبەجێكارن. 
ئەم دوو كاراكتەرە كە بە پێی بەڵگەنامەیەك كە لە لایەن هەردووكیانەوە واژۆكراوە لەكاتی رێككەوتنیان لەسەر كابینەی دووەمی مالیكی عێراقیان بەسەر خۆیاندا دابەشكردووە، لەكاتی شەڕو لەكاتی ئاشتییاندا زۆر خزمەت بە یەكتر دەكەن و لەكاتی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانیش یەك دوو پرس دەجووڵێنن و هەر یەكەیان لە شەقامی خۆیاندا دەبنەوە بە پاڵەوانی بێ ركابەر، لەم پرسی ریفراندۆمەشدا جارێكی تر ئەم دوو زاتە موبارەكە بوونەتەوە بە پاڵەوانی نیشتمانی! 
من لێرەدا دەمەوێت ئێستێك بكەم و هەڵوەستەیەك لەسەر شارەكەم و حزبەكەم بكەم، پێموایە كەركوك وەكو شارو یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەكو حزب زەرەرمەندی یەكەمن، كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی تر ناوچەی هەژموونی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن، یەكێتی لە كۆی (21) ئەندامی پەرلەمان لە نوێنەرانی عێراقدا (10) كەسیان نوێنەری ئەو ناوچانەن كە (6)یان هی كەركوكەو پێگەی جوگرافی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەژێر هەژموونی ئێراندایە، جگە لەوەی لە هاوكێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتیەكاندا یەكێتی سەر بە جەمسەری ئێران ئەژمار دەكرێت.
بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی، كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی لێدەربهێنە لە سەرتاسەری عێراقدا راپرسی گشتی بۆ جیابوونەوەی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە، یان بۆ هێڵی سەوزی پێش 9/4/2003 بكە، دەنگی بەڵی دەهێنێت، كێشەی كورد لە عێراقدا ئەو ناوچانەن، لەو ناوچانەش گرفتی ئیتنی هەیە، پێكهاتەكانیان بایكۆیان كردووە، ئەگەر بەڕێژەی (100%)دەنگی بەڵێ بهێنێت هیچ بەهایەكی نییە، بەپێی دەستورو یاساش ئەم ناوچانە بە هاوبەشی لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبرێت و لەدوای هاتنی داعش دەرفەتێك رەخسا كورد بە تەنها ئەم ناوچانە بەڕێوەبەرێت، بەداخەوە سەركەوتوونەبووین لە بەڕێوەبردنیدا، راستە چەندین تەلارو پردی كۆنكرێتی بۆ جوانكردنی سیمای شار دروستكراوە، لە بەرانبەردا ئەو پردی متمانەیەی جەنابی مام جەلال لە نێوان پێكهاتەكانی شارەكەدا دروستی كردبوو رووخێنران و ناخی پێكهاتەكانی تر بەرانبەر بە كورد رەشكران، بۆیە پێموایە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان قوربانی یەكەمی دۆخەكەن و ئەوەی تا ئێستا بۆمان چۆتەسەر لە ئێستا بەولاوە ناتوانین، یەكێتیش وەكو حزب لەم هاوكێشەیەدا دوو رەگەزی گرنگی لە دەستدا:
یەكەم؛ كەركوكی لەدەست دەردەچێت كە ئێستا پێگەی سەرەكییەتی.
دووەمیش؛ دۆستایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەدەستدەدات كە هەمیشە لە قەیرانەكانماندا بەهانامەوە هاتووە.
بەدەر لە بەرژەوەندی حیزبیمان و زیان و مەترسییە چاوەڕوانكراوەكانی سەر شارەكەمان، ئەو با سەربەخۆیی رابگەیەنێت چش لە ئێمە هەمووی بە قوربانی خواستەكانی بارزانی بن، من خوازیارم هەر سبەینێ سەربەخۆیی رابگەیەنرێت و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان تووشی داڕووخانێكی روحی تر نەكرێن كە ئاسەوارەكانی سەدان جار بارتەقای ئاشبەتاڵی شۆڕشی ئەیلول و نسكۆی 1975 دەبێت.



‌ 4807 جار بینراوه‌
9/30/2017 9:56:27 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved