»  وتاری هەفتە
كەركوك لە نێوان بڕیارە شۆڤێنییەكانی بەغداو لێدوانە ناڕوونەكانی هەولێردا
بورهان حاجی سلێمان



چوارشەممەی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری ژمارە (55)ـی تایبەت بە راپرسییەكەی هەرێمی كوردستان دەركرد كە خۆی لە 13 خاڵی هەڕەشەو سزا ئامێز دەبینێتەوە، وەكو هەمیشە ئەمجارەش ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان بە گشتی و شاری كەركوك بەتایبەتی لەو گەلەكۆمەو پیلانگێڕییەدا پشكی شێریان بەركەوت، بەڵام شێرێكی بەدبەخت كە هەمیشە دەبێت بە تەنیا بمێنێـتەوە و بە برینداری شەڕی هەمووان بكات و باجەكەشی بدات.
ئەوەی سەیرە لەم بڕیارە شۆڤێنییانەدا ئەوەیە دەهۆڵی شەڕ و سزادانی هاوڵاتیان لە دەزگایەكی بەناو دیموكراسیەوە لێدەدرێت و پێشێلكردنی دەستوری عێراق و مافەكانی مرۆڤیش لە پەرلەمانێكەوە دەردەچێت كە سەرجەم ئەندامەكانی لە رێگەی پرۆسەیەكی دەنگدانەوە چوونەتە هۆڵەكەوەو كورسییەكیان داگیركردووە.. نامۆتر ئەوەیە ئەنجومەنی نوێنەرانی گەل لە حكومەت توندتربێت كە ئەمەش پێشهاتێكی زۆر مەترسیدارە، چونكە لەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا ئاساییە بەلای حكومەتە دواكەوتووەكانەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسییەكان پەنا ببنە بەر هێزو چەك، بەڵام لە عێراق پێچەوانەكەی دەبینین و هێشتا هەڵوێست و گوتاری حكومەت نەرمترە لە پەرلەمانە شەڕانگێزەكەی.
من بە تەنها ئەو بڕیارانە بە مەترسی نازانم بۆ سەر كەركوك، بەڵكو ئەوەی ئومێد بڕی كردووم ئەو دۆخەیە كە لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت، ئێستا گوتارو سیاسەتێكی زۆر ناڕوون لە هەرێم پەیڕەودەكرێت، لە رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەوە لەسەر زاری هەردوو بارزانیەوە ئەوە بە بای گوێماندا دەدرێت كە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نییەو تەنها بۆ ئەوەیە جیهان لە خواستی گەلی كورد تێبگات و ئەگەر نا ئەمڕۆ و سبەی و دوو سبەی ئاڵای عێراق شان بە شانی ئاڵای كوردستان لە پشتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە هەر دەمێنێت، هەرچەندە برادەران ئەو لێدوانانە بە هونەری سیاسەت كردن و هەڵخەڵەتاندنی دوژمنان و هەموو جیهان دادەنێن، بەڵام هیوادارم ئەو نەرمییەی هەرێمیش كە سەبارەت بە پرسی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان لە بەرانبەر بڕیارەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق نواندوویەتی، بە هەمانشێوە گەمەی سیاسی بێت نەك سیاسەتی پاشگەزبوونەوە، چونكە ئەو سازشانە ئەگەر راست بن ئاماژەگەلێكی ترسناكن بۆ زنجیرەیەك سازشكردنی زیاتر سەبارەت بە خاڵەكانی دیكەی بڕیارەكەن ئەمە لە كاتێكدا لۆژیك وایە دوای ریفراندۆم سەقفی داواكارییەكانی هەرێم بەرزتر بكرایەوە نەك دەستبەرداری هەندێ دەسەڵاتی دیكە بێت كە پێشتر وەكو دیفاكتۆیەك بەدەستی هێنابوو. 
لەناو ئەم هەموو مەترسیانەشدا هێشتا رۆڵی یەكێتی وەكو حیزبی دەسەڵاتدارو زۆرینە لە كەركوك بە تەواوی نادیدەیە، كە ئەگەر لەگەڵ ئەم پرسەش بە هەمانشێوەی پرسی ریفراندۆم مامەڵە بكات و تا دوا ساتەكان نەتوانێت بڕیاربدات و خەڵكی خۆی سەرلێشواوتر بكات، ئەوە رەنگە بەیانییەك لەخەو هەڵسێت و بەڕەكەی كەركوك لە ژێری دەرهێنرا بێت، ئەوجا تێبگات كە ئەم هەموو مانۆڕو سیناریۆیانە بۆ مەقەست كردنی باڵەكانی ئەو بووە، تاكو جارێكی دیكە نەتوانێت بەسەر قەڵاكەی كەركوكدا جارێكی دیكە بفڕێت.
  



‌ 3352 جار بینراوه‌
9/30/2017 9:58:18 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved