»  راپۆرت
یەكێتی و گۆڕان داوا دەكەن كەركوكیش لە پەرلەمانی كوردستاندا نــوێنـەری خـــۆی هــەبێت
ئا/ سەنگەر كاكۆ


داوا دەكرێت كار بۆ بەشداری پێكردنی شاری كەركوك لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا بكات و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت “ناكرێت پەرلەمانی كوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی كەركوك بدات و نوێنەری كەركوكیشی تێدا نەبێت” لە بەرانبەردا بەرپرسێكی گۆڕانیش دەڵێت “ یەكێتی و گۆڕان پێشتریش جەختیان لە گەڕانەوەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان كردۆتەوە” چاودێرێكی سیاسیش پێیوایە “ وەكو چۆن كەركوك دەنگی بە بەڵێ بۆ كوردستان دا، دەبێ هەرێمی كوردستانیش بڵێ بەڵێ بۆ كەركوك “.
لە دوای پرۆسەی روخانی رژێمی بەعس و ئازادی شاری كەركوكەوە، ئەو شارە بێبەشە لە بوونی نوێنەر لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمەش لە كاتێكدایە نەوتی شارەكە لە لایەن هەرێمەوە بەكاردێت و لە پرۆسە جیاجاكانیشدا بەشداریان پێدەكرێت، دەرهاویشتەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداش كاریگەری بۆ سەر شارەكە هەیەو هەمیشە باجی كوردبوون دەدەنەوە. 
شوان داودی پەرلەمانتاری (ی ن ك) لە  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” لە راستیدا  غەدر لە كەركوك و كەركوكییەكان كراوە، كە لەماوەی رابردوودا تائێستا مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنیان بۆ پەرلەمانی كوردستان نەبووە”.
داودی وتیشی:” لەبەر ئەوەی پەرلەمانی كوردستان تاكە مەرجەعە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەكان، بەو پێیەی دۆزی كەركوك پرسێكی ستراتیژی چارەنوسسازە بە نیسبەت كوردەوە، ناكرێت پەرلەمانی كوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی كەركوك بدات و نوێنەری كەركوكیشی تێدا نەبێت”.
شوان داودی نەشیشاردەوە:” ئێمە وەك یەكێتی ئەم داواكارییەمان هی ئێستا نییە، بەڵكو لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە ئەم داوایەمان كردووە بەوەی خەڵكی مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنی بۆ پەرلەمانی كوردستان هەبێت، بەڵام بە داخەوە گوێمان لێ نەگیراوە”.
ئاشكراشیكرد:” وەكو یەكێتی پێشتریش پرۆژەیەكمان لەو بارەیەوە هەبووەو لە رێگای فراكسیۆنەكەمانەوە بردوومانەتە پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە هیچ فراكسیۆنێكی تری پەرلەمان پشتگیری نەكردین و لەبەر ئەوە ئەو داواكارییە رووناكی نەبینی”.
وتییشی:” ئێستا كاتی خۆیەتی جارێكی تر ئەو داوایە بخەینەوە بەردەم خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێتە  خەڵكی كەركوك بۆ بەشداریكردن و خۆپاڵاوتن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، بە پێچەوانەوە هیچ بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان لەسەر چارەنوسمان بە هەند وەرناگرن.
لەو بارەیەوە محەمەد نەسرەدین، سكرتێری مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” من پێموایە لە ماوەیەكی نزیكدا راستگۆیی دەسەڵاتی سیاسی كوردی لەگەڵ خەڵكی كەركوك روون دەبێتەوە”.
وتیشی:” ئەو مەترسیانەشی ئەمڕۆ رووبەڕووی خەڵكی كەركوك دەبنەوە دەرفەتی بەشداریكردنی كەركوكو ناوچە دابڕێنراوەكان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمدا زیاتر دەكەن”.
راشیگەیاند:” یەكێتی و گۆڕان پێشتریش جەختیان لە گەڕانەوەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان كردۆتەوە، یەكێكیش بوو لەو حەوت خاڵەی كە یەكێتی پێشكەشیكرد بۆ بەشدارپێكردنی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم، هیچ لایەنێكیش دژی بەشداریكردنی ئەو ناوچانە نەبوو”.
محەمەد نەسرەدین باسی لەوەشكرد:” لە ئایندەیەكی نزیكدا تاقیكردنەوەیەك لە مانگی یازدە دەكەوێتە پێشمان و ئەویش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمە ئەوكات بە تەواوەتی روون راستگۆیی هەرێم بەرانبەر بە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان دەبێتەوە “.
ئاماژەی بەوەشكرد:” لە پرۆسەی ریفراندۆمدا كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بە دەنگی (بەڵێ) پێش شارەكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك دەكەون و پێشەنگ دەبن”.
وتیشی:” وەك بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە پێشینەی كارەكانمان بووە”.
محەمەد نەسروەدین وتی:” لەمەودوا كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان مافی ئەوەیان هەیە لەسەرجەم پرسەكاندا رۆڵ و بەشدارییان هەبێت، بەتایبەتی ئەو پرسانەی كە ئیرادەی خەڵك تێیدا رەنگدانەوەی دەبێت، هەوڵێكیش دەبێ بۆ گەڕانەوەی كەركوك بۆسەر هەرێم”.
چاودێرێكی سیاسیش پێیوایە، مادام خەڵكی كەركوك دەنگی بەڵێ بوو بۆ كوردستان، دەبێ هەرێمی كوردستانیش بڵێ بەڵێ بۆ كەركوك.
ستران عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی لەو بارەیەوە بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” لەبەر ئەوەی خەڵكی كەركوك لە پرۆسەی ریفراندۆمدا دەنگی بە بەڵێدا بۆ هەرێمی كوردستان، پێویستە هەرێمی كوردستانیش بەشدارییان لەو پرسانە پێ بكات كە پەیوەندییان بە كوردستانەوە هەیە”.
ستران عەبدوڵڵا وتیشی:” هەر لەبەر ئەو هۆكارانەی كە باسمان كرد، دەبێ هەرێمی كوردستانیش بڵێ بەڵێ بۆ كەركوك”.
ستران عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەشكرد:” وەكو خەڵكی كەركوك نازمانەو شانازیشمانە كە دەبێ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەین، ئەی كەركوكیان بۆچییە، تەنها بۆ (بەڵێ)ـیانە، ئەی نابێ هەرێمی كوردستانیش بڵێ بەڵێ بۆ كەركوك”.




‌ 119 جار بینراوه‌
9/30/2017 10:02:25 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved