»  باکور
ئەردۆگان و یاسای ئامانج پاساوە بۆ ئامراز
شنۆ هیرانی

یەكێ لە پرسە هەرە گرنگەكانی كە ئەردۆگان لە ئێستادا پێوەی نیگەرانە، نزیك بونەوەی وادەی دووبارە هەڵبژاردنە گشتیەكانی توركیاو ئەگەری بەدەستهێنانەوەی رێژەیەكی زۆری دەنگەكانە لەلایەن هەدەپە.
سەرەڕای هەموو فشارەكان و قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە زۆربەی شار و شارۆچكە كوردییەكان، بەربەستكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دەوڵەتی توركیا، هەدەپ لە دواین پێشهاتدا بە شێوەیەكی بەرچاو ئاستی جەماوەری لە بەرزبونەوەدایە كە ئەگەر هەیە زیاتر لە پێشووتر دەنگ بەدەستبهێنن.
ئەردۆگان پێی وایە ڕێوشوێن و چۆنیەتی هەڵسوكەوتكردن لە ناو سیاسەتدا دووشتی زۆر گرنگن بۆ دیاریكردنی ئاراستەی ئامانجی هەر سیاسەتێك، بۆیە سیاسەتی ئێستای كە بە یاری كردن بەسەر چەند پەتێكەوە دیار دەبێت یاسای ئامانج پاساو بۆ ئامراز پەیڕەو دەكات، ئەردۆگان كە بە ئەندازیاری پرۆسەی ئاشتی نێوان كوردو تورك دادەنرا لە ئیستادا هەرچیەكی لە دەست بێت دریخی لێ ناكات لە سەركوتكردنەوەی كوردان بۆ ئەوەی نەبن بە قەوارەیكی سیاسی بەهێز لە ناو پێگەكانی بڕیاردان لە توركیاو ترسی ئەوەی هەیە پرسی كورد بە زەبری هێزی جەماوەری كوردان بە یاسایی بكرێت ئەو تابۆیەی سەدان ساڵە هەیە تێك بشكێت و ئیرادەی كورد سەربكەوێت.
 دەسەڵاتدارانی ئاكەپە لەم دواییانە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدابوون وا نیشانی ڕای گشتی بدات كە ئەوان دەیانەوێت بەردەوامی بەبەرەو پێشەوە چونی قۆناغی ئاشتی بدەن، كەچی پێچەوانەكەی لە ئێستادا حكومەت و ئەردۆگان بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەستەنگی دەخەنە بەردەم پرسەكە.
 ئامانجی دەسەڵاتدارانی توركیا بە ئەردۆگانیشەوە بۆ مەسەلەی ئاشتی، گرنترین خاڵ ئەوە بوو كە پەكەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی بێ چەك بكرێت، ئەگەر ئەمە دەستەبەربكەن ئەوە لە ڕوانگەی خۆیانەوە پێیان وایە پرۆسەی چارەسەری پرسی كورد ئامانجی خۆی پێكاوە، چڕكردنەوەی هەموو هەوڵكانی حكومەت بەم دواییانە بەتایبەتی پێش وادەی دووبارە هەڵبژاردن هەموو ئاماژەن بۆ ئەو بۆچوونە، كە ئەمەش بە بەشێك لە تاكتیكی سیاسی و كاتی لە قەڵەم دەدرێت، نەك وەك پرۆسەیەكی ستراتیژی ودیاری كردنی چارەنووسی نەتەوەیەكی جیاواز لەناو توركیا. بەدرێژایی ئەم دووساڵەی ڕابردوو كە پرسی چارەسەری هاتۆتە گۆڕێ، ژمارەیەك هەڵبژاردن لە ناو توركیا بەڕێوەچوون كە هەریەكەیان بەتایەتی بۆ ئاك پارتی یەك لە یەكتری چارەنوسسازتر بوون، پرسی كوردیش لەم نێوەدا یەكی بوو لە كارتە هەرەبەهێزەكانی بردنەوەی هەڵبژاردنەكان.
ئاك پارتیش هەر لەم سۆنگەیەوە مامەڵەی لەگەڵ پرسی كورد كردووەو دەكات و كێشەی كوردیش تەنها كێشەیەكی كەلتوری و كۆمەڵایەتی رووتەوە هیچ باگڕاوندێكی سیاسی و یاسای و دەستوری لە توركیادانیەو ڕاستیەكە ئەوەیە كە لەهزری ئەردۆگاندا هەر ئەو بۆچونە ڕاستەقینە هەبێت كە هیچ پرسێكی وا جددی نەبێت بە ناوی پرسی نەتەوەیەك بە ناوی نەتەوەی كورد.
بەتێپەڕ بوونی كات پلانەكانی حكومەتی ئاك پارتی و هەوڵەكانی بۆ مانەوە لەسەر دەسەڵات بە شێوەیەكی ڕەها دەچنە بواری واقیعەوە ، لە كاتێكتدا كەمتر لە یەك مانگ ماوە بۆ وادەی دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن.
ئەردۆگان دەیەوێت گوریسەكە لە ملی كوردان توندتر بكات بە بەردەوامی شەڕ لە ناوچە كوردییەكان و دروستكردنی كێشەی تەكنیكی، بۆ ئەوەی كوردان نەتوانن ئەمجارە بە هۆی ئەم پرسانەوە بەربەستی %10ی هەڵبژاردنەكان تێپەڕێنن، ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە ئەمجارەش ئاك پارتی دەیەوەێت گرەوی سەركەوتنی خۆی لەسەر دۆڕاندنی كوردان بباتەوە.
توركیا لە ساڵی 1923 واتا لە دامەزراندنیەوە تا ساڵی 2002 هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێدان، بۆ شانزە جار دەستاو دەستی دەسەڵاتی كردووە كە لەوانە پێنج جار بە كودەتای سەربازی بووە، بەڵام هەمیشە لە سەر پایەكانی علمانیەتی دەوڵەت ماوەتەوە. هەرچەند ئایدۆلۆژیای فاشیزمی توركی هەمیشە زاڵ بووە، كوردان لە نێویدا تووشی سەركوتكردن و چەوساوە بوونە، بەڵام ئەوەی ئێستا روودەدات هیچی لە لە ڕابردوو كەمتر نیە، چونكە لە فەرهەنگی سیاسی توركیادا بە هیچ شێوەیەك جێگەیەك بو قەوارەیەكی سیاسی و یاسایی بۆ كورد بە تایبەتی و ئینجا كەمینە نەتەوەكانی تر نیە.
 لەسەر حسابی كورد سەركەوتنێكی تریش لەم هەڵبژاردەی داهاتوو بە دەستدەهێنن بۆ ئەوەی بتوانن سیستمی سیاسی وڵات بگۆڕن.
لێرەدا ئەوەی بەڕاستی بۆ كورد گرنگە بەهەر بارێك بێت ئەم پرۆسەیە بگات بە ئەنجامێك كوردیش لە دۆخی ئێستادا بگات بەهەندێك لە مافەكانی، بەلانی كەم ئەوەی لە سایەی ئەم قۆناغە بەدەست هاتووە نەگەڕێتەوە دواوەو و كورد نەگەڕێتەوە سەردەمانی ساڵانی نەوەد و هەشتاكان.
ماوەتەوە بڵێین كە ئەم پرسە زیاتر لەوە چاوەڕوان دەكرێت كات دەخایەنێ و چونكە مەسەلەكە تەنها بردنەوەی هەدەپ نیە ، بەڵكو ئەوەیە ئایا ئەتوانرێت درێژە بە پرۆسەی ئاشتی بدرێت لەگەڵ حكومەتێك كەهەمیشە بە باری سیاسەتی رۆژانە مامەڵە لەگەڵ پرسەكە كردووە ..
 


‌ 26918 جار بینراوه‌
10/10/2015 11:29:26 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
1
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved