»  کوردستان
كەس خۆی ناكاتە خاوەنی دوای چوار ساڵ هێشتا پرۆژەی كامێرای چاودێری كەركوك تەواو نەبووە
 رەوان تاڵیب


تا ئێستا پرۆژەی كامێرای چاودێری لە كەركوك تەواو نەبووەو سەرۆكی ئێستای لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش دەڵێت من ئاگاداری ئەو مەلەفە نیم و سەرۆكی پێشووی لیژنەكەش دەڵێت من سێ ساڵە لەو لیژنەیە نەماوم وئاگاداری ئەوە نیم و ئەوانەی چاودێری ئەو كارە دەكەن لیژنەی ئەمنی پارێزگاكەیە. 
سەبارەت بە پرۆژەكە كە لە ساڵی 2013ەوە بڕی 15 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، ئازاد جەباری؛ سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”ئەحمەد عەسكەری سەرپەرشتیاری مەلەفی كامێرای چاودێریە و لەو كاتەی ئەو سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەن بووە ئەو پرۆژەیە ئەنجامدراوە”، روونشیكردەوە:”لە ئێستادا من ئاگاداری ئەو مەلەفە نیم و دوای دوو ساڵ لە دوای ئەو پرۆژەیە هاتومەتە ئەم لیژنەیە”. 
لای خۆیەوە سەرۆكی ئێستای لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئاشكراشیكرد:”هیچ زانیاریەكم دەربارەی ئەو پرۆژەیە نیەو تەنها كاتی خۆی ئێمە دەنگمان لەسەر پرۆژەكە داوە كە جێبەجێبكرێت”.
لای خۆشیەوە ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و سەرۆكی پێشوی لیژنەی ئەمنی پارێزگاكەش، سەبارەت بە پرۆژەی دانانی كامێرای چاودێری بۆ شارەكە، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:”ئەو پرۆژەیە لە سەرەتادا كارەكانی بەباشی بەڕێوەدەچوو هەروەها 55% كارەكانیشیان تەواو كرد و بڕی 50% پارەی پرۆژەكەشیان وەرگرت”، روونشیكردەوە:”لە دوای نەهاتنی پارە ئەو پرۆژەیەش بە هەمانشێوەی پرۆژەكانی دیكەی شارەكە وەستان”.
بەوتەی سەرۆكی پێشوی لیژنەی ئەمنی پارێزگای كەركوك، ئەو پرۆژەیە كێشەیان نیە و تەنها ئەوەیە كە پارەیان پێبدرێتەوە كارەكانیان ئەنجامبدەنەوە، سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی ئەو كۆمپانیایە نایەتەوە كەركوك و كارەكانی وەكو پێشو ناكات، ئەحمەد عەسكەری، رایگەیاند:”من 3 ساڵە لە سەرۆكایەتی لیژنەی ئەمنی نەماوم و ئاگاداری ئەوە نیم و ئەوانەی چاودێری ئەو كار دەكەن لیژنەی ئەمنی پارێزگاكەیە”.


‌ 203 جار بینراوه‌
9/30/2017 10:08:59 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved