»  کوردستان
پەرلەمانتارێك: ناكرێت پەرلەمانی كوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی كەركوك بدات و نوێنەری شارەكەشی تێدا نەبێت
سەنگەر كاكۆ


داوادەكرێت دوای ریفراندۆم كەركوك لە هەڵبژاردنەكانیش بەشداری پێبكرێت و پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنێت:”ناكرێت پەرلەمانی كوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی كەركوك بدات و نوێنەری شارەكەشی تێدا نەبێت”.
لە میانەی راپۆرتێكی هەواڵدا كە لە لاپەڕە (3)ی ئەم ژمارەیە بڵاو بووتەوە شوان داودی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت :”غەدر لە كەركوك و كەركوكییەكان كراوە، كە لەماوەی رابردوودا تائێستا مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنیان بۆ پەرلەمانی كوردستان نەبووە”، هاوكات ئەوەشی خستەڕوو:” وەك یەكێتی لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە داوامان كردووە خەڵكی كەركوك نوێنەری هەبێت لە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام گوێمان لێ نەگیراوە”.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە كەركوكییە، پەرلەمانی كوردستان تاكە مەرجەعە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەكان و كەركوكیش پرسێكی ستراتیژیە بە نیسبەت كوردەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”ناكرێت پەرلەمانی كوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی كەركوك بدات و نوێنەری كەركوكیشی تێدا نەبێت”.
شوان داودی، ئاشكراشیكرد:”پێشتریش پرۆژەیەكمان هەبووە و لە رێگای فراكسیۆنەكەمانەوە بردوومانەتە پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە هیچ فراكسیۆنێكی تری پەرلەمان پشتگیری نەكردین و لەبەر ئەوە ئەو داواكارییە رووناكی نەبینی”، هەروەها باسی لەوەشكرد:”لە ئێستادا كاتی خۆیەتی جارێكی تر ئەو داوایە بخەینەوە بەردەم خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێتە خەڵكی كەركوك بۆ بەشداریكردن و خۆپاڵاوتن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، بە پێچەوانەوە هیچ بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان لەسەر چارەنوسمان بە هەند وەرناگرین”.

‌ 979 جار بینراوه‌
9/30/2017 10:12:27 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved