»  کوردستان
توركیا دەیەوێت بە پشت بەستن بە رێكەوتنی ساڵی 1926 باشــوری كــوردستان داگـیربكات
هەواڵ


توركیا دەیەوێت بە پشت بەستن بە رێكەوتنامەیەكیدا لەگەڵ عێراق باشوری كوردستان داگیر بكات و چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت ئەو نەرمیەی ئەنقەرە بەر لە ریفراندۆم نواندی بەرانبەر بە حكومەتی هەرێم، بۆ خوڵقاندنی دۆخێك بوو كە تیایدا پاساوی هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتننامەكەی بۆ دەستەبەر دەبێت.
لە 5ی حوزەیرانی ساڵی 1926 رێكەوتنێكی سنووریی سێ قۆڵی لە نێوان عێراق و توركیاو بەریتانیا سەبارەت بە چارەنووسی ویلایەتی موسڵ كرا كە هەرێمی كوردستانیشی دەگرتەوە.
بە پێی ئەو رێكەوتنە توركیا دانی بەوەدا نا كە ویلایەتی موسڵ سەر بە عێراقە، لە بەرانبەردا بۆ ماوەی 25 ساڵ 10%ی نەوتی ولایەتەكە بدرێت بە ئەنقەرە، مەرجێكی دیكەی توركیاش ئەوە بوو تا عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە خاوەنی ویلایەتی موسڵ دەبێت، بەڵام لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی عێراق و یان جیابوونەوەی كورد لە عێراق و یان بوونی هەڕەشە لەسەر توركمانەكان، توركیا مافی دەستبەسەراگرتنی ویلایەتەكەی دەبێت.
هەرچەندیشە لە سەردەمی تۆركۆت ئۆزال سەرۆك كۆماری توركیادا لە ساڵی 1986 لە چوارچێوەی كۆتاییهێنان بە كێشەی زەوی توركیا لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەكاندا كۆتایی بەو رێكەوتننامەیە هێنرا، بەڵام وەك چاودێرێكی سیاسی بۆ هەواڵ ئاماژە بەوە دەكات “ هەرچەندە ئەو رێكەوتننامەیە شەرعیەت و پشتەواییەكی یاسایی نەماوە، بەڵام ئەنقەرە دەیەوێت بە بیانووی لەدەستدانی مەرجەكانی ئەو رێكەوتننامەیەوە لەشكركێشی بكاتە ناو خاكی باشوری كوردستانەوە”.
سەرچاوەكە جەختی لەوەشكردۆتەوە كە “ئەو نەرمیەی ئەنقەرە بەر لە ریفراندۆم نواندی بەرانبەر بە حكومەتی هەرێم، مەبەست لێی خوڵقاندنی دۆخێك بوو كە تیایدا پاساوێك بۆ دەستێوەردانی سەربازی و داگیركردنی باشوری كوردستان دەستەبەر دەبێت”.
سەرچاوەكە ئەوەشی نەشاردەوە” بەرەی توركمانی بۆ پێدانی پاساو بە توركیا بۆ جێبەجێكردنی پیلانەكەی هەوڵی نانەوەی بشێوی لە كەركوك دەدات و سیناریۆی تەقەكردن لە بارەگاكانی دروست دەكات”.
سەچاوەكە ئاشكراشیكرد :”پارتی كرێكارانی كوردستان زانیاری لەسەر ئەو پیلانەی توركیا هەیە، بۆیە چالاكییە سەربازییەكانی لە ناوچەكە چڕكردۆتەوە كە مەبەست لێی پێشگرتنە لە لەشكركێشی تورك”.

‌ 359 جار بینراوه‌
9/30/2017 10:13:04 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved