»  باران
خواستی منداڵبوون بە نەشتەرگەری پەردەسێنێت
ئا / هاوار ستار


خواستی منداڵبوون بەنەشتەرگەری لەنێو ژنان پەرەدەسێنێت و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی فێركاری رایدەگەیەنێت:" ئەوان بە ویستی هاوڵاتیان ناجوڵێنەوەو تەنها نەشتەرگەری بۆ ئەو ژنانە دەكەن كە بەپێی راپۆرتی پزیشكی پێویستیان بەنەشتەرگەرییە لە حاڵەتی منداڵبووندا.

ڤیان ئەحمەد تەمەن 24 ساڵە، خانمێكی دووگیانە لە رۆژەكانی كۆتایی دووگیانییەكەیەتی، بۆ (هەواڵ) وتی: "من دوو ساڵە هاوسەرگیریم كردووەو ئێستا دووگیانم بە كچێك، هەر كە شووم كرد لە منداڵ بوون دەترسام و ئەوە لە مێشكمدا چەسپا بوو كە منداڵبوون زۆر بە ئازارە و ئەگەری هەموو شتێكم دەكرد"، ڤیان وتیشی: "لەو رۆژەوەی لەگەڵا هاوسەرەكەم بڕیارماندا ببین بە خاوەنی منداڵ هەستێكی سەیر دایگرتم لە نێوان خۆشی و ناخۆشیدا و بەردەوام لەهێنانە دونیای مناڵێك راڕابووم"، باسی لەوەشكرد: "كە سكم گەیشتووە بە هەشت مانگ، هاوڕێ و خزمانم پێم دەڵێن هەر كە وادەی لە دایكبوونی منداڵەكەت نزیكبووەوە بچۆ بۆ نەخۆشخانە و بە نەشتەرگەری بێ كێشە منداڵەكەت بێنە دنیاوە".
ڤیان ئەحمەد رونیشیكردەوە: "وام لێهاتووە لەلایەك بڕوام بە خۆم نەبێت و دەترسم، لە لایەكیش بە نەخۆشخانە متمانەیەكی ئەوتۆ ناكەم، لەئێستادا بڕوام بەوە هێناوە بە نەشتەرگەری منداڵم ببێت و هاوسەرەكەشم رازی بووە بەوە، گەر لە نەخۆشخانەی حكومیش بۆمان نەكەن پەنا دەبەینە بەر نەخۆشخانە و نۆرینگە تایبەتەكان".
دەربارەی منداڵا بوون بە نەشتەرگەری توێژەران و پسپۆرانی جیهانی پێیانوایە ژنی ئێستا بەهۆی تەكنەلۆژیاو جۆری ژیان و باشبوونی گوزەران شتەكان لەسەر خۆیان ئاسان دەكەن و لە بەرپرسیارێتی دوور دەكەونەوە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری قەیسەری و پێیانوایە سودی هەیە.
شەهلە محەمەد پزیشكی تایبەت بە ژنان دەربارەی دەربارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵبوون بۆ (هەواڵ) وتی: "وەك پزیشك رێنمایی ژنان ناكەین كە سكەكانیان بە نەشتەرگەری ببێ، بەڵام باری تەندروستی و رۆژی منداڵبوونی ئەوە دیاری دەكات و بڕیاری لەسەر دەدەین".
ئەو پزیشكە باسی لەوەشكرد: "زۆرێك لە ژنان لە تێكچوونی زێ و خراپبوونی لەش و لاریان دەترسن گوایە وەكو پێشو نابێت و جەستەیان تێك دەچێت كە ئەمە هەڵەیە و چارەسەری جۆراوجۆر هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ باری پێشو دوای منداڵبوونی سروشتی".
ئاشكراشیكرد: "منداڵا بوون بە نەشتەرگەری ئەم سودانەی هەیە: بەماوەیەكی كەم ژنەكە رزگاری دەبێ، بەهۆی بەنج ئەو دایكە هەست بەئازار ناكات، منداڵ تووشی ئازار نابێ لەكاتی لەدایكبوونیدا، دایك زوو لە دڵەڕاوكێ رزگاری دەبێ".
دەربارەی زیانەكانی نەشتەرگەری بۆ منداڵ بوونیش وتی: "جگە لەسودی منداڵا بوون بە نەشتەرگەری زیانی خراپیشی هەیە، لەوانە ئەگەری هەوكردنی شوێنی نەشتەرگەرییەكە هەیە، دوای نەشتەرگەری زۆرجار خوێنبەربوونی ناوەكی لێدەكەوێتەوە، رەنگە هەوكردنی بۆڕییەكانی میزەڕۆی لێبكەوێتەوە، ئەگەری تووشبوون بە نەزۆكی زیاد دەكات".
ئاماژەی بەوەشدا: "رەنگە نەشتەرگەرییەكە زیان بەملی منداڵدان بگەیەنێ، بەهۆی سڕكردن بۆ نەشتەرگەری زۆرجار نەخۆش تووشی هەوكردنی جگەر و هەستیاری پێست دەبێ، ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی فتق لە ژنان زیاد دەكات"
وتیشی: "نەشتەرگەری یەكەم ئەگەری بوونی سكەكانی دیكەش بە نەشتەرگەری زیاد دەكات".
دەربارەی رێكارەكانی نەخۆشخانە لەسەرداواكاری ژنان بۆ ئەنجامدانی منداڵ بوون بەنەشتەرگەری، دكتۆر گەیلان قادر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێركاری ئازادی كەركوك بۆ (هەواڵ) وتی: "كە بینیمان داخوازی لەسەر منداڵا بوون بە نەشتەرگەری زۆرە و بەردەوامە و ژنان زیاتر هانای بۆ دێنن بڕیارمانداوە بە پێی راپۆرتی پزیشكی و دانانی لیژنەیەك ئەو كارەبكرێت".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی وتی: "لەسەر ئەوەی ئەو ئافرەتەی دوو گیانە و پێویستی بە نەشتەرگەرییە ئەوا با داخلی ژووری نەشتەرگەری بكرێت، ئەگەر دایكەكە هیچ كێشەی نەبوو ئەوا زیاتر هانی ئەوەی دەدەین بە سروشتی منداڵی ببێ و بڕیار لەسەر نەشتەرگەری نادەین".لەسەر بەردەوامی داواكاری منداڵبوون بە نەشتەرگەری ئەو پزیشكە رونیكردەوە: "لەبەر ئەوەی ژنی ئێستا پێیانوایە ئازاری منداڵا بوون قورسە و نەشتەرگەری ئەو ئازارەی لێ دووردەخاتەوە بۆیە زیاتر پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری".
هەروەها وتیشی "هۆكارێكی باویش لەنێو ژنان چاولێكەرییە كە زۆر جار ژنان بە پێی قسەی ئەم و ئەو و هانا بۆ نەشتەرگەری دەبەن".
راشیگەیاند: "پزیشك نابێت بە پێی حەزی هاوڵاتی بجوڵێتەوە و رێگا بە نەشتەرگەری بێ راپۆرت و حاڵەتی ئاسایی نادەین، بەڵكو تەنها حاڵەتی پێویست و خوازراو داخلی ژووری نەشتەرگەری دەكەین".

‌ 151 جار بینراوه‌
9/30/2017 10:27:05 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved