»  راپۆرت
خۆری بەختی كورد ئــاوا بــوو



دوای زیاتر لە 70 ساڵ لە خەباتی بێوچان لە پێناو بەدیهێنانی مافەكانی نەتەوەی كوردو مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كوردستان، ڕۆژی سێشەمەی رابردوو سێشەممە لە تەمەنی 84 ساڵیدا سەرۆك مام جەلال بۆ دواجار ماڵئاویی لێكردین.


ژیان نامە
* مام جەلال یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی عێراق و سكرتێرو دامەزرێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەركردەی شۆڕشی نوێی گەلی كوردستان، كوڕی شێخ حیسامەدین كوڕی شێخ نوری كوڕی شێخ غە فوورە. هاوینی ساڵی 1933 لە گوندی ( كەلكان )ی قەتپاڵی چیای كۆسرەت لە دایكبووە، كە دەڕوانێتە دەریاچەی دوكان، چەند ساڵێك تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووەو دواتر باوكی بووە بەڕێبەری تەكیەی تاڵەبانی لە كۆیە، لەوێ چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەركەوتوویی خوێندنی تەواوكردووە، خوێندكارێكی زیرەك و لێهاتوو بووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە نیشانەكانی سەركردایەتی بە جۆرێلێدەركەوتووە كە پێش هاوڕێكانی دەكەوت بۆ كۆڕی پرسە و ئەو بۆنانەی لەو سەردەمەدا بەڕێوەدەچوون، بەیانیان لە كاتی ریزبوونی قوتابیاندا، مامۆستاكان پێش هەمووان ئەویان هەڵدەبژارد بۆ خوێندنەوەی شیعری نیشتمانیی و نەتەوەیی.
لەوێوە بیرۆكەی نەتەوایەتی لای ئەو چەكەرەی كرد تا وای لێهات وردە وردە بەسەریدا زاڵ بوو، كە گەیشتە پۆلی چوارەمی سەرەتایی یەكێك بوو لە پێشەنگەكانی خوێندكاران كە بە پەرۆشەوە بەشداری لە چالاكیەكانی قوتابخانە دەكرد و بەشداری لە وتار خوێندنەوەو شانۆدا دەكرد.
ئەگەرچی جەژنی نەورۆز لە لایەن حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقەوە یاساخ بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەلی كوردستان لە 21 / ی ئاداری هەموو ساڵێك بە ئاهەنگ یادیان دەكردەوە، ئەویش بە هۆی پیرۆزیی ئەم جەژنە لای كورد كە بە رۆژی سەركەوتنی گەلی كورد دادەنێن بەسەر ئەو زاڵمانەی دەیچەوساندنەوە.

خەبات
* ساڵی 1945: ئاهەنگێكی میللی لە كۆیە بۆ نەورۆز سازكرا، تاڵەبانی كە لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا بوو بەشداری تێدا كرد و وتەی حەماس ئامێزی خوێندەوە، بووە مایەی سەرسۆڕمانی مامۆستا و بەشداربووان.

* لە ساڵی 1946 دا لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی خوێندكار و بە ئامۆژگاری یەكێك لە مامۆستاكانی كۆمەڵەیەكی فێركاری نهێنی دامەزراندبە ناوی ( كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە ) ( k.p.x ) و مام جەلال بە سكرتێری هەڵبژاردرا، ئامانجێكی كۆمەڵەكە هاندانی خوێندكاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەكی.

* لە هەمان ساڵدا و دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد لە 16 / ی ئابی 1946 كەوتە ژێر كاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێكخستنەكانیدا كەوتە چالاكی خوێندكارانە.

* دوای چوونە ناو كاری سیاسییەوە، رۆژنامەی ( رزگاری ) كە پارتی دیموكراتی كورد بە نهێنی دەریدەكرد، كورتە وتاری لەژێر نازناوی ( ئاگر ) دا بۆ بڵاودەكردەوە.

* ساڵی 1947 بوو بە ئەندام لە پارتی دیموكراتی كورد و چالاك و لێهاتوو بوو لەو ئەرك و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.

* ساڵی 1948 خوێندنی سەرەتایی تەواو كردو لە ناوەندی كۆیە بوو بە خوێندكار، ئەو ساڵە بە ساڵی ( وەسبە ) (راپەڕین ) ناسرابوو، كە گەلی عَیراق توانی پەیماننامەی ( پۆرتسماوس )هەڵبووەشێنێتەوەو حكومەتی ساڵح جەبر بڕوخێنێ و حكومەتی محەمەد سەدر دابمەزرێنێ و لەو كەش و هەوا ئازادیەدا كە لە سایەی ئەم ( راپەڕینە ) هاتە كایەوە، هەڵبژاردنێكی گشتی خوێندكاران ئەنجامدرا بۆ هەڵبژادنی نوێنەرانی كۆنگرەی گشتی.
ئەوە بوو جەلال تاڵەبانی بە نوێنەری خوێندكارانی كۆیە هەڵبژێردرا و بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عێراقدا كرد كە لە نیسانی 1948 لە گۆڕەپانی ( السباع ) ی شاری بەغداد بەسترا.

* لەم كۆنگرەیەدا بۆ یەكەمین جار گوێی لە شاعیری مەزن ( محەمەد مەهدی جەواهیری ) بوو، كە شیعرە بە ناوبانگەكەی ( رۆژی شەهید ) ی خوێندەوە، كە بۆ جەعفەری برای و بۆ شەهیدانی وەسبە وتبووی، ئەو ساتانە لە ژیانی تاڵەبانیدا مێژوویی بوون و وای كرد ببێتە یەكێك لە موریدەكانی شیعری ئەو و دواتریش بوو بە ئازیزترین دۆستی و ئەو دۆستایەتیە تا دوا ساتەكانی ژیانی شاعیر بەردەوام بوو.

* ساڵی 1949 و لە سایەی حوكمی عورفی و تۆقاندن كە كوردستان و عێراقی گرتەوە، تاڵەبانی لە حزبدا سەركەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی كۆیە.

* لە شوباتی 1951 دا و لە كۆنگرەی دووەمی پارتی دیموكراتی كورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەكانی پارتی پلەكەی خۆی بە هەڤاڵێكی خۆی بەخشی كە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە كۆنگرەدا كردبوو.

* لە ساڵی 1951 دا لەگەڵ چەند هەڤاڵێكدا گیراو بۆ شاری موسڵ دوور خرایەوە، لەوێش لە خەباتی سیاسیدا بەردەوام بوو و دواتر چووە كەركوك بۆ تەواوكردنی خوێندن و سەر لەنوێ دامەزراندنەوەی رێكخستنەكانی حزب و بووە بەرپرسی رێكخستنەكانی كەركوك، لە هەمان ساڵیشدا ئەركی چاپ و بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوەكانی بە شێوەیەكی نهێنی گرتە ئەستۆ تا ئەو رۆژەی گیرایەوە.

* ساڵی 1952 چووە كۆلیژی ماف ( حقوق ) لە بەغداد كە ئەو دەمە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێكخستنەكانی حزب تۆكمە بكاتەوە.

* لە كانوونی دووەمی 1953 دا بەشداریی كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی كردو لەو كۆنگرەیەدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵبژێردراو لە هەمان ساڵیشدا یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی ( یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان )، هەر لەو كاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نهێنێ و ئاشكراكانی عێراق.

* ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی (پ د ك) هەڵبژێردرا.

* ساڵی 1955 سەفەری دەرەوەی عێراقی كردو لە فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی لە وارشۆ بەشداری كردو لەوێوە سەردانی یەكێتی سۆڤیەتی ئەوساو چینی كرد.

* ساڵی 1956 لەبەر چاوان ونبوو، كەوتە خەباتی ژێر زەمینی و ناچار بوو لە پۆلی چوارەمی مافدا خوێندن بەجێبهێڵێت.

* ساڵی 1957 سەفەری سوریاو مۆسكۆی كردو لە فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسكۆ بەشداریكردو هاتنی بۆ سوریا بە فرسەت زانی بۆ پەیوەندی بە كوردەكانی ئەوێوەو پەیوەندیەكی سیاسی دروستبوو، لە هەمان ساڵیشدا گەڕایەوە عێراق و بەشداری لە كارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی یەكگرتوو كردو بوو بە بەرپرسی رۆژنامەی ( خەباتی كوردستان ) كە لە سلێمانی بە نهێنی دەریان دەكرد.

* لە یەكەمین رۆژی سەركەوتنی شۆڕشی 14 / ی گەلاوێژی ساڵی 1958، سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی كردو بە هاوكاری هەڤاڵانی حزب لە نێو شاردا، پاشان چووە بەغدادو بەشداریی لە كاروباری مەكتەبی سیاسی و دەركردنی گۆڤاری ( رزگاری ) ( التحریر ) دا كرد، هەروەها ئەركی ئەو خەباتەی لە ئەستۆ گرت كە لە نێو ریزەكانی حزبدا فراوان دەبوو، وەك پێویستییەكی بوونی حزبێكی پێشڕەوی كوردستانی و رێكخراوە پیشەییەكان بەرهەڵستكاری كردنی ئەو هەوڵانەی كە دەیانویست پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنە پاشكۆی حزبێكی عێراقی.

* ساڵی 1959 جارێكی تر بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردراو لە هەمان كاتدا ئەفسەری یەدەكی كەتیبەی چوارەمی تانك بوو، هەروەها بەشداری لە دەركردنی رۆژنامەی ( خەبات ) دا دەكرد كە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، وە بە ناوی ( پیرۆت ) ەوە وتاری تێدا بڵاودەكردەوە.

* ساڵی 1960 بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو كە خولێكی هۆشیاری بۆ كادێرەكان كردەوە.

* ساڵی 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی ( كوردستان ) و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راوونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی هەمان ساڵدا وتارێكی دژی دیكتاتۆریەت خوێندەوەو بەرگری لە بارزانی خوالێخۆشبوو كرد كە ئەو سەردەمە قاسم كۆمەڵێك تاوانی دابۆوە پاڵ لە ئەنجامی ئەوەدا فەرمانی گرتنی دەرچوو و بە نهێنی گەڕایەوە سلێمانی و خۆی شاردەوە و بەشداری لە رێكخستنی مانگرتنی گشتیدا كرد كە لە شەشەی ئەیلوولدا كرا.

* لە ئەیلولی 1961 دا كە شۆڕش هەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو، یەكەمین بنكەی شۆڕشی لە چەمی رێزان كردەوەو سەرپەرشتی كردو فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی كرد تا وای لێهات زۆر فراوان بوو و بووە هێزێكی گەورە، ئەوە بوو كرا بە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

* لە نەورۆزی 1962 دا، سەركردایەتی ئەو هێڕشە بەرفراوانەی كرد بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕو لە ماوەی چەند رۆژێكدا دەست بەسەر هەموو بنكەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتەو چوارتادا گیراو هێزەكانی بەرەوقەزای پێنجوێن بردو تەواو ناوچەكەیان ئازاد كرد.
بەم شێوەیە هەردوو ناوچەی شارباژێڕو پێنجوین بوونە دوو ناوەندی شۆڕش و سەركردایەتی. لە 1962 ـ 1963 زۆربەی ناوچەكانی قەرەداغ و قەڵاسێوكە و گەرمیان و سەنگاو ئازاد كران، ئەو دەمە مام جەلال فەرماندەی هێزی رزگاری بوو، لە هەمان كاتیشدا سەرپەرشتی دامەزراندنی ناوەندەكانی بەمۆو هەڵەبجەو تەوێڵەو بیارەی دەكرد.

* ساڵێ 1963 و دوای كودەتا رەشەكەی شوبات، مام جەلال بە سەرۆكی وەفدی كوردی دەستنیشان كرا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی تازەدا كە لە سەرەتادا رەزامەندییان لەسەر گفتوگۆو چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی رەوای كورد نیشاندا، هەروەها سەردانی كۆماری میسری و جەزائیری كردو چاوی بە عەبدولناسر و بن بێلا كەوت و لە هەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای كردو نوێنەرایەتی شۆڕشی كوردستانی كردو سەركەوتوو بوو بۆ ناساندنی كێشەی كوردو ئاشكراكردنی بارودۆخی كوردستان و كۆكردنەوەی یارمەتی و هاوكاری بۆ شۆڕش لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیكسلۆفاكیا و نەمسا.

* ساڵی 1964 گەڕایەوە كوردستان و ئەركی خۆی لە فەرماندەیی كردنی هێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ.

* ساڵی 1967 بەشداری لە كۆڕی ( ئیشتراكیەكانی عەرەب ) كرد لە جەزائیر و لێكۆڵینەوەیەكی زۆر بە پێزی دەربارەی كێشەی كورد و شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد و دۆستایەتی نێوان كورد و عەرەب پێشكەشكرد.

* ساڵی 1970 رۆڵی كاریگەری خۆی بینی لە یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناكۆكیەكی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا هەبوو.

* ساڵی 1972 سەفەری دەرەوەی عێراقی كرد و ماوەیەك لە لوبنان و میسر و سوریا مایەوە و دوای رووخاندنی شۆڕشی كورد كە لە ئەنجامی رێكەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری 1975 لە جەزائیر ئیمزا كرا، تاڵەبانی هەر لەو ناوچانەدا مایەوە.

شتكستهێنان بە شكست
* دوای نسكۆی ساڵی 1975 لە 01 / 06 / 1975 لە دیمەشق لەگەڵ دەستەیەك لە هەڤاڵانیدا یەكێتی نیشتمانی كوردستانی دامەزراند و نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ دانا كە لە 01 / ی حوزەیرانی 1976 راگەیەنرا و بووە سكرتێری گشتی یەكێتی.

* لە ساڵانی دوای دامەزراندنی یەكێتی لەسەر چالاكی سیاسی و سەركردایەتی حزب و شۆڕش بەردەوام بوو لەگەڵ هەڤاڵەكانی لە چیاو ئەشكەوتەكانی كوردستاندا دەژیا.

* بە گەواهی زۆر لە چاودێرە سیاسیەكان یەكێك بووە لە بزوێنەری سەرەكی بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان لە نێو ریزی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە كۆنگرەكانی نیویۆرك و لەندەن و سەڵاحەدین و هەموو دانیشتنەكانی دوای ئەوانەش كە پەیوەندی بە رێكخستن و نزیكبوونەوەی ماڵی عێراقییەوە هەبوو، میوانداری زۆربەی زۆری هێزە عێراقیەكانی كردەوە لە كوردستان و پشتگیری هەمە جۆرەی كردوون.

* لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش، تاڵەبانی بەشداری چەندین كۆنگرە و كۆبوونەوەی ئیشتراكی نێودەوڵەتی كردەوە و چاوی بە سەركردە سیاسیە نێودەوڵەتیەكانی زۆر وڵاتانی جیهانی كەوتووە.

* جگە لەوەی كە كەسایەتیەكی سیاسییە خەباتگێرێكی هۆشمەندو نووسەرو یاساناسە، وەك رۆژنامەنووسێكیش لە رۆژنامەی نهێنی و ئاشكرادا نووسیویەتی و لە ساڵی 1959 بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراقی هەڵبژێردرا كە شاعیری مەزن محەمەد مەهدی جەواهیری نەقیبی بوو.

* تاڵەبانی جگە لەوەی یەكێكە لە سیاسی و دیپلۆماسی و رۆژنامەنووسەرە دیارەكان، نووسەرێكی ناوداریشە و بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری لە تیشك خستە سەر تێكڕای بزووتنەوەی سیاسی عێراق و ناوچەكە و بزووتنەوەی سیاسی كوردی كردەوە، لەم بوارەشدا چەندین كتێبی لە سەردەمی جیاجیادا نووسیوە كە كتێبخانەی عەرەبی و كوردی دەوڵەمەند كردەوە و بوونەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ لێكۆڵینەوە لە بواری مێژووی جوڵانەوەی سیاسی كوردی و عێراقیدا.

* دوای ئازادكردنی عیراق بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم هەڵبژێردرا و لە مانگی نۆڤەمبەری 2003 دا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی كرد و لەم ماوەیەدا كارامەیی خۆی لە هەڵسوڕاندنی كاروباری حوكم نیشاندا.

بۆ كۆشكی سەرۆكایەتی
* لە 06 / نیسانی 2005، مام جەلال 227 دەنگی لە كۆی 248 دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بە دەستهێنا و بە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆ بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عێراق هەڵبژێردرا، بەم جۆرە تاڵەبانی لە فراوانترین دەروازەكانەوە چووە ناو مێژووی كورد و هەروەها لە جوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عێراق و لە ناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموكراسی جیهانەوە.
* لە 22ی نیسانی 2006 بوە بە سەرۆك كۆماری عێراق

* لە مانگی تەموزی 2008 بۆ جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی سۆسیال ئینتەرناشنال هەڵبژێررا

* لە 11 ی تشرینی دوەمی2010 جارێكی تر بوەتەوە بە سەرۆك كۆماری عێراق

*  لە كانوونیدوەمیساڵی 2012 بەهۆی نەخۆشییەكی كتوپڕەوە بۆ چارەسەر ڕەوانەیئەڵمانیا كرا و لە 19 / 7 / 2014 هاتەوە كوردستان.
 
* رۆژی 3 / 10 / 2017 و لەتەمەنی 84 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

‌ 320 جار بینراوه‌
10/7/2017 10:30:33 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved