»  وەرزش
ماڵئاوا پشت و پەنای وەرزش و وەرزشكارانی كەركوك


سەرۆك مام جەلال هەروەك چۆن هەمیشە داكۆكیكاری سەرجەم چینوتوێژەكان بوو، هەرواش بەردەوام پشت و پەنای وەرزشكارانی كوردستان بەگشتی و شاری كەركوك بە تایبەتی بوو، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا جگە لەو هاوكارییە مادییانەی پێشكەشی وەرزشی كەركوكی كردووە، هاوكات بەردەوامیش لە نزیكەوە بۆ چەند جارێك لەگەڵ وەرزشكارانی شارەكە كۆبووەتەوەو گوێی لە كێشەو داواكارییەكانیان گرتووە، وەك وەرزشكارانیش دەڵێن:” بە دوا ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال زیانێكی گەورە بە وەرزش و وەرزشكارانی كەركوك گەیشت”.

سامی هەورامی پێشمەرگەو وەرزشكاری دێرین، لەبارەی رۆڵی سەرۆك مام جەلال لە خزمەتی وەرزشكاران وتی:” سەرۆك مام جەلال هەمیشە بایەخی بە وەرزش داوە لەسەردەمی شاخ و پاشان لە سەردەمی راپەڕین”.
وتیشی:” لە دوای شاڵاوەكانی ئەنفال و كیمیابارانی كوردستان لە ساڵی(1990) لە شاری سنە بووین، چوومە لای سەرۆك مام جەلال و پێم ڕاگەیاند كە بەنیازم خولێكی تۆپی پێ بۆ تیپ و یانەكانی ئێران و كوردستان ساز بكەم بەڕێزیشیان لەو ساتەوەختەدا بڕی 100 هەزار توومەنی ئێرانی پێداین بۆسازكردنی خولەكە لە كاتێكدا پێشمەرگە مووچەی نەبوو “.
باسی لەوەشكرد:” جگە لە وەش لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991 و ساڵانی دوایی هەمیشە سەرۆك مام جەلال  پاڵپشتی وەرزشی كەركوكی كردووە، چ لەسەردەمی ئاوارەیی چ دوای پرۆسەی ئازادی و رزگاركردنەوەی كەركوك و چەندین جاریش لەگەڵ وەرزشكارانی كەركوك كۆبووتەوەو هەمیشە دەیوت خۆزگە سیاسیەكانی كەركوكیش هاوشێوەی  وەرزشكارانی كەركوك بوونایە كە سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك وەكو چەپكە گوڵەكە پێكەوەن”.

حەربی خالید، سەرۆكی نوێنەرایەتی كەركوكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق، وتی:سەرۆك مام جەلال رۆڵێكی یەكجار گەورەی هەبووە لە سەر ڕەوتی وەرزشی كەركوك ، یەكەم دیداری وەرزشكارانی كەركوك بۆ ساڵی 2005 كاتێكی بەرێزیان داوای كرد لەگەڵ سەرجەم وەرزشكارانی كەركوك كۆببێتەوە كاتی وەفدەكەی بینی بۆ یەكەم جار دەستەواژەی چەپكە گوڵەكەی بە كارهێناو داوای لێكردن چۆن بتوانێت هاوكاری وەرزشی كەركوك بكات،  ئێمەش بڕێك پارەمان دیاریكرد لە بەرامبەردا بەڕێزیان وتی ئەو بڕە كەمەو بڕێكی زیاتری بۆ تەرخان كردین كە مانگانە دەگەیشتە 45 ملیون دینار”.
حەربی خالد وتیشی:” سەرۆك مام جەلال  یەكەم كەس بوو كە دەیان پرۆژەی وەرزشی مۆدیرینی  لە ناو كەركوك و شاروشارۆچكەكانی دووروبەری جێبەجێكرد كە رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە بووژانەوەی ژێرخانی وەرزشی كەركوك كە تێكڕای تێچوونیان زیاتر لە 10 ملیار دینارە “.
ئاماژەی بەوەشكرد:” جگە لە هاوكارییە بەردەوامەكانی بۆ تیپە میللییەكان و وەرزشكارە دێرینەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك و دابینكردنی  پاسی تایبەت بوو بۆ سەرجەم یانەكانی كەركوك بە كورد و عەرەب و توركمان بێ جیاوازی “.
راشیگەیاند:” دواین هاوكارییەكانی سەرۆك مام جەلال بۆ وەرزشی كەركوك تەرخانكردنی بڕی 8 ملیار دینار بوو بۆ ئاوارەكانی نیشتەجێی یاریگای ئۆڵۆمپی كەركوك بەمەبستی نۆژەن كردنەوەی یاریگاكە،  بەڵام بەداخەوە حكومەتی عێراق ئەو پرۆەیەی تەواو نەكرد”.

عەدنان عومەر ئەندامی كۆمیتەی تەنفیزی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان وتی:”سەرۆك مام جەلال رۆڵێكی گەورەی لە سەرجەم بوارەكان هەبووە لە شاری كەركوك بە تایبەتی وەرزشی كەركوك و بڕوای تەواوی هەبوو كە وەرزش ئامرازێكە بۆ پتەوكردنی ژیانی برایەتی و پێكەوەژیان لە نێو پێكهاتەكاندا “.
وتیشی:” سەرۆك مام جەلال  پاڵپشتییەكی گەورەی وەرزشی كەركوك بوو بێگویدانە بۆچوون و نەتەوەیی وەرزشكارانی كەركوك،  دوا ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال  گورزێكی كوشندەبوو لە عێراق و كوردستان و كەركوك كەوت”.

سەباح حەسەن، سەرۆكی یەكێتی گۆڕەپان ومەیدانی كەركوك وتی:”بەڕاستی  سەرۆك مام جەلال گەورەترین رۆڵی هەبووە لە سەر ڕەوتی وەرزشی كەركوك و لەماوەی رابردوودا چەند جارێك سەردانی بەڕیزیانمان كردووە وتیایدا چیمان بۆ وەرزش و وەرزشكاران داوا كردبێت، سەرۆك مام جەلال جێبەجێی كردووە”. 
وتیشی:” ئەو دەستكەوت و  ڕەوتی وەرزشەی ئێستا لە شاری كەركوك هەیە، بەرهەمی هاوكارییەكانی سەرۆك مام جەلالن”.
نەشیشاردەوە:” دوا ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال تەنها زیان نەبوو بۆ كورد، بەڵكو زیانێكی گەورە بوو  بۆ سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك”.

جەنگیز رەشید،  سەرۆكی یەكێتی  هێزی لەشی كەركوك  وتی:”  دوا ماڵئاوایی  سەرۆك مام جەلال بەراستی كۆستێكی گەورەیە بۆ سەرجەم عێراقییەكان نەك تەنها كوردستان بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەتی كەركوكییەكان،  چونكە بەڕاستی سەرۆك مام جەلال  هێمایەك بوو بۆ سەرجەم وەرزشكارانی كەركوك بۆ زیاتر پتەوكردنی برایەتی نێوانیان و هەمیشە لە دیدارەكانی لەگەڵماندا جەختی لەسەر ئەو برایەتییە  دەكردەوە، گەر گوزەرێك بە نێو دەستكەوتە وەرزشیەكانی كەركوك بكەین ئەوا جێدەستی مام جەلال بە هەموویانەوە دیارە  وەكو رۆژی رووناك”.
رەفعەت حەسەن، سەرۆكی لیژنەی تیپە میللییەكانی كەركوك وتی :”  گەر بمانەوەی باس لە رۆڵی سەرۆك مام جەلال بكەین لەسەر وەرزشی كەركوك ئەوە ناتوانین بە چەند دێڕێك ئاماژەی بۆ بكەین،  چونكە سەرۆك مام جەلال شان بە شان یەكێتی و یانە وەرزشیەكان بایەخێكی زۆری بە تیپە میللییەكانی كەركوك دەدا،  بەردەوامیش هاوكاری كردوون بە بێ جیاوازی”.
باسی لەوەشكرد:” هەر هاوكارییەكانی سەرۆك مام جەلالن، وایانكردووە تیپە میللیەكانی كەركوك بەمشێوەی ئێستا بە یەكگرتووی و بەهێزی بمێننەوە، هەر بە هۆی خۆشەویستی سەرۆك مام جەلالەوە بوو  تیپە میللییەكان ركابەرییان دەكرد بۆ بەشداریكردن لە خولی سەرۆك مام جەلال كە لیژنەكەمان سازیكردبوو”.
لە كۆتاییدا سەرۆكی لیژنەی تیپە میللییەكانی كەركوك وتی:” دروود بۆ گیانی پاكی پشت و پەنای تیپە میللیەكانی كەركوك سەرۆك مام جەلال”.

*عەبدوڵڵا سلێمان، ئەندامی یەكێتی جۆدۆی كەركوك  وتی:” مام جەلال تەنها مام نەبوو بەڵكو باوكی هەموو وەرزشكارانی كەركوك بوو، هەموو ئەو خزمەتەی لە ماوەكانی رابردوودا بە وەرزشی كەركوك كراوە، سەرۆك مام جەلال  دەستی باڵای تێدا هەبووە، بە هەموو شێوەكان وەرزشی كەركوك قەرزاری سەرۆك مام جەلالە”.
 
هونەر جەوهەر سەرۆكی یانەی ئاڵتوون كۆپری ، وتی:” سەرۆك مام جەلال  تەنها بایەخی بە وەرزشی نیوشارەكان نەداوە، بەڵكو شان بە شانی شارەكان بایەخی بە ڕەوتی وەرزشی شارو شارۆچكەكانیش داوەو دەیان پرۆژەی وەرزشی لە شارۆچكەكان ئەنجامداوە”.
وتیشی:” جێدەستی سەرۆك مام جەلال بە وەرزشی ناحیەی ئاڵتوون كۆپرییەوە دیارەو بە بەردەوامی هاوكارمان بوو”.

هیوا شەریف، سەرۆكی یەكێتی كێك بۆكسێنی كەركوك وتی:” ناتوانین لە چەند دێڕێكدا باسی رۆڵی سەرۆك مام جەلال بكەین لەگشت بوارەكاندا، سەرۆك مام جەلال لە هەموو بوارەكاندا پاڵپشتی و چەترێكی گەورە بووە بۆ كۆكردنەوەی  هەموو بوارەكانی ژیان، كەسایەتی مام جەلال تەنها لە وەرزش بەدی ناكرێت، بەڵكو هەموو بوارەكانی گرتووتەوە وەكو كادرێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مام جەلال كاریگەری لە كاری رێكخراوەیی و  پێشمەرگایەتی و وەرزش بەسەرمانەوە هەبووەو هەمیشە پاڵپشتمان بووە”.


‌ 300 جار بینراوه‌
10/7/2017 10:35:40 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved