»  راپۆرت
رۆڵی سەرۆك مام جەلال لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێو نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكان
ئا/ سەنگەر كاكۆ

لەم راپۆرتەی (هەواڵ)ـدا، نوێنەرانی نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك، رۆڵی سەرۆك مام جەلال لەپێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێو نەتەوەكان لە كەركوك و عێراق بەرز دەنرخێنن و هەروەها دوا ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال-یش لەم ساتە وەختەدا بە كۆستێكی گەورە دەزانن. 

نەجات حوسێن، - توركمانی شیعە، بەرپرسی رەوتی حیكمە لە كەركوك سەبارەت بە دوا ماڵئاوایی  سەرۆك مام جەلال بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” هیچ وشەیەك ناتوانێت گوزارشت لە رۆڵی  مام جەلال بكات، چونكە مام جەلال یەكەم بەرپرسی عێراقی بوو، كە لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق بە كوردو عەرەب و توركمان و كلدوئاشورو شیعەو سوننەوە رێزی تایبەتی هەبوو، مام جەلال توانای نزیككردنەوەی هەموو لایەنەكانی هەبوو لە كاتی ناخۆشی و ئاڵۆزییەكاندا”.
بە وتەی نەجات حوسێن، مام جەلال یەكەم كەس بوو لە عێراق كە سەید سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكان نازناوی (صمام الامان)ـی پێ بەخشی، جگە لە مام جەلال هیچ كەس تا ئێستا ئەو نازناوەی پێ نەبەخشراوە”.
نەجات حوسێن وتیشی:” بەراستی مام جەلال مامی هەموو عێراقییەكان بوو، راستە خۆی كورد بوو، بەڵام كە بووە سەرۆك كۆماری عێراق بە فیعلی سەرۆك كۆماری هەموو عێراقییەكان بوو بێ جیاوازی “.
ئاماژەی بەوەشكرد:” هەركاتێ لە بەغدا یان لە پەرلەمانی عێراق كێشەو جیاوازی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق دروست بووایە، مام جەلال بە یەك دانیشتن هەموانی ئاشت دەكردەوە”.
باسی لەوەشكرد:” مام جەلال وەك باوك و مامی توركمانەكانی كەركوك بوو، چەند جارێك وەك توركمانەكانی كەركوك لەگەڵ مام جەلال دانیشتووین، بە وتە خۆشەكانی ئارامی پێدەبەخشین”.
بەرپرسی رەوتی حیكمە لە كەركوك وتیشی:” دوا ماڵئاوایی مام جەلال، تەنها زیانێك نییە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و گەلی كوردستان و عێراق، بەڵكوو زیانێكی گەورەیە بۆ ناوچەكەش، چونكە هیچ كەسێك ناتوانێ خاوەن ئەو دڵە گەورەیەی مام جەلال بێت”.
نەجات حوسێن دەشڵێت:” مام جەلال یەكێك بوو لەو سەركردانەی كە بەردەوام لە دانیشتەكاندا نوكتەی دەوت و دڵی هەموانی خۆش دەكرد، هەربۆیە پێموایە بەڕاستی لە ئێستادا بەدیلی مام جەلال نییە، بەتایبەتی لەم دۆخەی ئێستادا”.
لە كۆتاییدا نەجات حوسێن وتی:” ئەگەر پێشتر مام جەلال بە هۆی نەخۆشییەوە لە گۆڕەپانی سیاسی دوورنەكەوتایەتەوە، بە دڵنیاییەوە ئێستا كێشەكانی نێوان  هەرێم و بەغداش دروست نابوون”.
لای خۆشییەوە ئیسماعیل حەدیدی كەسایەتی سیاسی عەرەبی سوننی و سەرۆكی هۆزی حەدیدی لە كەركوك وتی:” سەرۆك مام جەلال بە سوونبلێك ئەژمار دەكرێت كە نوێنەرایەتی و پاڵشپتی میانڕەوی و پێكەوە ژیانی دەكرد، بە تایبەتی لە شاری كەركوك و بەشدارییەكی كارای كرد لە پاڵپشتی و پارێزگاریكردن  لە پێكەوە ژیانی راستەقینە لە شاری كەركوك، تا ئێستاش  لە كۆڕو كۆبونەوەكان  باسی ئەوە دەكەین كە مام جەلال  سومبولی میانڕەوی و پێكەوەژیان و نیشتمانپەروەرییە”.
وتیشی:” مام جەلال  یەكێك بوو لە سومبولە مێژووییەكانی عێراق كە بەشداریان كردووە لە پاڵپشتیكردن لە و پرۆسەی دیموكراسی”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” راستە مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو، بەڵام ئەو ئەمینداری هەموومان بوو لە عێراق، ئەمڕۆش یەكێك لە سوومبولەكانی هاوسەنگیمان لە عێراق  لە دەستدا”.
باسی لەوەشكرد:” مام جەلال سەمام ئەمانی راستەقینەی عێراق بوو، تووانایەكی رادەبەدەری هەبوو  بۆ تێگەیشتن و چارەسەركردنی قەیرانەكان، ئەمەشم بۆ گەورەكردنی مام جەلال نیە، بەڵام ئەمەم بە كردەوە بەدیكرد لە مام جەلال كاتێك لە نزیكەوە لەگەڵ مام جەلال كارم دەكرد كە لە كاتێكی زۆر هەستیاردا بوو لە ساڵی  2003 كە چەندین بابەتی هەستیاری تەبەنی دەكرد كە  پەیوەست بوون بە دۆخی عێراق “.
ئیسماعیل حەدیدی راشیگەیاند:” مام جەلال قوتابخانەبەكی مێژوویی بوو، هیواخوازم یەكێك بم لەو قوتابخانەیە كە  بایەخی زۆری بە كەركوك دەدا بە تایبەتی بە عەرەبی كەركوك”.
حەدیدی ئەوەشیخستەڕوو:” مام جەلال رێزێكی زۆری لە مێژووی هۆزەكەمان دەگرت، هۆكاری ئەوەش ئەوەبوو كە مام جەلال ماوەیەكی زۆر لە كەركوك ژیاوە”.
لە كۆتاییدا حەدیدی وتی:” داواكارین لە خوای گەورە سەبووری هەمولایەكمان بدات لەبەرانبەر ئەو كۆستە”. 
عیرفان كەركوكی -  توركمانی سنە، سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی جگە لە دەربڕینی خەم و پەژارە بۆ دوا ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال وتی:” جەنابی مام جەلال وەكو سەركردەیەك خەمخۆری هەموو نەتەوەكان بوو بەتایبەتی نەتەوەی توركمان”.
وتیشی:” جەنابی مام جەلال رۆڵ و پێگەی گەورەی هەبوو لە تێكۆشان و هەروەها كۆكردنەوەی هەموو نەتەوەو پێكهاتە ئاینییەكان، بۆ ئەوەی ژیانێكی برایەتی و پێكەوەژیان جێی خۆی بگرێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” مام جەلال لە سەرەتای ژیانی لاوێتی خۆیەوە خەمخۆری نەتەوەو خاك و نیشتیمانەكەی خۆی بووە، رۆڵێكی كاریگەریشی هەبووە لە نزیككردنەوەی هەموو نەتەوەكان و هەموو بۆچوونەكان لەشاری كەركوك”.
راشیگەیاند:” هەمیشە جەنابی مام جەلال لە كۆڕو كۆبوونەوەكان تیشكی دەخستەسەر توركمانەكان و بە چاوی رێز و گرنگییەوە لە توركمانی دەڕوانی، هەر ئەوەش وای لە توركمانەكان كرد كە مام جەلال پێگەی تایبەتی لایان هەبێ “.
عیرفان كەركوكی باسی لەوەشكرد:” كاتێك مام جەلال بۆ ماوەی دوو خول سەرۆك كۆماری عێراق بوو، توانی سەنگێكی گەورە لە رووی پەیوەندی و دبلۆماسیەتی بۆ خۆی دروست بكات”.
لە كۆتایشدا كەركوكی وتی:” مام جەلال مێژوویەك بوو، چیایەكی گەورە بوو، باوكێكی گەورەبوو بۆ هەموومان، بەتایبەتی ئێمەی توركمان، بە ماڵئاوایی كردنیشی داخێكی گەورەی لە دڵی هەموومان بەجێهێشت، بەڵام هەمیشە بە زیندوویی لە دڵمان دەمێنێتەوە”.
ئاشور ئاسیا یەلدا كەسایەتییەكی مەسیحی شاری كەركوكیش بۆ دوا ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال وتی:” وەكو مەسیحییەكانی كەركوك بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی مام جەلال هەموو خەفەتبارو تازیەبارین”.
وتیشی:” مام جەلال وەكو باوك بوو بۆ هەموومان، بەتایبەتی بۆ ئێمەی مەسیحی زیانێكی زۆر گەورەبوو”.
ئاشور ئاسیا یەلدا ئاماژەی بەوەشكرد:” مام جەلال رۆڵێكی گرنگی لە عێراقدا هەبوو بەتایبەتی ئەو كاتەی كە سەرۆك كۆمار بوو، بەراستی سەمام ئەمانی هەموو عێراق بوو، بڕواناكەم هەرگیز كەسێ هەبێ لە ئێستاو داهاتوودا شوێنی مام جەلال بگرێتەوە، هەربۆیە هەموومان خەفەتبارین”.

‌ 101 جار بینراوه‌
10/7/2017 10:38:15 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved