»  راپۆرت
لە پرسی هەڵبژاردندا .. هەرێم مامەڵەی دووفاقی لەگەڵ كەركوكدا دەكات
ئا / هەواڵ

دوای ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایگەیاند:” تا یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان هەموار نەكرێتەوە ناتوانن ناوچە دابڕێنراوەكان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم بەشداری پێبكەن، كە بڕیارە لە 1/11/2017 ئەنجامبدرێت، ئەمەش كاردانەوەی هاوڵاتیانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی تری بە دوای خۆیدا هێنا.

لەو بارەیەوە دلێر قادر جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی (ی ن ك) لە كەركوك وتی:” ئێستا بارودۆخەكە ئاڵۆزە، وەكو جاران نییە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەم پرسە كۆببنەوەو كەس خۆی لێ نەدزێتەوە كە ئایا چی بكرێت بۆ بابەتی بەشداریكردنی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان”.
وتیشی:” بۆ یەكلاییكردنەوەی بابەتی بەشداریكردن یا نەكردنی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەبێ چاوەڕوانی هەڵوێستی پەرلەمانی كوردستان بكەین بەوەی ئاخۆ چ بڕیارێك لەو بارەیەوە دەدات”، چونكە ناكرێت هەڵبژاردن لە شوێنێك بكەین كە بنەمایەكی یاسایی نەبێت، هەربۆیە پێویستە هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بگەنە ئەنجامێك لەسەر ئەو بڕیارانەی كە لە بارەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانەوە دەدرێن”.
باسی لەوەشكرد:” پێویستە پرسیار لە پەرلەمانی كوردستان بكرێت، بۆچی پێشتر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بەشدارییان لە ریفراندۆم نەكردووە، ئەی ئێستا بەشداری ئەو ناوچانە لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم چۆن دەبێت “.
لای خۆشیەوە حەكیم عوبێد، لێپرسراوی مەكۆی كەركوكی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:” ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان پێمانوایە پێویستە خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی تری كوردستان بۆ هەموو پرسێكی چارەنوسسازو نیشتیمانی و نەتەوەیی دەنگ و رەنگیان هەبێ”، ئاماژەی بەوەشكرد:”پێویستە خەڵكی كەركوك و ناوچەدابڕێنراوەكان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەنگیان هەبێ و هەروەها لە دەستوری هەرێمی كوردستانیشدا خەڵكی ئەو ناوچانە جێگەو پێگەیان دیاربێت”.
هەروەها وتیشی:” پێشتریش وەك بزتنەوەی گۆڕان قەناعەتمان وابوو، نەك تەنها لە كەركوك بەڵكو داوای ئەوەمان دەكرد پرۆسەی ریفراندۆم لە تەواوی كوردستان بۆ كاتێكی تر دوابخرێت، بەڵام تێبێنی زیاترمان لەسەر كەركوك هەبوو، ئەویش لەبەر ئەوەی كەركوك شوێنێكی تەماس بوو، هەروەها رەنگە بارودۆخی كەركوك لە شوێنەكانی تری هەرێم ئاڵۆزتربێت”.
لێپرسراوی مەكۆی كەركوكی بزووتنەوەی گۆڕان، باسی لەوەشكرد:” منیش دەپرسم، ئایا بۆچی خەڵكی كەركوك ناوچە دابڕێنراوەكان بۆیان هەبوو بەشداری لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بكەن و دەنگ بدەن، ئەی بۆچی ئێستا بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە ناوی (پەرلەمانی كوردستان)ـەو نوێنەرایەتی كورد دەكات، لەم پرسە نەتەوەییە بێبەش بكرێن، ئەمە جێگای گومانە”، ئەوەشیخستەروو:” ئەوانەی كە بڕیاریاندا كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بەشداری لە ریفراندۆم بكەن، دەبێ هەر ئەوانیش وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە كە ئاخۆ بۆچی ئێستا بەشداری بە خەڵكی ئەو ناوچانە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ناكرێت”.
حەكیم عوبێد، راشیگەیاند:” پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان رۆڵیان هەبێ لەم بابەتە گرنگەدا، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی كە دەستی راستەوخۆیان هەبوو لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ناوچە دابڕێنراوەكان، چونكە ئەو بڕیارە لە ژێر چەتری پەرلەمانی كوردستانەوە دەرنەچوو، بەڵكو لە ژێر چەتری حیزبایەتییەوە ئەو بڕیارە درا، هەربۆیە ئێستا ئەو حیزبانە زیاتر بێنە سەرخەت لەسەر بێبەشكردنی خەڵكی ناوچە دابڕێنراوەكان لەو مافە، لە كاتێكدا بۆ ئەنجامدانی راپرسی هیچ گرفتێك بۆ بەشداریكردنیان نەبوو”.
لە كۆتایی قسەكانیشیدا، حەكیم عوبێد وتی:” دەبێ حیزب و لایەنە سیاسییەكان لە كەركوك لەسەر ئەو پرسە هەڵوێستیان هەبێ بەتایبەتی ئەوانەی دەستی راستەخۆیان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركوك هەبوو”.
پەرلەمانی كوردستانیش، سەبارەت بە بەشداریكردنی كەركوك و ناوچە دابڕنێنراوەكانی دیكە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن پێویستە یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار بكرێتەوە تاوەكو لە رێگای یاساوە بتوانن كەركوك و ناوچەكانی دیكەش بەشداربن. 
گەشە دارا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە بارەی هەمواركردنی یاساكەوە، بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”ئەگەر بمانەوێت كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، دەبێ یاسای هەڵبژاردنی بۆ هەموار بكەینەوە، چونكە ئەو یاسایە پێشتر ئەو ناوچانەی تێدا نەبووە”، ئاماژەی بەوەشكرد:” ئەگەر كار بەو یاسا كۆنە بكەین، ئەوە ناتوانرێت بەشداری بەو ناوچانە لە هەڵبژاردنەكە بكرێت، بۆیە یاساكە پێویستی بە هەمواركردنەوەیە”.
وتیشی:” كێشەكە ئەوەیە تائێستا پەرلەمان ناتوانێ بە تەواوی كاری خۆی بكات، لەبەر ئەوەی تائێستا پەرلەمان چالاك نەبۆتەوە، لەبەر ئەوە ناتوانێ یاساو بڕیار دەربكات بە هۆی كێشەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێمەوە”.
باسی لەوەشكرد:” دەتوانرێت لە ماوەی چەند رۆژێكدا یاساكە هەموار بكرێتەوە بۆ ئەوەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەكە بكەن”.
گەشە دارا، ئەوەشیخستەڕوو:” ئەو بابەتە پرسێكی سیاسییە، پێویستە لایەنە سیاسییەكان لەسەری رێكبكەون”.
گەشە دارا لەبارەی دەستنیشانكردنی كۆبوونەوەیەك بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە، وتی:” تائێستا ئاگادار نەكراویتەوە بۆ كۆبوونەوە لەو بارەیەوە”.
هەر سەبارەت بەو پرسە، حەسەن شێخانی لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ (هەواڵ) وتی:” كارێكی زۆر خراپە ئەگەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم پێنەكرێت، ئەمەش وەكو ئەوەیە فیشەكی رەحمە لەو ناوچانە بدەیت و ئەو ناوچانە بە دەسەڵاتی كوردی لەناو بچێت”، ئاماژەی بەوەشكرد:”ئەوان رێوشوێنە یاساییەكەیان لا گرنگە، بەڵام تۆ دەبێ تێڕامان و بۆچوونێكی تایبەتت بۆ ئەو ناوچانەش هەبێ”.
باسی لەوەشكرد:” بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمدا بەشدار نین، ئەوە هەڵەیەكی حكومەتی هەرێم بووە هەر لەسەرەتاوە، ئێستاش دەیانەوێت هەڵەكە گەورەتر بكەنەوە بەو بڕیارە”.
ئەوەشیخستەڕوو:” بێبەشكردنی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم غەدرێكی گەورەیە لە خەڵكی ئەو ناوچانە دەكرێت، من پێشتریش لە كۆبوونەوەكان وتوومە پێویستە نوێنەری كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمیشدا هەبن، بەتایبەتی ئەو وەفدانەی بۆ دانوستان دەچنە دەرەوە”.
حەسەن شێخانی، راشیگەیاند:” پێویستە سەركردایەتی سیاسی كوردستان رێگە لە بێبەشكردنی ئەو ناوچانە لە هەڵبژاردنەكان نەدات و هەڵوێستی جددی خۆیان لەو بارەیەوە هەبێت”.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش، ئەوە ناشارێتەوە ئەوە پرسێكی یاساییەوە و پێویستە پەرلەمانی كوردستان رێكارێكی یاسایی بۆ ئەو بابەتە دابنێت.
كامەران كەركوكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بۆ ئەم راپۆرتەی (هەواڵ)، رایگەیاند:”ئەوە بابەتێكی یاساییە، دەبێ پەرلەمانی كوردستان كۆبێتەوەلەسەری ، بۆ ئەوەی ئەو یاسایە هەموار بكاتەوە، یاخود پاشكۆیەكی بۆ دابنێن یا هەر رێكارێكی یاسایی تری بۆ دابنێن، بەڵام دەبێ بگونجێ لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان”.
كامەران كەركوكی، وتیشی:” پەرلەمانی كوردستان خۆی بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدات، چونكە كاتێك پەرلەمان بڕیاردەدات دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆكبن لەسەری، بۆ ئەوەی تەحدیدی كات و چۆنییەتی میكانیزمەكەی بكەن، بۆ ئەوەی ژمارەی كورسییەكانی كەركوك لەو هەڵبژاردنەدا دیاری بكرێت”.
چاودێرێكی سیاسیش پێیوایە بەشداری پێنەكردنی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كارێكی سیاسییە.
لەتیف فاتح فەرەج، چاودێری سیاسی پێیوایە، بەشداری پێنەكردنی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كارێكی سیاسییە، وەك خۆی وتی:” ئەگەر مەبەست و خەمیانە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بەشداربن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، یەكەم شت دەبێ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن، بەڵام كۆمسیۆنی هەرێم كۆمسیۆنێكی سیاسییە، نە سەربەخۆیە نەتوانای ئەوەشی هەیە”.
وتیشی:” بەشداریپێكردنی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە پرۆسەی ریفراندۆم، لەبەر خاتری هەندێ مەسەلە بوو، ئەی بۆ ئێستا ناتوانرێ بەشدارییان پێبكرێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” بەپێی یاساو بەپێی ماددەی (140) و بەپێی دەستور، چۆن حكومەتی عێراقی بۆی هەیە هەڵبژاردنی پەرلەمان لەو ناوچانە بكات، بەوشێوەیەش حكومەتی هەرێم بۆی هەیە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدات، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە كێشە لەسەرن، بۆیە قەناعەتم بەوە نییە بڵێن ناتوانین”.
باسی لەوەشكرد:” وەك چۆن قەناعەتم بەوە هەیە پرۆسەی ریفراندۆم پرۆسەیەكی سیاسی بوو، خەمێكی بۆ ئەو ناوچانە تێدا نەبوو، بۆ ئەوە ئەنجامدرا كێشەی سیاسی بۆ ئەو ناوچانە دروست ببێت، ئەی بۆ ئێستا هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام نادرێ، دیارە كێشەكە سیاسییەو لێدانە لە دەنگی خەڵكی ئەو ناوچانە، هێشتنەوەی كێشەكە بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی هەندێ هێزی كوردستان بێت، بە بڕوای من ئەگەر خەڵكی ئەو ناوچانە بەشداری پێبكەن، هاوسەنگی هێز لە كوردستان دەگۆڕێت”.
ئاشكراشیكرد:” یەكێتی بەرپرسی یەكەم دەبێت لە بێبەشكردنی خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم، چونكە یەكێتی بەو مەرجە چۆتە نێو پرۆسەی ریفراندۆمەوە كە هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانیش بكرێت”.
نەشیشاردەوە:” بێبەشكردنی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم، خیانەتێكی گەورەیە دژ بە دانیشتوانەكەی”. 
سەبارەت بە پرسەكە عەلی حسێن شوانی بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم وتی:” ئەوە بابەتێكی یاساییە، جگلە لەوەی تائێستا یاساكە نییە، پێویستە بۆ بەشداریكردنی ناوچە دابڕێنراوەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم یاسا هەبێ، لەبەر ئەوەی لەو یاسایەدا ژمارەی كورسییەكانی ئەو ناوچانە دایاری بكرێن”.
لای خۆشیانەوە ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستانیش، ئەوە ناشارنەوە تائێستا كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لەو هەڵبژاردنە بەشدارانین و هیچ ئامادەكارییەكیش نەكراوە .
عەلی حوسێن شوانی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم وتیشی:” پەرلەمانی خولی ئایندە دەتوانێ بڕیار لەسەر بەشداریكردنی ئەو ناوچانە بدات، چونكە بیانوویان ئەوەیە ئەم پەرلەمانە نوێنەری ئەو ناوچانەی تێدا نییە”.
هەروەها باسی لەوەشكرد:” تائێستا كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لەو هەڵبژاردنە بەشدارانین و هیچ ئامادەكارییەكیش نەكراوە”.


‌ 1146 جار بینراوه‌
10/14/2017 12:04:28 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved