»  کاتژمێر یازدە
لە مەراسیمی ماڵئاوایی مام-دا یەكێتی لە كوێ بوو؟
شوان داودى

لەسەر مێژووی خەباتی تاڵەبانی ناوەستم، تەنها لە پێناسەیەكی كورتدا نەبێت ئەویش ئەوەیە كە سەركردەی دوو شۆڕش بووە لە یەكێكیاندا هەم رابەرو هەم هەڵگیرسێنەری شۆڕشەكە بووە، لەشاخ و شار هەم پێشمەرگەو هەم تێكۆشەرێكی كوردایەتی بووە بە پلەی نایاب، لە هەمان كاتدا بە درێژایی (70) ساڵ سیاسەت و خەباتكردنی بۆ یەك رۆژ لە بزووتنەوەی نیشتمانی عێراقی دانەبڕاوەو پەیوەندی لەگەڵ هەموو هێزو لایەن و كەسایەتییە نیشتمانپەروەرو دیموكراتخواز و لیبراڵ و پێشكەوتووخوازو ئایینییەكانی عێراقدا پتەوو بەردەوام بوو، لە هەموو كات و ساتە جیاوازەكاندا چی لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆن و خەباتی چەكداریدا، چی لە سەردەمی پرۆسەی ئازادی عێراق و نووسینەوەی دەستورو دەوڵەتداری و سەرۆكایەتیدا، سەرباری ئەمانەش لەسەر ئاستی جیهانیدا بە كەسایەتییەكی سۆسیال دیموكراتی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست ناسرابوو، تا ئەو ئاستەی بوو بە جێگری سەرۆكی سۆسیال ئەنتەرناسیۆناڵ، تاڵەبانی چەندە خەباتی بۆ رزگاری نەتەوەكەی كردووە ئەوەندەش خەباتی بۆ بەدیهێنانی دیموكراسی و ئازادی بۆ گەلانی عێراق كردووە بە هەموو رەنگەكانیانەوە، هەر بۆیە مێژوو شەرەفی ئەوەی پێبەخشی كە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بە دەنگی هەموو پێكهاتەكانی عێراق ببێتە یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی  كۆماری عێراق و  لەماوەی سەرۆكایەتیەكەیدا سەركەوتوبوو لەوەی ببێتە خاڵی كۆكەرەوەی عێراقییەكان بە هەموو جیاوازو ناكۆك و دژ بەیەكەكان، فاكتەری دروستكردنی هاوسەنگی بوو لە نێوان ئەمریكاو ئێراندا كە دوو یاریكەری راستەوخۆن لە وڵاتەكەدا،  هەرچەندە بە هۆی نەخۆشكەوتنی لە 19/12/2012  لە پرۆسەی سیاسی دابڕاوە، بەڵام مانەوەی لە ژیان رەمزییەتی بەهاداری هەبوو، بەداخەوە لە 3/10/2017 ماڵئاوایی یەكجارەكی لێكردین. 
سەردەمی ماڵئاوایی كردنەكەی تاڵەبانی سەردەمێكی زۆر هەستیارە، كوردستان و عێراق و ناوچەكەش بە گۆڕانكاری گەورەدا گوزەر دەكات، میللەتەكەمان رووبەڕووی كۆمەڵێك قەیرانی قورس بۆتەوە، پەیوەندییەكانی كوردستان لەگەڵ عێراق و ئێران و توركیاو دۆستەكانمان لە قۆناغێكی دژواردایەو دەسكەوتەكانمان لەبەردەم هەڕەشەو مەترسی جدی و گەورەدان، لەم كاتەدا كوردو عێراق و ناوچەكەش پێویستییان بە حیكمەتەكانی تاڵەبانییە.
عێراقییەكان بە گشتی و گەلی كورد بەتایبەتی ئومێدی ئەوەیان هەبوو مەراسیمی پێشوازیكردن لە تەرمەكەی تاڵەبانی و ناشتن و پرسەكەی ببێتە هۆكاری لێكنزیكبوونەوەی هێزو لایەنە سیاسیەكان و دواتر ببێتە فاكتەری خاوكردنەوەی گرژییەكان، بەكوردی و بەكورتی چۆن لە ژیانیدا كۆكەرەوەی جیاوازییەكان بوو ئومێدی ئەوەش هەبوو لە مردنیدا ئەو رۆڵە گەورەیە ببینێت و دەرگایەك بەڕووی ئاسۆی چارەسەرییەكاندا بكاتەوە، بەڵام كوشتیان.
كێ و چۆن؟ لەپێناو چی؟ بۆ كێ؟ كۆمەڵێ پرسیارن دەبێت سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەڵامی بۆیان هەبێت.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان حیزبەكەی تاڵەبانی كە لە دامەزراندنییەوە لە 1/6/1975ـەوە تا نەخۆشكەوتنی رابەرایەتی كردووە، دەرفەتێكی گەورەی لەدەستدا بۆ خۆی و بۆ كوردو بۆ عێراقیش لە وەبەرهێنانی كۆچی تاڵەبانیدا و غەدرێكی گەورەیان لە خودی تاڵەبانی كرد. 
بەو حوكمەی كە تاڵەبانی (70) ساڵ خەباتی بۆ بەدیهێنانی دیموكراسی كردووە لە عێراقدا، دواتر بە دەنگی هەموو پێكهاتەكانی عێراق یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی عێراق بوو بە یەكێك لە رابەرە نیشتمانییەكانی عێراق ناسراوەو لەلایەن هەموو عێراقییەكانەوە خۆشەویستەو ئێستاش یەكێك لە هاوەڵەكانی تاڵەبانی سەرۆكی عێراقە، دەبوو یەكەمجار تەرمەكەی لە فڕۆكەخانەی بەغدا بە ئاڵای ئەو عێراقەی هەشت ساڵ سەرۆكی بووە، دابەزێت و لە ئاستی نیشتمانیداو بە چاودێری سەرۆكایەتی كۆمارو حكومەتی عێراق مەراسیمێكی نیشتمانی سازبكرایەو سەرۆك و پاشای وڵاتان بانگهێشت بكرانایە بۆ دەست لەسەر سنگ وەستان لە ماڵئاواییكردنی سەرۆكدا، دواتر بگوازرایەتەوە بۆ هەولێرو لە فڕۆكاخانەی ئەربیل بە ئاڵای كوردستانەوە دابەزێت و لە ئاستی نەتەوەییدا مەراسیمێكی شایشتە بە چاودێری حكومەتی هەرێم رێكبخرایەو هەموو هێز و لایەن و كەسایەتییە تێكۆشەرەكانی كورد لە هەرچوار پارچەكەی كوردستان دەست لەسەر سنگ لە حزووریدا ئامادە بوایەن. 
پاشان بە كەژاوەی ئۆتۆمبێل لە پایتەختی كوردستانەوە بەرەو كەركوكی قودسی كوردان و سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی بەڕێبخرایە، بۆ ئەوەی بۆ دواجار رۆحی مام بە پایتەخت و قودسەكەی شادبكەین و شەرەفی دوانیگای ماڵئاوایی بۆ كۆمەڵانی خەڵك و خۆشەویستانی مام ببەخشن، ئەوجا لە دەباشان لەگەڵ بەخاك سپاردنیدا بەوتاری ماڵئاوایی حیزبەكەی و هێزو لایەنە سیاسییەكان دوا خواحافیزی لێبكرایە.
ئەمانە هیچی نەكرا، هەمووی كورت كرایەوە لە مەراسیمێكی شپرزەو بێسەروبەرو پڕ لە هەڵەی پرۆتۆكۆڵی!! ناشایستە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی كە لە ئاست شكۆی تاڵەبانیدا نەبوو، جگە لەوە ئەو ئومێدەی لەلایەن كۆمەڵانی خەڵك و هێزو لایەنە سیاسییەكان هەڵچنرابوو، بۆ كۆكردنەوەی لایەنە جیاوازو ناكۆك و دژ بە یەكەكان و خاوكردنەوەی گرژییەكان و كردنەوەی ئاسۆیەك لە بار برا، بە پێچەوانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتووبوو لە وەبەرهێنانی ئەو كۆستەی كورد بۆ خۆی و قوڵكردنەوەی گرژییەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر حیسابی یەكێتی، پێش هەموو شتێك دەبێت ئەوە بزانین پارتی دیموكراتی كوردستان بەرپرسیار نییە، چونكە ئەو حزبی سیاسییەو كار بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی دەكات، بەرپرسیاری یەكەم سەركردایەتی یەكێتییە، چونكە دەبێت بزانن ئەوانەی كە ناویان ناوە هەڵە لە ئیسلامدا (كبائر)ـی پێ دەڵێن، مایەی لێخۆشبوون نیین، لەبەرئەوەی پێش هەموو شتێك غەدر لە خودی تاڵەبانی كراوە كە لە سەركردەیەكی جیهانی و رابەرێكی نیشتیمانی عێراقی و رابەرێكی نەتەوەیی گەورەی كوردەوە تەنها پێناسە نەتەوەییەكەی پێ بەخشراو سەروەرییەكانی تری لێ سەندرایەوە، دواتر لە دەستدانی دەرفەتێك كە بۆ تاڵەبانی وەكو كوردێك و بۆ یەكێتی وەكو حیزبەكەی تاڵەبانی رەخسا لەوەی دەیان سەرۆك و پاشا دەست لە سینگ لە ئاستی نیشتیمانیی باڵادا لە پێشوازی تەرمەكەیدا بووەستن، بۆ هیچ كوردێكی تر دووبارە بوونەوەی ئەستەمە.
ئەم جۆرە پێشوازی كردنە، جگە لە بچووككردنەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە حزبێكی بزوێنەرەوە بۆ پاشكۆبوون، هیچ مانایەكی تر نابەخشێت.
بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەندێ جار لە هەندێ سەركردەی یەكێتییەوە  ئەوە دەبیستین، كە خانەوادەی تاڵەبانی رێگربوونە، وایان پێباش بووە، بەتایبەتیش ئاماژە بۆ كوڕی دووەمی تاڵەبانی دەكرێت كە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمە، تاڵەبانی حزبی هەبوو، حزبەكەی خاوەنێتی ، بۆیە ئەم پرسە ناكرێت بۆ خانەوادە بە جێبهێڵرێت، چونكە سەرچاوەی شكۆی تاڵەبانی حزبەكەیەتی، شەهیدەكانێتی، پێشمەرگەكانێتی، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان بنەماڵەی راستەقینەی تاڵەبانین.. كادرەكانێتی، ئەندام و دۆست و لایەنگرەكانێتی، ئەوانەن كە قوڕیان بۆی دەپێوا، ئەوانەن كە ئێستاش نایانەوێ بڕوا بە كۆچی رابەرەكەیان بكەن.
وەكو شایەتحاڵێك، پێش گەیشتنی تەرمی سەرۆك درك بەو هەڵە پڕۆتۆكۆڵیانە كرا، پێش روودانی لەلایەن خودی لاهور تاڵەبانی برازای سەرۆك و كەسایەتی دیاری بنەماڵەكەی و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەوڵی راستكردنەوەی درا، بەڵام بەداخەوە برادەرانی پڕۆتۆكۆڵ هەموویان بادینی بوون لە زمانی شێخ تێنەگەیشتن! لە كاتی گەیشتنی تەرمەكەشدا هێرۆخان هاوسەری سەرۆك و باڤێڵ كوڕی گەورەی سەرۆك و ئاراس برازای سەرۆك  هەرلە سەرەتاوە هەڵەكان نیگەرانی كردن، تەنانەت لەبەر نیگەرانییەكانیان بەشداری دانانی تاجە گوڵینەیان لەسەر تەرمی سەرۆك نەكرد، ئەوەش وەك دەربڕینی ناڕەزایی لەو هەڵە پڕۆتۆكۆڵیانە! هەندێ دەمەقاڵێش لەنێوان كەسانی نێو بنەماڵەی تاڵەبانی و هەندێ لە بەرپرسەكانی یەكێتی لەبەر هەمان هۆكار دروست بوون، جێگری سەرۆكی حكومەت كە كوڕی دووەمی تاڵەبانییە، بە درێژایی مەراسیمەكەی فڕۆكەخانە، لەبەر  سەرقاڵی بوونی بە كوڕەكەیەوە، ئاگای لە میوانەكان و مەراسیمەكە نەبوو، سەركردەكانی یەكێتی  جگە لە مۆڕەكردن لە یەكتر خەمی كورسییەكانی پێشەوەیان بوو، ناوی نوسراوی سەر كورسییەكانیان دەدڕاندو خۆیان دادەنیشتن، میوانەكانیش لە ریزی پشتەوە راوەستابوون، بڕیاربەدەستەكانی یەكێتیش ئەوەندە بە دەوری بارزانیدا دەخولانەوە ئاگایان لە تەرمی تاڵەبانی نەبوو، تەنانەت حزبەكەی تاڵەبانی وتاری ماڵئاوایی لە بەڕێخستنی دامەزرێنەرو رابەرەكەیدا  نەبوو، هەربۆ رازیكردنی بارزانی فراكسیۆنەكەی تاڵەبانی لە پەرلەمانی عێراق ئامادە نەبوون، لە كاتی خوێندنەوەی وتاری ماڵئاوایی بۆ تاڵەبانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ ساتێك بووەستن، قەبوڵیشیان نەبوو وتارەكە بەناوی فراكسیۆنەكەیانەوە بێت، هەروەكو چۆن یەكێتی رۆژی مەراسیمەكە خاوەن پرسە نەبوو، بەڵكو میوان بوو.
خۆشەویستان و شوێنكەوتوانی تاڵەبانیش لەسەرتاسەری كوردستاندا شین و رۆڕۆیان بوو، لە فڕۆكەخانەوە تا دەباشان قوڕیان دەپێوا، ئەو جەماوەرە ئەو هەزاران هەزارە ئەو حەشاماتە تازیە بارە نەبۆ خانەوادەكەی تاڵەبانی، نە بۆ سەركردەكانی یەكێتی هاتبوون، ئەوان بۆ تاڵەبانی لەوێ بوون،.. ئەوەی تا ئێستا  لەبەر حورمەتی تاڵەبانی لەبەرپرسەكانیان قبوڵ كردووە، چیتر قبوڵی ناكەن،  چونكە تاڵەبانی رۆی قوڕتان بەسەر.

‌ 845 جار بینراوه‌
10/14/2017 12:05:36 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved