»  شەکری تاڵ
رژاندنی فرمێسكی تیمساحی.....



لەدوای بڵاو بوونەوەی كۆچی بەڕێز مام جەلال لە2017- 10- 3 لە نەخۆشخانەی شاریتە لەوڵاتی ئەڵمانیا، خەڵكی هەرچوار پارچەی كوردستان و عێراق و ماتەمینیان راگەیاند، جەماوەری پڕجۆش و خرۆش لەهەموو شارو شارۆچكەكان تازیەباربوون، بەتایبەت لە رۆژی گەڕانەوەی تەرمی مام جەلال لە بەرواری 2017-10-6 لە ڕێگەی فرۆكەخانەی سلێمانیەوە و گرتنەبەری رێو شوێنی پێویست و پڕۆتۆكۆلی بەمەڕسومی كۆماری.
ئەو پێشوازیە گەرمەی لەتەرمی پیرۆزی كرا، هەرچەندە تێبینی زۆری لەسەر بوو، چونكە ئەو دوو خول سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ بوو، دەكرا لەفڕۆكەخانەی بەغدا مەڕاسیمی شایستەتری بۆ بكرایەو لەگەڵ ئاڵای كوردستان ئاڵای عێراق دابنرایە لەسەر تەرمی پیرۆزیان، چونكە ئەو لەژێر ئەو ئاڵایە سەرۆك كۆماری عێراق بوو، بەهەر حاڵ ئەوە پەیوەندی بەخانەوادەی بەڕێزیانەوەو لایەنی پەیوەندیدارەوەیە، لەدوای نیشتنەوەی ئەو فڕۆكەیە تەرمی مامی هەڵگرتبوو داگرتن و دانانی تاجەگوڵینە لەسەری و رێوڕەسمی وەرگرتنی جەنازە، ئەو پێشوازیە گەرمەی هەرلەفڕۆكەخانەوە تا مزگەوتی گەورەو دواتر تاگەیشە دەباشان و بەخاك سپێردرا، وەك لەچاوی كامێراكانەوە پیشاندرا، خەڵكی بەهەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەكانەوە، لەحزوری مام چاو بەئەسرین و دڵ پڕبرین بوون، گەردن ئازادیان لەمامی كوردان دەكرد، هەندێك شین و هەندێك قوڕ بەباڵاو سەری خۆیانا دەكرد، هەندێك تاجەگوڵینەی وەفاو رێزی پێشكەش دەكرد، هەركام بەجۆرێك ماتەمی خۆی دەرئەبڕی، جگە لەكادیران و بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی.
ئەوەی من دەمەوێ لێرەدا باسی بكەم و بەسەرەقەڵەمێك تیشكێك بخەمە سەری ئەو فرمێسكە تیمساحییانەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی مام جەلال بوو، كەبەداخەوە لەدوای نەخۆش كەوتنی فەخامەتی بەڕێز مام جەلال لەبەرواری 2012-12-17 لەخولی دووەمی ماوەی سەرۆك كۆماری لەكۆشكی كۆماری و گەیاندی بەنەخۆشخانەی ئەڵمانیا، هەرزوو هەڤاڵانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، كەوتنە ململانێ و باڵباڵێن و شكاندنی یەكتر، ئەوەندەی ئەوان لەخەمی قایمكردنی پێگەی خۆیان و كۆمپانیاكانیان بوون، نیو هێندەلەخەمی نەخۆش كەوتنی مام و یەكڕیزی نێووماڵی یەكێتی نەبوون، هەرزوو رێبازی مام جەلال و سیاسەتی چەپكە گوڵەكەیان فەرامۆش كرد، ئەوێ رۆژێ پێشمەرگەكان لەسەنگەرەكانی بەرگری لەخاكی كوردستان لەگەڵ كەسو كاری شەهیدان و ئەنفال كراوان و پێشمەرگە دێرینەكان و رۆشنبیران و قەڵەمە دڵسۆزەكانی كوردستان داوایان دەكرد كە هەڤاڵانی سەركردایەتی واز لە ئیمتیازات و پلەو پۆست بێنن، یەكێتی نێو یەكێتی و رێبازی مام بپارێزن، خەڵك ئەمڕۆی لەپێش چاوبوو كە مەرگی مام هەموو كورد و یەكێتی بێ ناز دەبێ، هاوسەنگی عێراق و ناوچەكە تێك دەچێ، بەڵام ئێوەی هەڤاڵانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی نەك گوێتان نەگرت، بەڵكو بوون بەچەند بەرەو گروپێكەوەو هەریەكەو بەناو ناونیشانێكەوە، گوزارشتان لەخەمخۆری خۆتان دەكرد، من دڵنیام ئەگەر مام باری تەندروستی وانەبوایە بەخۆی و گۆچانەكەو چاویلكەكەی لەیەك كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەمووتانی تەمێ دەكرد، یان بەیەكجاری لەیەكێتی دوری دەخستنەوە، یەك بەیەك لێتانی دەپرسیەوە لەموڵك و ماڵ و ڤێلاو رەزو وباختان، بەڵام داخ هەزارجار داخ مەرگ بەرۆكی مامی گرت، مەودای نەدا ببینێ سەردەمێكی تر، بەڕۆیشتنی مام گەلێك بێ مام و نەتەوەیەك بێ سەرۆك كەوت، ئێستاش ئێوەن لەشاشەی تیڤیەكانەوە فرمێسكی تیمساحی دەڕێژن و تازە دەڵێن درێژە پێدەری رێبازی مام دەبین، هەرچەند دڵنیام رێبازەكەی ون دەكەن وەك ئەوانەی كەلایاندا لە رێبازی، بەڵام دڵنیا بن مێژوو روحم بەكەس ناكا روداوەكانی رۆژگار وەك خۆی تۆمار دەكات.
 ئیمزا
ئیدریس عەبدوڵا

‌ 848 جار بینراوه‌
10/14/2017 12:09:28 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved