»  وتاری هەفتە
كێ گۆچانەكەی مام بەدەستەوە دەگرێت؟
بورهان حاجی سلێمان


رەنگە لە رووی عاتفیەوە هەموومان پێمانوابێت هێشتا زوو بێت باس لە جێگرتنەوەی رەوانشاد سەرۆك مام جەلال بكرێت، چونكە وەكو كورد دەڵێت "هێشتا كفنەكەی زەرد نەبووە"، بەڵام دۆخی ناوخۆیی یەكێتی و هەڕەشەكانی سەر كوردستان و ئایندەی فرەیی و هاوبەشی سیاسی راستەقینە لە هەرێم، وا دەخوازن پرسی جێگرتنەوەی مام نە بەعاتیفە وەربگیرێت و نەچیتریش بهێڵدرێت وەكو بیانوویەك لە لایەن سەركردایەتی یەكێتی بۆ هێشتنەوەی دۆخەكە بەمشێوەیەی ئێستای بەكاربهێنرێت.
بە هەموو پێوەرێك ئێستا لە قوچەكی سەركردایەتییەكەیەوە تا دوا ئۆرگانی، یەكێتی پێویستی بە گۆڕانكای سەرتاسەرییە، چونكە ناكرێت حیزبێك سكرتێرەكەی كۆچی دوایی كردبێت و جێگری یەكەمی سكرتێریش نەخۆش بێت و جێگری دووەمیش سەرقاڵی ماڵ جیاكردنەوە بێت و بە لیستێكی (سەربەخۆی) نەك سەر بەحیزبەكەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكات! ئەو ژنەی لە دوای نەخۆشكەوتنی مامیشەوە توانی تا رادەیەك بەر بە هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی بگرێت، ئێستا ئەویش نەخۆشە، ئۆرگانەكانیشی مۆرانەی دەستەگەری لێیداون و وەكو فەرمانگەكانی دەوڵەت رۆتین و بیرۆكراتی تووشی متبوونی كردوون و كادرەكانیشی  فەرمانبەرئاسا رۆژ دەدەنە دەم رۆژەوە!
راستە لەئێستادا جێگەی مام جەلال وەكو خۆی بە كەس پڕناكرێتەوەو لەئاسۆیەكی نزیكیشدا تاڵەبانییەكی دیكە بەدیناكرێت، بەڵام ناكرێت چاوەڕێی فەریادڕەسێك بن لە ئاسمانەوە دابەزێت، چونكە مام جەلالیش هەر كوڕی ئەم گەلە بوو، خوێندنگەو رێبازێكیشی بەجێهێشتووە كە دەتوانێت سەركردەی دیكە بەرهەمبێنێت و درێژە بە عەقیدەی تاڵەبانی بدات و یەكێتی بگەیەنێتە كەناری ئارام، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەو سەركردەیە (كێیە) و (چۆن هەڵدەكەوێـت)؟ 
ئەوەی دێتە شوێن تاڵەبانی دەبێت بڕوانامەی خاڵی بوونی لە پەتای دەستەگەری هەبێت و مام وتەنی "هی یەكێتییەكان بێت و هەموو یەكێتییەكانیش بەهی خۆی بزانێت"، تەمەنی لە خوار تەمەنی پیرانی مەكتەب سیاسیەوە بێت! توانای داهێنان و بەرگەی پیلانگێڕیەكانی هەبێت، شارەزایی لە خوێندنەوەی ناخی یەكێتییەكانی هەبێت، بوێریی لەبڕیارداندا هەبێت و كاریگەری ئایدیای دیكەو ئیمتیازاتی ماددی بەسەرەوە نەبێت، دەردی بوغرایی و رق و كینەی لەبەرانبەر كەس نەبێت، بەڵام لە سایەی لێكترازانی ناو ماڵی یەكێتی و نەخوێندنەوەی یەكتر و پاشەقول گرتن لەیەكتری، (كێیە) بە ئەندازەی (چۆن هەڵدەكەوێـت) گرنگ نییە، چونكە تەنانەت ئەگەر مەهدی مونتەزریش بێت، سەركردایەتی یەكێتی شكستی پێدێنێت.. نەك تەنها گۆچانەكەی تاڵەبانی بەڵكو گۆچانەكەی موساشی پێبێت ناتوانێت یەكێتییەكان لە دەریای مەترسی بپەڕێنێـتەوەو لە بیابانی ونبوون ئاراستەیان بكات، چونكە ئەوان لەپەیڕەوی حیزبەكەیان یاخی بوونەو لە رێبازی تاڵەبانی لایانداوە.. لە شوڕشگێڕێكی چەپەوە بوونەتە سەرمایەدارێكی بازرگان.. لە پێشەنگی بزووتنەوەی رزگاری پێشكەوتووخوازەوە، بوونەتە پاشكۆی رەوتێكی كۆنەخواز، چارەنووسی ئەم گەلەشیان داوە بەدەست سەركێشییەكی ترسناكی تاكە حیزبێكەوە.. 
ئێستا نەك هەر یەكێتی، بەڵكو هەموو كورد لەبەردەم شەپۆلی دەریای نەزانی هەولێر و هەڕەشەی فیرعەونەكانی تاران و ئەنقەرەو بەغدایە، بۆیە كاتی هاتووە كەسێك گۆچانەكەی تاڵەبانی بگرێتەدەست و سینگی دەریای نەزانی شەق بكات و كورد لە فیرعەونەكانی ناوچەكە رزگار بكات، بەمەرجێك سەركرەكانی یەكێتیش زەمینەسازی بۆ هەڵكەوتنی ئەو فریادڕەسەو سەركەوتنی بكەن.   




‌ 3111 جار بینراوه‌
10/14/2017 12:26:57 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved