»  راپۆرت
داوادەكرێت میدیا رۆڵی خۆی لە هێوركردنەوەی دۆخەكەو لێككنزیكردنەوەی لایەنە سیاسیەكان بگێڕێت
ئا / هەواڵ




دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان، پێویستە میدیا چ رۆڵێك ببینێت لە هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو ئارامكردنەوەی دەروونی هاوڵاتیانی كوردستان و یەكڕیزی نێو ماڵی كورد.

بە وتەی میدیاكارێكی گۆڕان ئەركی ئەوان  ئەوەبوو بۆ چركەیەكیش خەڵكی شارەكەیان بە جێنەهێڵن و لە زۆر شوێنیش سەركێشییان بە ژیانی خۆیانەوە كردووە.
ئارام جەمال، بەرپرسی نوسینگەی میدیای گۆڕان لە كەركوك وتی:" ئەركی سەرەكی میدیا ئەوەیە لە پشت هاوڵاتیان بێت و هاوڵاتیان بە تەنیا جێنەهێڵێت و لەگەڵ راگرتنی ئاسایشی هاوڵاتیان بێت"، ئاماژەی بەوەشكرد:" دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر زۆر كەم بوون ئەو میدیایانەی كە لەگەڵ هاوڵاتیان مانەوە، بە تایبەتی لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، بەتایبەتی لە دوای لەشكركێشییەكانی سوپای عێراق بۆ ناوچەكەو پاشەكشەی هێزی پێشمەرگەو سەركردایەتی سیاسی كورد".
وتیشی:" لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە بووە سیمبولی ئازادی و ناسنامەی نەتەوەی كورد لە هەموو جیهان، بەڵام بە داخەوە وەك ئەوەی كورد دەیڵێت: ئەوەی لە جەنگەكاندا بەخوێن بە دەستمان هێنابوو، جارێكی تر سیاسییەكانی كورد دۆڕاندیان".
ئارام جەمال باسی لەوەشكرد:" ئەركی ئێمە وەك میدیای گۆڕان ئەوەبوو بۆ چركەیەكیش خەڵكی شارەكەمان بە جێنەهێڵین، كە لە زۆر شوێن تەنانەت سەركێشیمان بە ژیانی خۆشمانەوە كردووە، تەنها لەبەر ئەوەی دۆخی شارەكە هێور بێتەوە، چونكە بڕوامان وابوو ناكرێت كورد ئەم شارە جێبهێڵێت، لەبەر ئەوەی چۆڵكردنی شارەكە لەلایەن كوردەوە كارەساتی گەورەی بە دوادا دێت وەك چۆن پێشتر ئەم شارە لەلایەن بەعسەوە تەعریب دەكرا".
راشیگەیاند:" لەگەڵ كۆمەڵێك میدیاو میدیاكاری هاوڕێمان توانیمان لە رێگای كەناڵەكانمانەوە، یاخود لەسەر ئاستی كەسی و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رۆڵێكی گەورەو باش بگێڕین بۆ ئەوەی خەڵك دان بە خۆیدا بگرێت و شار چۆڵ نەكات، هەوڵەكانیشمان بەرەنجامی زۆر باشی هەبوو".
روونیشیكردەوە:" ئێستا ئەركی هەموو میدیاكانە، ئەم دۆخە زیاتر بەرەو ئاسایی بوونەوە بەرن، كە لە راستیشدا دۆخەكە بەشێوەیەكی باش ئارام بۆتەوە، راستە هەندێ گۆڕانكاری لە رووی سەربازییەوە كراوە، بەڵام ئەو گۆڕانكارییانەش بە پێی دەستور كە سەركردایەتی سیاسی كورد پەسەندی كردووەو كورد لە ساڵی 2005 دەنگی بۆ داوە، دەتوانرێت لە چوارچێوەی ئەو دەستورەدا مافە مەدەنی و نەتەوەییەكانمان بپارێزین".
ئارام جەمال وتیشی:" داوا لە هەموو میدیاكان دەكەم، هەموو هەوڵەكانمان بۆ ئاسایی كردنەوەی باری دەروونی هاوڵاتیان بێت، چونكە ناكرێت رووداوەكان لە قەبارەی خۆیان گەورەتر بكرێنەوە، ئەگەر بینیمان لە كەركوك غەدر لە خەڵكی شارەكە دەكرێت رێگەی لێ بگرین، چونكە دەستوری عێراقیش ئەو مافەی بە خەڵك داوە كە كەس غەدری لێ نەكرێت".
راگەیاندكارێكی كۆمەڵیش  پێیوایە دەبێ میدیاو میدیاكاران لە كەركوك رۆڵی خۆیان بگێڕن و زیاتر نەتەوەییانە كاربكەن و ورەی خەڵك بەرز بكەنەوەو خۆیان لە ململانێ حزبییەكان بە دوور بگرن.
چیا نوری بەرپرسی نووسینگەی پەیامیش لە كەركوك لەو بارەیەوە بۆ (هەواڵ) وتی:" لەو بارودۆخەی كە لەناوچە روویدا بەتایبەتی لە كەركوك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بارودۆخێكی زۆر نەخوازراو نالەبار بوو، جگە لەوەی هێزی پێشمەرگە بە جۆرێك لە جۆرەكان پاشەكشەی كرد لە ناوچەكە، هێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هاتنە ناوچەكە، هەربۆیە ئەركی میدیایە رۆڵی خۆی ببینێت لە دۆخێكی وەهادا بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو رۆڵێكی گرنگی هەبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەش، ناوچەكانی خۆیان چۆڵ نەكەن".
چیا نوری باسی لەوەشكرد:" كەركوك جگە لەوەی شاری هەموو نەتەوەكانە، بەڵام پێكهاتەی كورد لەناوچەكە لە پێشی هەموو نەتەوەكانەوەیە، بۆیە ئەركی میدیا ئەوەیە رۆڵی خۆی بگێڕێت لە هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو ورەی خەڵك بەرز بكاتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لە شوێنەكانیان بمێننەوەو ناوچەكە چۆڵ نەكەن".
ئاماژەی بەوەشكرد:" پێویستە میدیاكاران خۆیان یەكبخەن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت لەناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بتوانن زیاتر خزمەت بە هاوڵاتیانی خۆیان بكەن و خۆیان لەهەر ململانێیەكی حزبی بپارێزن".
راگەیاندنكارێكی نزیك لە پەكەكە-ش دەڵێت: ئەركی میدیایە هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە بدات.
لەسەر هەمان بابەت سۆران محەمەد، لێپرسراوی نوسینگەی كەركوكی رۆژ نیوز بۆ (هەواڵ)  وتی:" لە ئێستاداو پاش ئەوەی ڕەوشی ناوچەكە بەرەو بارگژی زیاتر دەڕاوت، ئەركی  میدیایە كە ڕۆڵی گرنگ ببینێت، لە ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، بە تایبەت بۆ ئەوەی كە چیتر هاوڵاتیان لە ترس و دڵەڕاوكێدا نەژین"، ئاماژەی بەوەشكرد:"  گرنگە دەزگا ڕاگەیاندنەكان بە بینراو بیستراو و خوێنراو بە ئەركی ئەخلاقی و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی خۆیان هەستن و هێوركردنەوەی دۆخەكە لە ئەستۆ بگرن".
سۆران محەمەد وتیشی:" گرنگە لە ئێستادا، میدیای كوردی باس لە یەكڕیزی نەتەوەی و نێو ماڵی كوردی و لایەنە سیاسییەكان بكات، بەگشتی ئەركی میدیا لە ئێستا ئەوەیە، كە نەبێتە بەشێك لە دروستبوونی ناكۆكی و پشێوی، بەڵكو ئەركی میدیایە كە لایەنەكان زیاتر لە یەكتر نزیك بكاتەوە، چونكە میدیا نەك دەسەڵاتی چوارەمە لە باشوری كوردستان، بەڵكو ئێستا میدیا ڕۆڵی دەسەڵاتی یەكەم دەبینێت، لەبەر ئەوەی پردی متمانەی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات پچڕاوە، بۆیە ئێستا هاوڵاتی چاوی لەسەر میدیایە".

 







‌ 1247 جار بینراوه‌
10/28/2017 8:55:06 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved