»  راپۆرت
حزب و لایەنە سیاسیە كوردستانیەكانی كەركوك، داوای یەكڕیزی ماڵی كورد دەكەن
ئا / هەواڵ


حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە كەركوك، بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی رووبەڕووی شارەكەو ناوچە دابڕێنراوەكان و كوردستان بووەتەوە، داوای یەكڕیزی نێو ماڵی كورد دەكەن.

لەپاش رووداوە نەخوازراوەكانی ئەم دواییە كە وەكو دەرهاویشتەیەكی ریفراندۆم رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی رووبەڕووی شارەكەو ناوچە دابڕێنراوەكان و كوردستان بووەتەوە، حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان یەكڕیزی نێو ماڵی كورد بە چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی قۆناغە دەزانن.
یەكێتی نیشیتمانی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەو قۆناغە هەموارەی رووبەرووی شارەكە بۆتەوە دەتوانن بەیەك هەڵوێستی و یەك دەنگی لایەنەكان تێیبپەڕێنن. 
لەو بارەیەوە عەلی قەڵایی بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی دووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كەركوك بۆ ئەم راپۆرتەی (هەواڵ)، رایگەیاند:" بۆ دەربازبوون لەم قۆناغەی ئێستای كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان وا دەخوزاێت هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یەكڕیز و یەكدەنگ بن، بۆ ئەوەی بە هەموومان پێكەوە بتوانین ئەو قۆناغە ناهەموارەی رووبەڕوومان بۆتەوە تێیپەڕێنین و بتوانین چارەسەری بكەین، لەبەر ئەوەی دۆخەكە زۆر ناهەموارە".
بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك وتیشی:" لە دوای شەڕی داعشەوە بە خوێنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانرا بەشێكی زۆر لە خاكی كوردستان ئازاد بكات و بە ئەمری واقیع بیگەڕێنێتەوە سەر كوردستان، بەڵام بە داخەوە بەهۆی نەزانی مامەڵەی سەركردایەتی سیاسی كورد لەگەڵ دۆخەكەدا، نەتوانرا ئەم دەستكەوتە سەربازییانە بكرێتە پاڵپشتێك بۆ دەستكەوتی سیاسی".
عەلی قەڵایی، باسی لەوەشكرد:" دەست بۆ هەندێ پرس بردرا، بەڵام دواتر زۆر خراپ بەسەر سەركردایەتی سیاسی كوردا شكایەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە ئەوەی پێشمەرگە بە خوێن بەدەستیهێنابوو، ئێستا لە ژێر هەڕەشەیەكی زۆر گەورەدان، ئەم هەڕەشانەش تەنها بە یەكڕیزی و یەكدەنگی نێو ماڵی كورد دەتوانین رووبەڕوویان بینەوەو بەشێكی لەو ناوچانەی كە پێشتر بەدەستمانەوە بوون جارێكی تر بیانگەڕێنینەوە".
بزوتنەوەی گۆرانیش لە كەركوك رایدەگەیەنن هەنگاوی دروستكردنی یەكڕیزی نێو ماڵی كورد ئەوەیە كە ئەوەی بۆتە هۆكاری ئەم كارەساتەی بەسەر میللەتەكەماندا هات دەستلەكاربكێشێتەوە.
حەكیم عوبێد، بەرپرسی مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە كەركوك لەسەر پێویستی یەكڕیزی نێو ماڵی كورد لە ئێستادا وتی:" یەكڕیزی نێو ماڵی كورد نەك هەربۆ ئێستا، بەڵكو بۆ هەموو كات پێویستە، بەڵام یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی نێو ماڵی لە كاتی كێشەو قەیرانەكاندا زۆرتر پێویستترە".
وتیشی:" یەكڕیزی تەنها بەوە ناكرێت هەندێ لایەنی سیاسی خۆیان بە هەموو شتێك بزانن و وەرەقەی هیچ لایەكی تر نەخوێننەوە، وەك ئەوەی لە پرۆسەی ریفراندۆمدا بینیمان، چونكە ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان باوەڕی تەواومان بەوە هەبوو كە بارودۆخی سیاسی ناوخۆو ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەبارنییە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام كەس گوێی لێ نەگرتین". 
بەرپرسی مەكۆی گۆڕان لە كەركوك باسی لەوەشكرد:" ئەگەر بمانەوێ یەكڕیزی نێو ماڵی كوردی بپارێزین پێویستە بەخۆداچوونەوەیەك لەلایەن ئەو لایەنانەوە بكرێت كە پێیانوایە هەموو دەسەڵات و شتێك دەبێ تەنها لای ئەوان بێت".
وتیشی:" یەكەم هەنگاوی دروستكردنی یەكڕیزی نێو ماڵی كورد ئەوەیە كە كێ بووە هۆكاری ئەم كارەساتەی بەسەر میللەتەماندا هات پێویستە بە زووترین كات دەست لە كاربكێشێتەوەو رێگە بۆ خەڵكانێكی تر چۆڵ بكەن".
حەكیم عوبێد لە بارەی تەخوینكردنی یەكتر، بەتایبەتی لە دوای رووداوەكانی 16ی 10 وتی:" ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە تائێستا ئەو دەسەڵاتدارانە سودیان لە ئەزمونەكانی خۆیان وەرنەگرتووە، تەنانەت دوای رووداوەكانی 16ی 10 ، هێشتا ناوو ناتۆڕە بۆ یەكتر دروست دەكەن، لە كاتێكدا ئێمە دەمانەوێت بە یەكڕیزی نێو ماڵی كورد لەم شكستەی بەسەر میللەتەكەماندا هاتووە هەستینەوە".
راشیگەیاند:" تۆمەتباركردنی یەكتر شتێكی خراپە، لایەنە سیاسییەكان ئەگەر هەر شتێكیان لەسەر یەك هەیە با لە رێگای دادگاوە یەكلایی بكەنەوە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە هەموو وردەكارییەكان بكرێت، بەڵام بەو مەرجەی نەك وەك ئەو لیژنانەی كە پێشتر لەسەر كەوتنی شەنگال و كڕین و فرۆشتن بە چەكی ئەڵمانییەوە دروست كران و دواتر هەموو شتەكان دیزە بە دەرخۆنە كران".
بۆ دەرباز بوون لەم دۆخەی ئێستاش، بەرپرسی مەكۆی بزتنەوەی گۆڕان لە كەركوك دەڵێت:" پێویستمان بە حكومەتێكی رزگاری نیشتیمانی هەیە، بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆو وتووێژ لەگەڵ حكومەتی ناوەند بكات لەپێناو بەدیهێنانی مافە رەواكانی میللەتەكەمان لە چوارچێوەی دەستوردا".
مەڵبەندی كەركوكی بزتنەوەی ئیسلامی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن گفتوگۆ و توێژەكان بەپێی بنەماكانی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە لەگەڵ حكومەتی ناوەند بكەن. 
حەسەن شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، پێیوایە بۆچارەسەركردنی كێشەكان و دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستا كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی پێدا تێپەڕدەبێت، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە یەكدەنگی و یەكڕیزی لە رێگای گفتوگۆو وتووێژ بەپێی بنەماكانی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە لەگەڵ حكومەتی ناوەند بكەن".
بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزوتنەوەی ئیسلامی وتیشی:" پێویستە لەسەر لایەنە سیاسییەكان ئێستا كۆمەڵێك بڕیار لەسەر كەركوك دەربكەن، لەوانە، یەكەم، بە زووترین كات ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كارابكرێتەوە بۆ رایی كردنی كاروبارەكان، دووەم، لەبەر ئەوەی پۆستی پارێزگاری  كەركوك پشكی كوردەو لەنێو كوردیشدا پشكی یەكێتییە، ئەو پۆستە بدرێتەوە بە كورد، سێیەم، هیچ گۆڕانكارییەك لە ئێستادا لە پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك لەلایەن پارێزگاری ئێستاوە نەكرێت كە بە وەكالەت بۆ شارەكە دانراوە".
حەسەن شێخانی باسی لەوەشكرد:" لە ئێستادا بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی نێو ماڵی كورد هەیە".
حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستانیش لە كەركوك پێوایە سەرجەم ئەو نەهامەتیانەی لە مێژوودا بەسەر كوردستاندا هاتووە (75%) لە ئەنجامی پەرتەوازەیی نێو ماڵی كوردەوە بووە.
شوان محەمەد، بەرپرسی كۆمیتەی كەركوكی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، سەبارەت بە یەكڕیزی نێو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەم دۆخەدا وتی:" یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی نێو ماڵی كورد لە هەموو سەردەمەكان داواكراوە"، ئاماژەی بەوەشكرد:" هەموو ئەو نەهامەتیانەی لە مێژوودا بەسەر كوردستان هاتوون بە رێژەی (75%) لە ئەنجامی پەرتەوازەیی نێو ماڵی كوردەوە بوونە".
وتیشی:" كورد یەكگرتوو نەبووە، میللەتێك بوینە هەمیشە دەمارێكی خیانەت لەناوماندا هەبووە، نمونەش بۆ ئەوە كاتێك قازی محەمەد كۆمارێكی لە مهاباد دروست كرد، پێشئەوەی سوپای ئێران بێتەسەری بەشێك لە عەشیرەتە كوردەكان رووبەڕووی بوونەوە، شێخ مەحمودیش كە  نەیتوانی حكومەتەكەی لە ئاوی دووكان بپەڕێنێتەوە، چونكە بەشێك لە ئاغاو كوێخاكانی كوردستانی لەگەڵ نەبوون و یەكڕیز نەبوون، پەرتەوازەیی و ناتەبایی لە مێژوودا زیانی زۆر گەورەی بە كورد گەیاندووە".
شوان محەمەد باسی لەوەشكرد:" كارەساتی 16ی 10ی شاری كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان هاوكێشەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕی، چونكە پێشتر وەك كورد هەنگاوی زۆر گەورەو باشمان بڕیبوو، بەڵام دوژمنان هاتن و رێگرییان لێكردین، وەك رۆژنامەكانی ئێران باسیان كردووە دەڵێن: خەونی سەربەخۆیی سەد ساڵەی كوردمان لە كەركوك لە گۆڕنا، ئەوەش بە هۆی نا یەكڕیزی و ناتەبایی نێو لایەنە سیاسییەكان كە هەریەكەو لە روانگەیەوە مامەڵەیان دەكرد".
راشیگەیاند:" یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لە ئێستادا زۆر گرنگە بە تایبەتی لە دوای كارەساتی 16ی10، پێویستە كورد جارێكی تر نەئاڵێتە تەخوینكردنی یەكترو بە نەفەسێكی نەرمەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكات، لە كاتێكدا دوژمنانمان، ئێران و توركیا ئەوەی بۆیان بكرێت بەرانبەر بە كورد دەیكەن، بۆیە پێویستە ئێمەش یەكریِزی و یەكدەنگ بین بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی كە بەسەر میللەتەكەمان هاتووە".
 







‌ 1240 جار بینراوه‌
10/28/2017 8:55:32 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved