»  شۆک
گەنجانی نەتەوەكانی كەركوك بەگوڵ پێشوازی لەخێزانە گەڕاوەكان دەكەن
ئا / ئارەزوو داودی


كۆمەڵێك گەنجی یەكگرتووی گشت پێكهاتەكانی كەركوك دوای رووداوەكانی 16 و 17ی ئەم مانگەی شاری كەركوك، لە كاتی گەڕانەوەی خەڵكە ئاوارەكەی كەركوك بۆ شاری خۆیان، گوڵ بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەش دەكەن لەكاتی هاتنەوەیان، هەروەك ئەو گەنجانە ئاماژەی بۆ دەكەن "كەركوك شاری برایەتییەو سەرجەم نەتەوەو ئاین و پێكهاتەكانی تێدایەو بە دانیشتوانە رەسەنەكەیەوە جوانە هەر بۆیە ئێمە بەخێرهاتنەوەیان دەكەین".

هەمەڕەنگی و جیاوازی بنەمای ژیان و گەردوون و سروشتە، بەوپێیەی مرۆڤیش تاكە بوونەوەری هەستیار و هەستەوەرە و بەڕێوەبەری تەواوی دونیایەو هەرواش ناسراوە تا ئێستا هەر ئەوە هۆشیاری لەسەر هەمەڕەنگی و جیاوازییەكان دەردەبڕێت و بەعەقڵانی دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ پێشهات و رووداوە نەرێنییەكان بكات، بەوەش ناكۆكی نێوان رەنگەكان و دەنگەكان كەمدەكاتەوە و بۆچونی چون یەك لە هەردولا دروست دەكات.
ئەندامانی ئەو گروپە دەڵێن "لەهەموو شت گرنگتر ئەوەیە ئێمەی مرۆڤ بە جیاوازیمانەوە چۆن بەسەر بارە نائاسایی و نەرێنییەكان زاڵبین، بەگشت جۆرێك رێ لە دووبەرەكی بگرین چونكە ئەو روداوانە زیانی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی هەبووە و تەنگەژە و كارەسات و جەنگ و كوشتاری لێكەوتوەتەوە و مێژو شاهیدە".
بە بڕوای ئەو گەنجانە "مرۆڤ لە دووبەرەكیدا ژیانی دەشێوێ و ئەمنیەتی ژیانی دەكەوێتە مەترسیەوە كە یەكێكە لە باشترین بارەكانی ژیان بۆ تاكەكەس و كۆمەڵگەكەیشی، چونكە تێكدانی ئەمنییەت ئەبێتە هۆی تێكچونی بناغەی دروستكردنی ئاشتەوایی و تێكدانی بیری نەوەكانی دوای یەك دێن چونكە چاندنی بیری دوبەرەكی مرۆڤەكان دەكاتە دوژمنی یەكتر".
روداوەكانی چەند رۆژەی رابردووی شاری كەركوك راستی ئەوە دەردەخەن كە هەواڵی درۆ و دووبەرەكی چەند ماڵی پێكەوەژیان دەشێوێنێت، كە سەرەتای روداوەكان بوارێك نەما بۆ گفتوگۆ و لێك تێگەیەشتن و  شار شڵەژا و ئەوەش كەشێكی نائارام و دڵەڕاوكێی دروستكرد لە نێو دانیشتوانی شارەكە بەتایبەت نەتەوەی كورد بەوەی كە هێرش بۆ سەر كوردان كراوە و ماڵ و حاڵیان دەشێوێت، بەڵام دوای رێككەوتن و لێدوانی سەرانی دەستڕۆیشتوی كوردی ئەم شارە ئەوە روون بووەوە ئەوەی لە كەركوك رویدا و ئاوارەبوونی دەیان هەزار كەس بەو جۆرە مەترسیە گەورەیە نەبووە و ئەوەی رویدا بڵاوكردنەوەی پروپاگەندە و دڵەڕاوكێ و بیری دوبەرەكی چەند كەس و لایەنێك بووە بەمەبەست، ئەو خەڵكەی ئاوارەبوون هەرخۆیان زوو تێگەیشتن ئەوەی رویدا شتێكی ترە و ئەوەی وترا شتێك، هەربۆیە گەڕانەوە بۆ شاری كەركوك دەستیپێكرد و خەڵكێكی زۆر گەڕانەوە سەر ماڵ و ژیانی ئاسایی خۆیان، بەوهۆیەش گروپێكی گەنجانی شارەكە كەلەسەرجەم پێكهاتەكان دروست بوون لە دەروازەكانی شار بە گوڵەوە پێشوازیان لە خەڵكی گەڕاوە دەكرد و تا بەدونیای بگەیەنن كەركوك شاری برایەتی و ئاشتی و خۆشەویستیە.
ئەو گروپە پێكهاتبوون لە : ریتا وائل (مەسیحی) محەمەد بەهجەت (توركمان) دڵشاد (كورد) مستەفا (عەرەب) محەمەد نەمیر (توركمان) محەمەد ئەبو عەلی (عەرەب) ئەحمەد موفەرەجی (عەرەب) ئەحمەد عوبێدی (عەرەب)
ئەوان پەیامی ئەوەیان پێبوو كە كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحی و سەرجەم پێكهاتەكان شاری كەركوك ناتوانن بێ یەك بژین و تێكەڵی و هاوڕێیەتی و خزمایەتیان هەیە، چونكە هەرەیەكەیان بوونەتە تەواوكەری ئەوی دی و سیاسەت بەسانایی لێكیان ناكات.
ریتا وائل كچە مەسیحی وەكو ئەندامێك لەو كۆمەڵە گەنجە بۆ (هەواڵ) وتی: "ئەم هەوڵە یەكێكە لە كارە تایبەتیەكانیان و لە ناخی روحیەتی ژیانی ئاشتی و پێكەوەییانەوە هەڵقوڵاوە و دڵخوشن بەوەی دەیكەن و خەڵكیشیان دڵخۆشكردوە بەم كارە".
ریتا دەڵێت: "خێزان هەبووە كە گوڵمان پێداون بە قورگی پڕ گریانەوە وتویانە ئێمە لەبەر ئەوە گەڕاینەوە كە لەم شارە گەورەبووین و تێكەڵ بووین بەیەكتر".
باسی لەوەكرد: "پەیامەكەی ئێمە هەر لەویادا ئامانجی خۆی پێكا و بەرپەچی خەڵكی دەركەوت كە كەسانی ئاشتیخواز بە جیاوازی و رەنگاڵەییانەوە جوانن و دەژین".
یەكێك لە هاوڵاتییە كوردە گەڕاوەكان وتی: "بیرۆكەكەی ئەو گەنجانەم زۆر بەدڵ بوو و پەیامێك بوو بۆ سڕینەوەی هەڵەكان و بیری دووبەرەكی".
هاوڵاتیەكی تر بۆ هەواڵ وتی: "ژیان لەسەر یەك زەمین نمونەیەكی گەورەی ئاشتیە لە نێوان زمان و پێكهاتەی جیاوازدا هەربۆیە ئارامی و ئاشتەوایی نیشانەی سەركەوتنی ئەم شارەیە".
وتیشی: "ئێمە بە برایەتی و خۆشەویستی یەكترەوە جوانین هەربۆیە پێویستە خەڵكی ئەم شارە كۆتری ئاشتی بین نەوەك قەلەرەشی شەڕ".



‌ 950 جار بینراوه‌
10/28/2017 9:10:47 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved