»  وتاری هەفتە
ئەمریكا هەموو لایەكی بێئومێدكرد.. ئەمریكا هەموو لایەكی رازیكرد
بورهان حاجی سلێمان




لەگەڵ هەموو تێبێنییەكانم لەسەر سیاسەتی دەرەكی ئەمریكا كە زۆر جار هەموو ئەو بەهاو بنەما مرۆڤایەتییەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای لەسەر بونیادنراوە دەكاتە قوربانی بەرژەوەندی ئابووری كۆمپانیا زەبەلاحەكان، پێموایە ئەمجارە واشنتۆن نەك هەر خیانەتی لێنەكردین، بەڵكو بەوپەڕی راستگۆییەوە لەدەرهاویشتەكانی ریفراندۆم ئاگاداری كردینەوەو ئەڵتەرناتیڤیشی بۆ داناین، بۆیە ئەوەی بیەوێت شكستەكەی ئەمجارە بداتە پاڵ ئەو دەوڵەتە یان هەر وڵاتێكی رۆژئاوایی، تەنها خۆڵ دەكاتە چاوی خەڵك و خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە.
راستە ئەمریكا بە حوكمی ئەوەی لەئێستادا تاكە زلهێزی جیهانە بەرپرسیارێتی مرۆڤایەتی گەورەی دەكەوێتە ئەستۆ، بەڵام دواجار وەكو هەر دەوڵەتێكی دیكە بەرژەوەندی تایبەتی و ئاسایشی خۆی هەیەو هەوڵی پاراستنی دەدات، لەكوردستانیش بەرنامەی تایبەتی خۆی هەبوو، ئەوەی روویدا تێكدانی ئەو بەرنامەیە بوو، لە دوای ئەوەش ئامادەنییە سەرجەم بەرژەوەندییەكانی لەناوچەكە بكاتە قوربانی هەڵەی سەركردایەتی كورد، كە بە هۆی هەڵپەی سیاسی و بەدەستهێنانی دەستكەوتی حیزبی و كەسییەوە، پلانەكانی ئەمریكا دوچاری شكست هاتن، بۆیە گوریسەكەی بۆ عەبادی شل كرد تا كورد بەئاگابێتەوەو بزانێت دەرچوون لە قسەی واشنتۆن واتای چییە؟!
لە دوای تەمێكردنی كورد ئێستا ئەمریكا سیاسەتەكەی بریتییە لەگرتنی دارەكە لە ناوەڕاستەوە، بە جۆرێك دەیەوێت هەموو لایەك رازی بكات و هەموو لایەكییش بێ ئومێد بكات:
پشتگیری لەعێراقێكی یەكگرتوو دەكات، بەوەش كوردستان بێئومێدو عێراق رازی دەكات، بەڵام كە دەڵێت بەردەوام دەبین لە دۆستایەتی كورد، بەغدا بێئومێدو هەرێم رازی دەكات!
پێشوازی لەدەستلەكاركێشانەی سەرۆكی هەرێم دەكات بەوەش بارزانی بێئومێدو ئۆپۆزسیۆن رازی دەكات، بەڵام كە جەخت لەسەر پشتگیری كردنی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەكات، ئۆپۆزسیۆن و قەوارە نوێیەكان بێئومێدو دەسەڵات رازی دەكات!
پشتگیری لەیەكپارچەیی خاكی عێراق دەكات، بەوەش هەرێم بێئومێدو ئێران رازی دەكات، بەڵام كە داوای دەركردنی میلیشیا ئێرانییەكان دەكات، تاران بێئومێدو هەولێر رازی دەكات.
پشتگیری حكومەتی عێراق دەكات، بەوەش مالیكی بێئومێدو عەبادی رازی دەكات، بەڵام كە فشار دەخاتە سەر سەرۆك وەزیران بۆ سنوورداركردنی رۆڵی ئێران لەبەغدا، عەبادی بێئومێدو مالیكی رازی دەكات، چونكە دژایەتیكردنی تاران یەكسانە بە لەدەستدانی شەقامی شیعی لە عێراق.  
لە هەمووی گرنگتر ئەنقەرە لە دەرەوەی هاوكێشەكانەو ئەوەی لە سیاسەتە نوێیەكەی واشنتۆن حیسابی بۆنەكراوە توركیایە، كە درەنگوەخت زانی كڵاوی لەسەر نراوەو دەسبەتاڵ لە سەفقەكە دەرچووە، بۆیە لە ماوەی رابردوو گۆڕانكاری بە ئاوازیەوە دیارەو ئەمریكا ئاسا هەوڵ دەدات “نە شیش بسوتێ نە كەباب”، بەڵام بەلای كوردە هاوپەیمانەكەشیەوە رووی راستەقینەی دەركەوت كە نە گرێبەستی پەنجا ساڵی بەتاڵانبردنی نەوت و نە دژایەتیكردنی كوردانی پارچەكانی دیكە بەرچاوی گرتووە.
ئێستا هەرێمی گەمارۆدراو بەدوژمن، دەبێت واقعیانە مامەڵە لەگەڵ واقعە نوێیەكە بكات، چونكە هەندێك نوشتانەوە لەبەردەم رەشەبای گۆڕانكارییەكاندا زۆر لە شكان باشترەو لەم كێڵگەی مینەدا كورد بە سواری زریپۆشی ئەمریكی نەبێت، ناتوانێت بە ساغی لێی دەربچێت!




‌ 2604 جار بینراوه‌
11/4/2017 9:13:02 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved