»  راپۆرت
لە یەكەم چالاكی مەدەنی لە كەركوك لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر داوای پێكەوەژیانی نەتەوەكان و دەرچوونی سوپاو گەڕانەوەی ئاوارەكان كرا
ئا / هەواڵ




لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە چوارشەممەی رابردوو، یەكەم چالاكی مەدەنی لە لایەن پێكهاتە جیاجیاكانەوە سەبارەت بە دۆخی كەركوك و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێو نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك بەڕێوەچوو. 

دوای نیوەرۆی رۆژی چوارشەمەی رابردوو رێكەوتی 1/11/2017 لقی كەركوكی كۆمەڵەی هیوای عێراقی كۆڕێكی كراوەی لە هۆڵی ناوەندی دیالۆك سەبارەت بە (بارودۆخی ئێستای كەركوك و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ پاراستنی پێكەوەژیان لە شارەكە) بۆ هەریەك لە (بورهان حاجی سلێمان / كورد و دكتۆر حەیدەر شەممەری / عەرەب و مەسرور ئەسوەد/ توركمان ) رێكخست.
لەو كۆڕەدا كە رۆشنبیرانی سەرجەم نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك تیایدا بەشداربوون و لەلایەن چالاكوان بڵند زەندیەوە بەرێوەبرا، گفتوگۆ سەبارەت بە دۆخی ئێستای شارەكە كرا، هەروەها جەختیش لەسەر پاراستنی برایەتی نێو نەتەوەوەو پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە كرایەو داواشكرا، سەرجەم ئەو هێزە سەربازییانەی لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە هاتوونەتە ناوشاری كەركوك، شارەكە بەجێبهێڵن و ئەمنییەتی شارەكە تەنها لەلایەن پۆلیسی محەلیەوە بپارێزرێت، هاوكات داوای گەڕانەوەی ئاوارەكانیش بۆ شاری كەركوك و چارەسەركردنی كێشەكانی خوێندنی كوردی كرایەوە، هەروەها داواش لە مامۆستایانی ئایینی شارەكە كرا وتارەكانیان تایبەت بێت بە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێو پێهاتەكانی كەركوك.
لەبارەی كۆڕەكەوە سرود محەمەد بەرپرسی لقی كەركوكی كۆمەڵەی هیوای عێراقی بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” ئەو پێشنیارانەی كە لە كۆڕەكەدا باس كراون، دواتر ئێمە بەرزی دەكەینەوە بۆ لایەنی بەرپرس، لەوانە پۆلیسی كەركوك و ئیدارەی كەركوك بەرپرسانی بەغدا”.
سرود محەمەد وتیشی:” بەنیازین كۆڕو دانیشتنی فراوانتر بە بەشداری خەڵكێكی زۆرتری شارەكە ئەنجام بدەین، چونكە لەمەودا دەبێت خەڵك خۆی خاوەن دەسەڵات بێت و كاریگەری بكەینە سەر حكومەت لەپێناو داواكارییەكانی خەڵكی شارەكە”.
باسی لەوەشكرد:” لە هەوڵی دروستكردنی لۆبییەكی كەركوكداین بە هەموو نەتەوەو پێكهاتەكانییەوە، بۆ ئەوەی فشار لەسەر حكومەت دروست بكەین، ئەوەی تائێستا روویداوە، نابێ لە داهاتوودا ئەو شتانە قبوڵ بكەین كە رووبەڕووی شارەكەمان دەبێتەوە”. 


 







‌ 344 جار بینراوه‌
11/4/2017 9:13:34 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved