»  راپۆرت
هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كـورد بـۆ كـەركـوك لـە چـاوەڕوانی گـەڕانـەوەی ئەنـدامانی لیسـتی بـرایەتیدایــە
ئا / هەواڵ


هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ پارێزگای كەركوك، یەكێكە لە پرسە گەرمەكانی نێو گۆڕەپانی سیاسی، هەموانیش چاویان لە لیستی برایەتی كەركوكە بۆ ئەوەی ئامادەی دانیشتنی ئەنجومەن بن و پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە هەڵبژێرن، تائێستاش بەشێك لە ئەندامانی لیستەكە بە هۆكاری جیاواز لایان روون نییە بەشدار دەبن یاخود نا.     

دوو ئەندامی  یەكگرتووی ئیسلامی لە لیستی برایەتی كەركوك لەپێناو ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك ئامادەی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا دەبن.
جوان زەنگەنە ئەندامی لیستی برایەتی كەركوك – یەكگرتووی ئیسلامی، وتی:” لە دوای ئەو ئاڵۆزیانەی شاری كەركوكەوە، وەكو ئەندامانی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك ئامادەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەبین، بە تایبەتی بۆ بابەتی هەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ شارەكە كە پشكی كورد بێت ، هەروەها بۆ راییكردن و داخوازی و كاروبارەكانی هاوڵاتیانی شارەكەش”.
لەبارەی ئامادەبوونی هەر سێ ئەندامەكەی یەكگرتوو، جوان زەنگە وتی:” خۆم و مامۆستا ئیبراهیم خەلیل ئامادەی دانیشتەكان دەبین، بەڵام سەبارەت بە كاك رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بارودۆخەكە هەندێ جیاوازترە”.
جوان زەنگە وتیشی:” ئەگەر زەمانەتێكی ئەمنی بۆ كاك رێبواریش هەبێ، رەنگە ئەویش ئامادەی دانیشتنەكان بێت، چونكە ئێستا ئێمەش لەسەر مەسئولیەتی خۆمان دەگەڕێینەوە، بەتایبەتی لەم بارودۆخە كە هیچ زەمانەتێك نییە، بە هۆی ئەو دیاردە سەربازییەی كە لەناو شاری كەركوكدا هەیەو بۆتە هۆی دڵە راوكێی هاوڵاتیان و هەروەها پرسی بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان و بەشداریكردن لە ریفراندۆم هۆكارێكی ترن”.
جوان زەنگە ئاماژەی بەوەشكرد:” ئێمە وەكو ئەندامانی یەكگرتوو، بڕیاری ئامادەبونمان لە دانیشتەكانی ئەنجومەن لەپێناو ئەوەیە كە بارودۆخی كەركوك بەرەو خراپتر نەڕوات و ئەو نیگەرانی و ئاڵۆزییانەی هەن بڕەوێتەوە”.
سەبارەت بە بەشداریكردنی هەموو ئەندامانی لیستی برایەتی كەركوك لە دانیشتەكانی ئەنجومەن، جوان زەنگە رایگەیاند:” واباشترە تەواوی لیستی برایەتی بگەڕێینەوەو مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەین، چونكە لیستی برایەتی گەورەترین لیستی نێو ئەنجومەنەكەین و دەتوانین بڕیارەكان بگۆڕین و توانای تەواوكردنی نیسابی یاساییشمان هەیە، ئەو كات دەتوانین چی لەبەرژەوەندی میللەتەكەمان بێت بڕیاری لەسەر بدەین”.
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاش دەڵێت:”بەهۆی بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان بەشداریكردن لە ریفراندۆم فەرمانی گرتن بۆ هیچ ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا دەرنەچووە. 
 ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەسەر لیستی برایەتی كەركوك- یەكێتی، وتی:” بەشێك لە ئەندامانی لیستی برایەتی كەركوك بە بیانووی جیا جیا ئامادەنین بەشداری لە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە”، ئاماژەی بەوەشكرد:” بیانووی ئەو ئەندامانەی لیستی برایەتی ئەوەیە، دەڵێن با ئەنجومەن دابنیشێت ئەوسا ئێمەش دێینەوە بۆ دانیشتنی ئەنجومەن”.
بە وتەی ئەحمەد عەسكەری، ئەگەر نیسابی یاسایی دانیشتنی ئەنجومەن تەواو بوو ئەو كات چ پێویستیان بەو ئەندامانە دەبێت كە هەریەكەو بە بیانوویەك ئامادە نابن”.
سەبارەت بەوەی هەندێك لە ئەندامانی لیستی برایەتی دەڵێن بارودۆخی كەركوك نائارامەو فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە،  ئەحمەد عەسكەری رەتیدەكاتەوە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ هیچ ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا دەركرابێت، نە بە هۆی هەڵكردنی ئاڵاوە نە بەهۆكاری بەشداریكردن لە پرۆسەی ریفراندۆم”.
ئەحمەد عەسكەری رونیشیكردەوە:” ئامادەنەبوونی هەندێ لە ئەندامانی لیستی برایەتی بۆ دانیشتنی ئەنجومەن، مەسەلەكە سیاسییەو شتی تری لە پشتەوەیە، ئەگەرنا دەوەرن با بەهەموومان بچینەوە ئەنجومەن و خۆمان پیشان بدەین و ئەوەی لەبەرژەوەندی میللەتەكەماندایە بڕیاری گرنگ و چارەنوسسازی لەسەر بدەین”.
چاودێرێكی سیاسیش پێیوایە نابێ ئەو جیاوازییە سیاسییەی لە كوردستان هەیە لە كەركوكیش رەنگ بداتەوە.
لەو بارەیەوە ستران عەبدوڵڵا چاودێری سیاسی بۆ (هەواڵ) وتی:” نابێ لەتەرەفی حكومەتی عێراقییەوە دەستی دەستی بەم بارودۆخە بكرێت و بەوشێوەیە ناچێتەسەر، هەروەها لەتەرەفی لیستی برایەتی كەركوكیشەوە نابێت خاوە خاو بكرێت لە دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ شاری كەركوك”، ئاماژەی بەوەشكرد:” نابێ جیاوازییە سیاسییەكانی كوردستان لە ناو كەركوكیشدا رەنگ بداتەوە”.
ستران عەبدوڵا، وتیشی:” پێویستە یەكێتیش هەموو هەوڵەكانی بخاتەگەڕ  بۆ ئەوەی ئەنجومەن دابنیشێت و پارێزگاری نوێ بۆ شارەكە دابنێن”.
باسی لەوەشكرد:” ئەگەر بە ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت كورد یەكەمە لە شارەكەو لەناو كوردیشدا یەكێتی زۆرینەیە، بەو پێیەش پشكی پارێزگار دەبێ لە نەتەوەی كورد بێ و لە ناو كوردیشدا پشكی یەكێتی بێت”.
رونیشیكردەوە:” ئەگەر حكومەتی عێراقیش بیەوێت كێشەكان لە كەركوك چارەسەر بكات ئەوە پێویستە پۆستی پارێزگار بە كوردو یەكێتی بدرێتەوە، چونكە بەشێكە لە ناسنامەی سیاسی شارەكە”.

 







‌ 1492 جار بینراوه‌
11/4/2017 9:14:05 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved