»  شەکری تاڵ
شكستی 25 ساڵی حوكمڕانی لەریفراندۆمدا تەقیەوە





بەدرێژایی 25 ساڵی حوكمڕانی كوردی، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ، لەسەرۆكاتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمانی كوردستان، هەموو حیزبەكانی كوردستان، هەزاران سەردانی وڵاتانی دونیایان، سەدان رێككەوتنی سیاسی، ئابوری، سەربازی، ئەمنی، فەرهەنگی، كەس نازانێت ئەو رێككەوتنانە چۆن بووە، چۆن كراوە، دەیان هەماهەنگی و رێككەوتنی ئەمنی وموخابەراتی لەگەڵ ئەمریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا، روسیا، ئێران، توركیا، سعودیە، عێراق، كەس نازانێت ئەو رێككەوتنانە لەسەر چ بنەمایەك كراوە، سودی بۆكوردستان چی بووە.
میللەتەكەمان لە داهاتی وڵات وحوكمڕانی نوخبەی سیاسی وڵاتەكەی بێ ئگابوو لەدەسەڵات و لەحوكمڕانی وبەڕێوەبردنی وڵات، میللەتێك بێئاگا لە گەمەی حكومەتەكەی بێئاگا لە فرۆشتنی وڵاتەكەی، داهات وسەروەت و سامانی كوردستان بچێتە گیرفانی نوخبەیەكی مافیایی سیاسییەوە، ئەمەی بەسەردێت كە روویدا.
سەدان وەزیر و بەرپرس و سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار هاتنە وڵاتەكەمان، كەس نازانێت بۆ چی هاتن، چیان بۆ كورد پێبوو، چیان لەگەڵ خۆیان برد؟
نوخبەیەك لە رێگەی تەزویری ئینتخابات، تەزویری بڕوانامە، بەكارهێنانی هێز، 25 ساڵ دەسەڵات قۆرخكات، سامانی وڵاتەكە بدزێت، نوخبەی لەو جۆرە نەك دەوڵەتی پێدروست ناكرێت، بەڵكو كاولیشی ئەكات و كاولیشیكرد، چونكە ریفراندۆم بۆ دەوڵەت نەبوو، بۆ دەربازبوونبوون لە قەیرانێكی ئابوری و ئیفلیجبونی دەسەڵات و لەدەستدانی كەركوك كە چەند ساڵ بوو توركیا داوای پاشەكشەی كوردی دەكرد لە كەركوك.
لە خۆبایی سەرانی ریفراندۆم وەستانیان دژی ئیرادەی نێودەوڵەتی و نەخوێندنەوەی هەلومەرجی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ، تێنەگەیشتن لەسیاسەت و نەبوونی ناوەندی ستراتیجی لەكوردستان و نەبوونی سەركردەی سیاسی لێهاتوو وستراتیجی، نوخبەی ریفراندۆمی خستە هەڵەیەكی كوشندەوە كەبووە هۆی لە گۆڕنانی خەون و هیوا وئاواتی سەدان ساڵەی كورد، ئەوەی سەرانی ریفراندۆم دەیانەوێت شكستەكانی 25 ساڵی رابردو و ریفراندۆمە كوشندەكەی پێداپۆشن و بەردەوام بن لە حوكمڕٍانی دیكتاتۆریانەی خۆیان، دوا بزمارە لە تابوتی خۆیان ئەدەن، چونكە ئابڕوچونەكەی ریفراندۆم بە تەخوینكردنی هەندێك كەس و تۆمەت دابەشكردن داناپۆشرێت، ریفراندۆم لەگەڵ شكستەكەی كۆتایی بە مۆدێلێكی سیاسی هێنا، كە چیتر بەلای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانەوە جێگەی قبوڵكردن نییە، ئێمە لە سەرەتای قۆناغێكداین، حیزبی چەكدار و عەقڵیەتی شوان و جوتیار قبوڵناكات، كوردیش جارێكیتر چارەنووسی خۆی ناداتە دەست كەسانێكەوە، تەنها بەرژەوەندێكانی خۆیان دەبینن و نوخبە رۆشنبیریی و ناوەندە ئەكادیمییەكان و گەنجان ئەخاتە پەراویزەوە، قۆناغەكە قۆناغی نوخبەی سیاسی مەدەنی و شارەزایانی دونیایی سیاسەتی ئەمڕۆیە، ئەوەشی لە دەستماندا بە نەرمە هێزی سیاسی و رێكخراوە مەدەنیە ئازا و زیندووەكان و كۆمەڵگایەكی كراوە و ئازاد بەدەست دێتەوە. نەك بەهەڕەشە و درۆكردن، عەبادیش خەیاڵی خاوە وابزانێت بە بەكارهینانی هێز دەتوانێت ئیرادەی كورد بشكێنێت، پێش عەبادیش زۆرێك لە زلهێزەكانی دونیا بۆ زەوتكردنی ماف وئازادی گەلن ئابڕوبەرانە شكستیان خوارد، كوردیش میللەتێكە بەدرێژای مێژوو هیچ هێزێك نەیتوانیوە ملكەچ وكویلەی بكات، ئەوحیزبانەش دەیان ساڵە بە ئازادی و سەربەخۆیی كوردستانەوە بازرگانی دەكەن، ئەمڕۆ لە هەموو سەردەمێك زیاتر دەركەوتن و متمانەی خەڵكیان لە دەستداوە..

 ئیمزا
زاهیر شكور

‌ 2009 جار بینراوه‌
11/4/2017 9:39:58 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved