»  وتاری هەفتە
كام ئاسۆ روونە ؟!
بورهان حاجی سلێمان




بە ملكەچبوونی بۆ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە یەكپارچەیی خاكی عێراق و بە نایاسایی ناساندنی هەر هەوڵێكی جیابوونەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دوا بزماری لە تابووتی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی رابردوو داو بە رەسمی وەكو ئەزموونێكی تاڵ و لەباربەری خەونی سەربەخۆیی لە گۆڕستانی ئەرشیفی هەرەسەكاندا ناشت. 
هەرچەندە ئەم هەنگاوەی حكومەت درەنگوەخت و دوای لەدەستدانی نیوەی خاك و داڕووخانی ئابووری هەرێم هات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەلێكە بۆ دەستگرتن بە نیوەكەی ترەوە، هاوبار بیانووی حكومەتی ناوەندیش دەبڕێت كە هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمەكەی وەك پێشمەرجێك بۆ دەستپێكردنی هەر دانوستانێك دانەوەو چاوەڕوانیش دەكرێت غرور و هەوای سەركەوتن وای لێبكات رۆژ بەڕۆژ مەرجی قورستر دابنێت، چونكە هەموو دەستپێشخەرییەك لە پێگەی لاوازەوە بدرێت هێزی دانوستانی لاوازدەبێت، بۆیە دەبێت هەرێم لەمەودوا بەرپرسیارانەتر بڕوانێتە دانوستانەكانی لەگەڵ بەغداو چیتر روخسارە دووبارەو كارتە سوتاوەكان نەنێرێتەوە، بەڵكو پێكهاتەی وەفدەكان رەنگدانەوەی واقعی سیاسی هەرێم بێت و رۆڵی زیاتر بەوانە بدرێت كە پێشبینی ئەم دۆخەیان دەكردو خوێندنەوەو هۆشدارییەكانیان بۆ ئاقیبەتی سەرەڕۆیی و هەڵپەكردنەكان لە جێگەی خۆیان دەرچوون.
ئێستا كاتی ئەوە هاتووە وەك چۆن حكومەتی هەرێم سازش بۆ بەغدا دەكات، بەهەمانشێوە لە ناوخۆش بە غرورو تاكڕەوەییەكانیدا بچێتەوەو لەپێناو یەكڕیزی نیشتمانی سازش بۆ دەنگی لۆژیك بكات و چیتر هەڵوێستەكانی لەسەر بنەمای شیكارییە نێوەدەوڵەتی و سیاسی و ئابووری و سەربازییەكانی (فەلاح مستەفاو ئومێد خۆشناوو سەفین دزەیی و ئاری هەرسین و سەرۆ قادر و هێمن و ئاشتی هەورامی و ئازاد جوندیانی و فەرەیدون عەبدولقادرو شێخ جەعفەر و كەمال كەركوكی و راوێژكارە بیانییە خانەنشینەكان)، كە كوردستانیان بەرەو تونێلێكی تاریك بردووەو دەستكەوتەكانی نیو سەدە خەبات و قوربانیدانیان خستۆتە بەر رەشەبای لەناوچوون، پێویستە ئیتر وازبێنن لە تەلقینكردنی مناڵ و گەورە تا لە دوایانەوە بڵێنەوە “ئاسۆ روونە”، چونكە سەردەمی دروشمبازی گوزەشت و ئەوەی لە ئاسۆی واقیعدا بە روونی دەبیندرێت گەردەلوولی گۆڕانكاری گەورەیە كە عەقڵی گەورەی دەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بكات و كوردستان لە دەرهاویشتە مەترسیدارەكانی بەدووربگرێت، ئەمەش بەم عەقڵیەتە خێڵەكی و حیزبییە بەرتەسكەی ئێستاوە ناكرێت، چونكە بەشێكی لەوەی بەسەر كورددا هات بە هۆی بێئومێدبوونی رۆژئاوا بوو لەو عەقڵیەتەی زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە بە پاڵپشتی رۆژئاواییەكان حوكمی هەرێم دەكات و بەڵام تائێستا ئەو گۆڕانكارییەی نەكردووە كە ئەمریكاو ئەوروپا چاوەڕێی دەكەن بۆئەوەی بەڕاستی هەرێم وەكو دورگەیەكی جیاواز لە گۆڕستانی دیموكراسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاسدا دەركەوێت.
هەر لە سەرەتاشەوە هاوپەیمانان بەو نیازەوە هەرێمی كوردستانیان بە هێڵێكی بەرگری ئاسمانی پەرژین كرد، دواتریش پاش پرۆسەی ئازادی بەچەند قۆناغێكی جیاجیا لەدەرەوەی پەرژینەكەش هەلی دیكەیان بۆ رەخساند، بەڵام سەرقاڵبوون بە مژینی سامانی سروشتی ئەو ناوچانە، ئەركە سەرەكییەكەی لەبیربردنەوە كە بەدەستهێنانی متمانەی پێكهاتەكانی و گێڕانەوەی خاكەكەی بوو بەشێوەیەكی یاسایی بۆ سەر جوگرافیای هەرێم، بۆیە لە تاقیكردنەوەكە دەرنەچوون، دەرنەچوونیش لە تاقیكردنەوەی رۆژئاواییەكان گاڵتە نییە!




‌ 1287 جار بینراوه‌
11/18/2017 9:24:57 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved