»  راپۆرت
فشارەكان بۆ بەستنی كۆنگرەی یەكێتی توندتر دەبنەوە



بەستنی كۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، یەكێكە لە پرسە گەرمەكانی ئەمڕۆی نێو ئەندامانی ئەو حیزبە لە ئۆرگان و ئاستە جیاجیاكانیدا، هەموانیش چاوەڕێی بەستنی كۆنگرەن بۆ ئەوەی نێوماڵی یەكێتی رێكبخرێتەوەو یەكێتی ببێتەوە خاوەن یەك گوتاری سیاسی ، بەتایبەت لەم دۆخەی كە كوردستان تێی كەوتووەو (51%)ـی خاكی كوردستان لەدەستچووە.
لە ئێستاشدا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی هەنگاوێكی گرنگی بە ئاراستەی بەستنی كۆنگرەدا ناوەو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسییە 17 كەسییەكەی داوەو كاریش دەكرێت بۆ ئەوەی دەستەیەكی 11 كەسی پێكبهێنرێت و كارەكانی یەكێتی ببەن بەڕیوە تا وادەی بەستنی كۆنگرە

بۆ بەستنی كۆنگرە پێویستە سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوەو لە كۆنگرەشدا گەنج و ژن بێنە پێشەوە
لەو بارەیەوە سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتی (ی ن ك) بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” پێویستە سەركردایەتی یەكێتی بۆ پرسی  بەستنی كۆنگرە كۆبێتەوە، بەڵام تا ئێستا كۆنەبۆتەوە، چونكە ئەو پرسە دەبێ لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی تاوتوێ بكرێت و بەرنامەڕێژی و هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت”.
سامان گەرمیانی لەبارەی زەروورەتی بەستنی كۆنگرە وتی:” پێویستە كۆنگرە ببەسترێت، بەڵام كەی و بۆ و بە چ شێوازێك، بۆ ئەوەش دەبێ  سەركردایەتی كۆببێتەوەو نەخشە رێگاو لیژنەی تایبەت بە كۆنگرە دابنێت و ئامادەسازی تەواوی بۆ بكات، ئێمە هەر دەڵێین با كۆنگرە ببەسترێت، خۆ دەبێت سەركردایەتی دابنیشێت و بڕیاری گونجاو بۆ بەستنی كۆنگرە دابنێت و بگاتە ئەنجامێك”.
باسی لەوەشكرد:” لەبەر ئەوەی لە ئێستادا مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاوەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە هەموو سەركردایەتین، ئەم سەركردایەتییەش بە وردی دیراسەی هەموو ئەو شتانە بكات كە لە بەرژەوەندی یەكێتییە”.
سەبارەت بە مەترسی پشكپشكێنە لە كۆنگرە، سامان گەرمیانی وتی:” ئەگەر ئێمە یەكێتیانە بیربكەینەوە دەبێ هەوڵ بدەین گەنج و ژن بێتە پێشەوە، دەبێ هەموومان دڵسۆزو وەفاداری رێبازەكەی مام جەلال بین، ناكرێت كەسانێك چەند خولێك ئەندامی سەركردایەتی بن، دەبێ سنورێك بۆ ئەمە دابنرێت، لە دنیاشدا هەروایە لە دوو خول زیاتر نییە، بۆ ئەوەی ئەو سەركردایەتییەی هەڵدەبژێردرێت، خەڵك و جەماوەری یەكێتی رێزی لێ بگرن”.
لەبارەی كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ تاوتوێی بەستنی كۆنگرە سامان گەرمیانی ئاماژەی بەوەكرد:” دەبێ سەركردایەتی بۆ پرسی كۆنگرەو  چەندین پرسی تر كۆبێتەوە، بۆ نمونە چی لە خزمەتی یەكێتییە، چی یەكێتی بەهێز دەكات، چی یەكێتی لە پاشكۆیەتی رزگار دەكات، چونكە ناكرێت پارتی لە چەندین شوێنی وەك بەنداوی موسڵ و شەنگال و زوممار پاشەكشێی كردووە بۆ ئەو رەوایە، بەڵام بۆ یەكێتی رەوا نییە لە شوێنێك پاشەكشەی كردووە لە كاتێكدا ناچار بووە پاشەكشە بكات، ئێستا ئەوەی ئێمە بە خیانەت دەزانێ و ئەوەی خۆشی بە یاسایی دەزانێ، هەموو ئەو شتانە دەبێ لە كۆبونەوەی سەركردایەتیدا باس بكەین، هەروەها بۆ ریفراندۆم كرا، كێ تاوانبارەو هەڵەی كرد”.
راشیگەیاند:” یەكێتی حزبێكی ئازادیخواز بووە، زۆر راشكاو بووە لەگەڵ جەماوەری خۆیدا، دەبێ بێین مەسەلەی كۆنگرەو ریفراندۆم و لە دەستدانی (51%)ـی خاكی كوردستان باس بكەین و هەڵسەنگاندنیان بۆ بكەین، چونكە ئەمانە هەمووی بابەتن”.

پێویستە كۆنگرە ئەمڕۆ پێش سبەینێ ببەسترێت، چونكە كۆنگرە زۆر پێویستە بۆ نوێبوونەوەو گەشەكردنی یەكێتی
لەو بارەیەوە د.بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی (ی ن ك) وتی:” پێویستە كۆنگرە ئەمڕۆ پێش سبەینێ ببەسترێت، چونكە كۆنگرە زۆر پێویستە بۆ نوێبوونەوەو گەشەكردن و بە سیستماتیك كردنی دامودەزگاكانی یەكێتی و بۆ لێپرسینەوە لە كەموكورتییەكان و بۆ هەستانەوەو خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنەكان، بۆئەوەی یەكێتی بە گوڕوتینێكی زیاترەوە بە عەقڵیەتێكی نوێوە رووبەڕووی ئەو قەیرانانە ببێتەوە كە بەرۆكی كوردستانیان گرتووە”.
بەختیار شاوەیس وتیشی:” بەستنی كۆنگرە لە هەموو حاڵەتێكدا ئەرێنییەو دواكەوتنیشی نەرێنییە، دەبوایە پێشتر كۆنگرە ببەسترایە، بەڵام بەداخەوە نەبەستراوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا پێویستە كۆنگرە ببەسترێت و نابێ لە بەستنی كۆنگرەش بترسین”.
بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەند، زۆرینەی ئەندامانی یەكێتی لەگەڵ بەستنی كۆنگرەن.

بە بەستنی كۆنگرە یەكێتی دەبێتەوە خاوەن یەك بڕیار، نەك وەك ئێستا فرە بڕیاڕەو هەر كەسێ لە ئاست خۆیەوە بڕیارێك دەدات
سوهێل شەریف، كادری پێشكەوتووی یەكێتی لەبارەی بەستنی كۆنگرەوە وتی:” گەشبینم بەو وادەیەی بۆ بەستنی كۆنگرە داواكراوە، بەڵام بەمەرجێ كۆنگرە لەسەر بنەمای تەزكییەی حیزبی نەبێت، ئەگەر بێتو لە خوارەوە هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی كۆنگرە بكرێت و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامانی كۆنگرە بكرێتەوە، گەشبینم بەوەی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو و لە ئاست داخوازییەكانی یەكێتییەكان دەبێت”.
ئەو كادرە پێشكەوتووە لەبارەی یەكخستنەوەی نێو ماڵی یەكێتیش وتیشی:” دڵنیام لەوەی بەستنی كۆنگرە دەبێتە هۆكاری یەكخستنەوەی نێو ماڵی یەكێتی، چونكە بە بەستنی كۆنگرە یەكێتی دەبێتەوە خاوەن یەك بڕیار، نەك وەك ئێستا فرە بڕیاڕەو هەر كەسەو لە ئاست خۆیەوە بڕیارێك دەدات”.
سوهێل شەریف دەربارەی چەند مەترسیی هەیە لەوەی بەستنی كۆنگرە ببێتە مایەی لێكترازانی زیاتر وتی:” رەنگە هەندێ كەس ئێستا لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی خۆیان لە نێو یەكێتی بن، بەڵام ئەو كاتەی بەرژەوەندییە شەخسییەكانیان نامێنێ، لە یەكێتی دوور دەكەونەوە، بەڵام ئەوكاتیش ئەوەی دەمێنێتەوە یەكێتییە دڵسۆزو راستەقینەكانن و لەچوارچێوەی پەیڕەوو پرۆگرامی یەكێتی كاردەكەن، بەهەموو شێوەكانیش بەستنی كۆنگرە زەروورەتێكەو پێویستە كۆنگرە ببەسترێت، چونكە وڵاتەكەمان بە چەندین قەیرانی زۆر گەورەدا تێپەڕدەبێت و یەكێتیش وەك هێزێكی سەرەكی دەبێ ئامادەسازی بۆ هەموو ئەگەرەكانی ئایندە هەبێت، بەڵام بە یەكگرتوویی نەك پەرتەوازەیی”. 

یەكێك لە گرفتەكانی ئێستا ئەوەیە جێگای هەمووان نابێتەوە، خەڵكانێك هەن دەیانەوێت بە تواناكان دووربخەەوە
چاودێرێكی سیاسیش پێیوایە بەپێی پەیڕەوو پرۆگرام كۆنگرە دواكەوتووەو ئێستاش بارودۆخێك دروست بووە پێویستی بە خۆ نوێكردنەوە هەیە.
لەتیف فاتح فەرەج، چاودێری سیاسی لەبارەی بەستنی كۆنگرەی یەكێتییەوە وتی:” بەپێی پەیڕەوو پرۆگرام كۆنگرە دواكەوتووە، ئێستاش دۆخێك لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان دروست بووە، پێویستی بە خۆ نوێكردنەوەی هەموو حزبەكانە، كۆنگرەش هۆكارێكە بۆ خۆ نوێكردنەوە”.
وتیشی:” پێویستە بەستنی كۆنگرە ببێتە هۆی زاڵ بوون بەسەر ئەو قەیران و كێشانەی كە لەنێو حزبەكەدا هەیە، بەتایبەتی كێشەی كۆمەڵێك ئایدیای جیاجیا، ئەوەش لەپێناو ئایندەی یەكێتی و ئایندەی هەرێم”.
باسی لەوەشكرد:” پێشئەوەی كۆنگرە ببەسترێت، پێویستە بەسەر كۆمەڵێك گیروگرفت زاڵ بن، چونكە لە ئێستادا مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاوەتەوە و لەلایەن ئەو لیژنەیەی بۆ بەڕێكردنی كاروبارەكانی یەكێتی دروست دەكرێت، هەنگاوی جدی لەپێناو چارەسەركردنی هەموو كێشەكان بنرێت”.
لەتیف فاتح فەرەج ئاماژەی بەوەشكرد:” بە بڕوای من هیچ كۆنگرەیەك نابێتە هۆكاری پەرتەوازەیی بە مەرجێك ئەگەر  ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بكەی، دەبێ كار بۆ ئەوە بكرێت ئەو كێشانەی هەن چارەسەر بكرێن و پێویستیشە زەمینەسازییەك بۆ نەوە جیاجیاكان نەوەی كۆن و نەوەی نوێ بڕەخسێنرێت و هەروەها هەیئەتێك دروست بكرێت بۆ ئەوەی جێی هەمووانی تێدا ببێتەوە”، راشیگەیاند:” یەكێك لە گرفتەكانی ئێستا ئەوەیە جێگای هەمووان نابێتەوە، خەڵكانێك هەن دەیانەوێت بە تواناكان دووربخەەوە، دەبێ كۆتایی بەم تێگەیشتنە بهێنرێت و زەمینەیەكی وەها بڕەخسێنرێت ئەم دوو دیدگایە لێك نزیك بكاتەوە”.
جێگەی باسە یەكێتی نیشتمانمی كوردستان تا ئێستا سێ كۆنگرەی بەستووە لە ساڵەكانی 1992و 2001و 2010.

‌ 1054 جار بینراوه‌
11/18/2017 9:31:51 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved