»  پەڕەموچ
بەیتێكی حاجی قادر و بەراوردێكی مێژوویی
ئیدریس عەبدوڵا



 ئەگەر سەرنج بدەینە بەیتە شیعریەكانی حاجی قادری سیمبوڵی بیری نەتەوەخوازی،  هەرچەندی لەبەیتە شیعریەكانی وردبینەوە، بەراوردێك لەنێوان ئەو ڕۆژگارەی حاجی قادر تێیدا ژیاوە، لەگەڵ  ڕۆژگاری ئێستای كوردا هەمان سەردەمە، مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، ئەو ڕۆژگارەی حاجی تێیدا ئەسپی خۆی تاودەدا بۆ وشیار كردنەوەی نەتەوەكەی هەمان ڕۆژگاری ئەمڕۆی كوردستانە، ئەو لەسەردەمی بەهێزی میرنشینە كوردیەكاندا ژیاوە بەچاوی خۆی سەركەوتن و شكست و لەناو چوونی میرنشینەكانی كوردی دیوە، بەیتە شیعریەكانی وەك دەقی مێژوویی دەتوانین وەرگرین كاتێك دەڵێ: لەمابەینی كڵاو سورو كڵاو ڕەش
پەرێشانین دەبینە میسلی گای بەش حاجی ئەو ڕۆژگارە ڕووی دەمی لە میرەكانی كورد بووە كەهەڵ ناخڵەتێن و وریابن نەكەونە بەینی بەرداشی هەردوو دەوڵەتی سەفەویی و عوسمانی، ئەو دوو زلهێزەی كەبەدرێژایی مێژوو لەململانێی مەزهەبیدا بوونە لەو نێوەندەدا گەلی كورد باجەكەیداوە، حاجی گەلی كوردی بەگای بەش و سەرلێ شێواو شوبهاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتەبایی نێوماڵی كوردی بەهۆكاری سەرەكی زانیوە بۆیە دەڵێ:
لەبەر حیزە بخۆیی و ناتەبایی
لەژێر حیزی حیزانا بووینە دۆشەك

ئەگەر لەڕۆژگاری هێزی شمشێرو ئەسپ سواری كورد نەیتوانی سنوری فەرمانڕەوایی خۆی دیاری بكا، ئەوا قەت ناتوانێ لەم عەسری تەكنەلۆجیاو سەردەمی فڕۆكەی f16 و تانك و میلانۆدا بەرگری لەسنوری دەسەڵاتی بكا، ئەوەی لە16 ئۆكتۆبەردا ڕوویدا هەمان ڕووداوی یەزدان شێرو ڕووخانی دەسەڵاتی میراتیە، كاتێك حاجی دەڵێ: سیلاحی ئێوە ئێستاكە سیلاحە
تەماحی گەورە بێ چەك نەكەن نەك ئەوەمان پێ دەڵێ كە دەوڵەتداری لەهەموو ڕۆژگارو سەردەمێكدا پێویستی بەهێزوو چەك و جبەخانەی باشە بۆ بەرگری و مانەوە،
ڕەنگە زیادە ڕۆیی نەبێ بڵێم كەسیاسیەكانی كورد تا ئێستا لەم بەیتە شیعریانەی حاجی تێنەگەیشتوون یان نەخوێندەوارن و نایبینن و ناش بیستن، كاتێك حاجی دەڵێ:
كوردی ئێمە نەزان و پاش كەوتن
پێكەوە پووش و ئاگرو نەوتن

 بۆیە دەڵێم سەردەمی ئێستای كورد هەمان ئەو سەردەمەیە كە حاجی قادری سیمبوڵی نەتەوەو بەرگری لەنیشتمان هەمیشە لەهەوڵی وشیاری نەتەوەكەیدا بووە، بەجۆرێك خەباتی قەڵەم و چەك بەیەكەوە گرێ دەداو دەڵێ:
شیرو قەڵەم شەریكن لەم عەسرەدا درێغا
شیرم قەڵەم تراشەو كالانیەتی قەڵەم دان

دەكرێ ئێمەی ڕۆشنبیران و قەڵەمە بوێرەكانی كورد لەگەڵ هێزی پۆڵاین پێشمەرگەدا قەڵەمەكانمان لەپێناوی یەك بوون و ڕزگاری نیشتمانی یەك خەین، هەر تاكێكمان ببینە پێشمەرگەیەكی ماندوی ڕێی خەباتی  كوردایەتی، بەسە باواز لە جاش قەڵەمی بێنین، شەرمە كەسێك ڕۆشنبیربێ بەڵام دیلی دەستی سیاسیەكی كاڵفام و دزو تاڵان چی بێ، چونكە ئەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆ تێی كەوتووین لەئەنجامی نەزانی و كورت بینی سیاسیەكانی كوردە،  كوردەواری  جوانی فەرمووە:
 ئەوەی كورد لەشەڕدا بەدەستی دێنێ
بەڵام دواتر لەسەر مێزی گفتوو گۆ دەیی دۆڕێنێ،

ئەو بەیتەی حاجی بۆ هەموو سەردەمێك گونجاوە كە دەڵێ:
تاڕێك نەكەون قەبیلی ئەكراد
هەروا دەبنە خەرابە ئاباد.

‌ 422 جار بینراوه‌
11/18/2017 9:35:40 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved