»  شۆک
كۆچی گەنجان دەستپێدەكاتەوە
ئا / هاوار ستار

كۆچی گەنجان جارێكی تر دەستیپێكردوەتەوە، ئەمەش پاش روداوەكانی ئەم دواییەی هەرێم دێت كە لە دوای ریفراندۆمەوە روبەڕوی خەڵكی كوردستان بوونەوە، بەپێی زانیاریەكان گەنجان جارێكی تر رۆژانە كۆچ دەكەن و وڵات جێدێڵن بە تایبەت دوای روداوەكانی كەركوك و گەرمیان و پاشان شنگال و مەخمور ناوچەكانی دی، كە حكومەتی عێراقی تێیدا بەناوی سەپاندنی یاسا و دەستورەوە هێزی هێنایە ئەو ناوچانە.

شەیدا كەركوكی كە نەیویست ناوی راستەقینەی خۆی ئاشكرا بكات بۆ (هەواڵ) وتی: “هەمومان دەزانین لە ساڵی 2014 وە قەیرانێكی دارایی و ئابوری و دەرونی دروست كراو خۆی خزاندۆتە رۆح و ژیان و گیرفانی تاك بە تاكی رۆڵە بەشمەینەتەكانی كوردستانەوە، هەتا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دواتر لەشكركێشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و لە دەستدانی بەشێكی زۆری ناوچە كوردستانیەكان”،
هەروەها وتی: “تادێت روداوەكان و قەیرانەكان ژیانی قوڵت كردەوە و خەڵكی و گەنجانی وڵاتیش بێ چارەو بێئومێد مانەوە، بە هۆی هەڵسوكەوتی نا بەرپرسیارانەی حیزبە دەسەڵات و پاوانخوازەكانی هەرێمی باشوری كوردستان و ملهوڕی حكومەتی  شۆڤێنی بەغداوە”،
ئەو گەنجە باسی لەوەشكرد: “لە دوای ئەو روداوە تاقەت پڕوكێنانەوە گەنجان و خێزانە كوردەكان ناتوانن وەكو پێشوو لە كەركوك و خورماتوو ژیان بكەن و بە ناچاری روو لە وڵاتانی دەرەوە دەكەن و خۆیان رادەستی رێگای قاچاغ و دەریا بێ رەحمەكانی سروشت و رێگای هات و نەهات دەكەن”
وتیشی: “بە مەبەستی گەیشتن بە كەناری ئارامی لە غوربەت و ئەگەرچی توشی ناڕەحەتی و زەحمەتی زۆر و هەندێك جار گیرفان بڕین و گێچەڵی سێكسی و زۆر شتی دیكەش دەبن”،
شەیدا كەركوكی دەربارەی خۆی كە ئێستا ئەو لەوڵاتی توركیایەوە و هەر لەوێوە بۆ هەواڵ دوا، وتی: “من وەكو گەنجێكی شاری كەركوك لە دوای ئەوەی بە چاوی خۆم بینیم كە چۆن دوژمن جارێكی دیكە پۆستاڵی گڵاویان هێناوتە شارەكە ئیتر بڕیاڕمدا رێگەی غوربەت و تەنیایی و سەرەڕۆی بگرمە بەر بەرەو وڵاتی توركیا و هەرگیز جارێكی دیكە نەگەڕێمەوە ئەو شارەی لە شەوێكدا خەڵك و خاك و ئاسمانەكەشی داگیركرا”،
ئەوەشی رونكردەوە “كەچی سەرەڕای غوربەت هێشتا دڵمان بۆ نیشتیمان لێ دەدات و ناڕەحەتی كارەساتەكانی ئەم دوایەی تەقینەوەكان و بومەلەرزەكانین”،
شەیدا ئاماژەی بەوەشدا: “ئێمە رۆیشتین و وڵاتمان بە جێهێشت و بووین بە سوتەمەنی دەسەڵاتێكی هەلپەرست و نا بەرپرسیار، ئومێدەكەم جیلی دواتر ژیانێكی ئارامیان هەبێت وەكو ئەوەی ئێمە نەمانتوانی هێندە تۆزی سەرباڵی پەپولەیەكیش دڵخۆشبین”.
سەبارەت بە بەردەوامی كۆچ و رۆشتنی گەنجان دوای روداوەكانی پاش ریفراندۆم و ناوچە جێناكۆكەكان، ئاری جەلال سەرپەرشتیاری سەرتاسەری فیدراسیۆنی پەنابەرانی كوردستان بۆ (هەواڵ) وتی: “ئاگادارین لە سەر هەڵدانەوەی كۆچ و بەردەوامی جێهێشتنی هەرێم و بەتایبەت خەڵكانی ناوچەكانی كەركوك و گەرمیان”،
سەرپەرشتیاری سەرتاسەری فیدراسیۆنی پەنابەرانی كوردستان وتیشی: “رون و ئاشكرایە كە بۆ كۆچ سەری هەڵداوەتەوە و گەنجان سەرەرای توندكردن و سەختكردنەوەی سنورەكان كۆچ دەكەن”،
دەربارەی هۆكاری كۆچی گەنجان ئاری جەلال وتی: “نەهامەتی خەڵك و زیاتر تێكچونی دۆخی هەرێم و ناوچەكێشەلەسەرەكان و بەردەوامی قەیران و جەنگ ئەمانە هەمو هۆكاری ترازانی گەنجن لەم خاكە و هۆكارن لە جێهێشتنی نیشتیمان”،
هەروەها وتی: “بەداخەوە لە ئێستادا ئاگادارین و زانیاریمان هەیە خەڵكی زۆر دەیەوێ دەربچێت بەرەو ئەوروپا بەڵام لە توركیا رێگە نەماوە و رێكارەكان سەخت بوونەتەوە ئەمەش دوای رێككەوتنی یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی بەڵقان دێت”،
ئاری جەلال رونیكردەوە: “لە ئێستادا سنورەكان چڕوپڕ كراون و داوانامەی مافی پەنابەری زۆر ئەستەمە بەڵام كۆچیش بەردەوامە و ئێستا خەڵك زیاتر لە توركیا یان یۆنان خۆیان رادەست دەكەن و چاوەڕێی رێكخراوەكان دەكەن بیانبەنە وڵاتان”،
ئاری جەلال سەرپەرشتیاری سەرتاسەری فیدراسیۆنی پەنابەرانی كوردستان بۆ هەواڵ رایگەیاند: “بەداخەوە حكومەتەكانی توركیا و یۆنان و ئیتاڵیا وەكو پێویست نین بەرامبەر پەنابەران چونكە لێشاوێكی زۆر پەنابەر رویكردوەتەوە وڵاتانیان كە بەم دواییانە بەپێی زانیاریمان لە ساڵی 2017 نزیكەی 300.000 پەنابەر بەناوەی گەشت لە توركیاوە بەرەو یۆنان و وڵاتانی ئەوروپی رۆشتون نەگەڕاونەتەوە یاخود ماونەتەوە خۆیان رادەست و ناونوس كردوە تا كارێكیان بۆ بكرێت و بەخواستی وڵاتان وەربگیرێن”،
هەروەها راشیگەیاند: “زۆر لە گەنجان لە گرتوخانەكانی توركیان رۆژانە وەكو فیدراسیۆن هەوڵیان بۆ دەدەین و لێیان ئازاد دەكەین تا ژیانیان نەكەوێتە مەترسیەوە و هەوڵەدەین بیانگەڕێنینەوە، لە رۆمانیاش بەهەمانشێوە لەگەڵ حكومەتی عێراقی كاریان بۆ دەكەین چونكە بارودۆخیان زۆر خراپە و وەرزی سەرماش دەستیپێكردوە كە مەترسی هەیە بۆ سەر ژیانی پەنابەر”.

‌ 1172 جار بینراوه‌
11/18/2017 9:40:43 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved