»  وتاری هەفتە
لە (هێز)ەوە بۆ (مێز)
بورهان حاجی سلێمان




بەدرێژایی 96 ساڵی تەمەنی دەوڵەتی عێراقی، حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی بەغدا یەك سیاسەتیان بەرانبەر بە گەلی كوردستان و مافەكانی پەیڕەو كردووە... ئەوان هەمیشە لە كاتی بەهێزیدا پەنایان چەك بردووەو بە هێز وەڵامی داخوازییەكانی كوردیان داوەتەوەو هەمیشە چارەسەری سەبازییان بە گونجاوترین رێگەچارە بۆ كۆتاییهێنان بە دۆزی كورد داناوە، هەركاتێكیش لاواز بووبن، كوردیان بانگهێشتی سەر مێزی گفتوگۆ كردووە، بەڵام لە هەموو دۆخ و سەردەمانێكدا نەیانتوانیوە یان وا لە كورد بكەن دەستبەرداری مافەكانی بێت، بەڵكو ناوبەناو دۆزەكەی پێشكەوتووە.
لەگەڵ ئەوەی كورد بەر لە هەموو لایەنێكی دیكە ئەزموونی لەگەڵ ئەم سیاسەتە هەڵەیە، بەڵام حكومەتی هەرێم كە پێدەچێت زۆر سەرسامی ئەو سیاسەتە بێت! لە دوو سەردەمی جیاوازدا بە هەمان عەقڵیەتی حكومەتەكانی عێراقەوە پیادەی كردووەو ویستوویەتی سوود لە گۆڕانی باڵانسی هێز لە نێوان هەرێم و ناوەند ببینێت و خۆی لە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیەكی یاسایی و سیاسی بدزێتەوە. 
سەردەمی یەكەم جەنگی تایفی شیعە – سوننە لە ساڵەكانی 2006 – 2008، كە تیایدا هەموو عێراق گڕی گرتبوو، لە بەرانبەردا هەرێمی كوردستان لەوپەڕی ئارامی و هێزو یەكگرتوویدا بوو، بەڵام سوودی لە هەلەكە نەبینی.
دووەمین جار سەردەمی سەرهەڵدانی دەوڵەتی سوننی (داعش) و دەستبەسەراگرتنی سێ یەكی خاكی عێراق لە لایەن ئەو رێكخراوەو هەڵوەشاندنەوەی سیستمی بەرگری عێراق لە نێوان ساڵەكانی 2014 -2017 بوو، ئەم كە تیایدا كورد توانی زیاتر 90%ی ناوچە دابڕێندراوەكان بگرێتەوە، بەڵام سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بە هاوكاری هاوپەیمانان و بایەخی زۆری دەرەكی بە هەرێمی كوردستان لەو قۆناغە، بوونە هۆی غرور لە بری داڕشتنی بەرنامەیەك بۆ قۆناغی دوای داعش و قۆستنەوەی لاوازی ناوەند بۆ بەیاساییكردنی بەشێكی زۆر لەو دەستكەوتانەی كە بە ئەمری واقع بەدەستهاتبوون، هەرێم خۆی لە هەر دانوستانێكی راستەقینە دەدزیەوەو باسی دیاریكردنی سنووری بە خوێن دەكرد، بێئاگا لەوەی بەشی دووەمی قۆناغەكە كە تیایدا دەوڵەتەكەی داعش لە هەڵكشانەوە بۆ داكشان دەچوو، رۆژ بە رۆژ عێراق بە ریتمێكی خێراتر لەوەی هەرێم بەهێز دەبووەوە، دەرهاویشتەكانی ئەو گۆڕانەش بە روونی لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە، بەچاوی خۆمان لە جەلەولاوە تا شەنگال بینیمان، هەربۆیە ئێستا حكومەتی عێراق لە پێگەی هێزەوە مەرجی كبریاشكێن دەخاتە بەردەمی حكومەتی هەرێم بۆ دانیشتن لەسەر مێژی گفتوگۆ، لەبەرانبەردا سەرۆكی پارتی بۆ موخاتەبەی شەقامی حیزبی خۆی هەڵوێستی گرانفرۆشی هەیە، بەڵام سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ موخاتەبەی بەغدا سیاسەتی هەڵوێستی نەرم و سەر لەقاندنی بۆ مەرجەكانی عەبادی هەیە، بۆیە دەبێت لەم پرسەدا كورد خۆی یەكلایی بكاتەوەو ئەگەر مەبەستی چارەسەكردنی كێشەكانە، دەبێت دوور لە خۆڵ كرنە چاوی خەڵك سیاسەتێكی روون بگرێتەبەر و پەلە بكات لە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان، لەبەر ئەوەی مێژوو دەڵێت ئەگەر عێراق لەوە بەهێزتر ببێت، جارێكی دیكە مێزەكە بەسەر مافەكانی كورددا وەردەگێڕێت، چونكە “ گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێت”. 

‌ 1813 جار بینراوه‌
11/25/2017 9:32:58 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved