»  راپۆرت
راگرتنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لەلایەن پارێزگارە كاتیەكەی كەركوكەوە كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە
ئا / هاوار ستار


لەدوای راگرتنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە چەند گەڕەكێكی كوردنشینی كەركوك، لەلایەن راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك بە بیانوی ئەو گەڕەكانە گەڕەكی زیادەرۆن، گومان لەلای هاوڵاتیان دروستبوە كە هەوڵی تاكرەوی ئەدرێت و ئەو  پرۆژانەش بە ئەنقەست كارەكانیان راگیراوە. 

بەرێوەبەری شارەوانی كەركوكیش، تایبەت بە جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی شارەكە، بۆ (هەواڵ)، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات:"ژمێریاری پارێزگا سیستمی دابەشكردنی بودجەی شارەوانی گۆڕیوە"، هاوكات راشیدەگەیەنێت:"شارەوانی كەركوك لە ئێستادا دابەشكراوە بەسەر شەش یەكەدا، ئەم یەكانەش بەجۆرێك دابەشكراون تێیدایە دوو پرۆژەی بۆ ئەنجامدەدرێت تێشیدایە پرۆژەی تێدا نییە بۆ ئەم ساڵ".
بەوتەی بەرێوەبەری شارەوانی كەركوك، داهاتی كۆكراوەی شارەوانی بۆ ئەم ساڵ كەمترە لە چاو ساڵانی تر و بڕەكەی 900 ملیۆن دینارە، ئاشكراشیكرد:"ئیدارەی تازە و پارێزگاری تازە بەوەكالەت كە دەستیان بەكاركردوەرایانگەیاندوە دەبێت ئەو پارەیە بكرێت بەشەش بەشی یەكسانە و بۆ هەر یەكەیەكی كەركوك بڕێك دانرێت".
سەردار عەلی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" "كە هەر یەك لەو شەش یەكەیەی كەركوك بڕەكەی بەسەردا دابەشكرا ئەمە بووە هۆی كێشەو گومانەكان، چونكە وەك ئاماژەمان پێدا یەكە هەیە ئیشی تێدا نییە و هەشە دوو ئیشی تێدایە، كە پارەكە دابەشكراوە بەسەریەكەكان و هەریەكەی پارەی خۆی ئەوا ئەو یەكەیەی دوو ئیشی تێدایە پارەكە بەشیان ناكا و ناچار یەكێكی رادەگیرێت".
سەردار عەلی بەرێوبەری شارەوانی كەركوك، وتیشی:"لە گەڕەكەكانی  موسەڵا و ئازادی و ئیمام قاسم و دەروازە بەیەكەی (یەك) دانراون لە شارەوانی لەمساڵدا دوو پرۆژەی تێدابوو ئەوەی دەروازە وەستێنرا و ئەوەی دیكەیان كاری تێدا بەردەوامە"، وتیشی:"یەكەی دووش كە رەحیماوا و فەیلەق و ئەڵماس و تەپە و ئەوناوچانە دەكات دوو پرۆژەبوون كە ئەوەی فەیلەق وەستاوە و ئەوەی رەحیماوا كاری تێدا بەردەوامە خۆ ئەویش گەرەكی كوردیە".
هۆكاری وەستاندنی ئەو پرۆژانەش، بەوتەی بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، بەهۆی ئەوەی پارەكان كرانە شەش بەشی یەكسانەوە ئەو دۆخە رویداوە نەك رق لە گەرەكی كوردی هەڵبگیرێ و بابەتی دیكەبێت، ئەوەشی نەشاردەوە:"لەمساڵدا دابەشكردنەكە بەو شێوەیەیە پارەكە كورتی هێناوە و جاران دابەشی سێ یەكە دەكرا ئێستا كەركوك كراوە بە شەش یەكە".
لای خۆشیانەوە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رایدەگەیەنن، ئاگاداری راگرتنی پرۆژە خزمەتگوزارەیەكانین  لە گەرەكە كوردیەكاندا، ئەندامێكی ئەنجومەنەكەش دەڵێت:"ئاگاداری سەرجەم كارەكانی پارێزگاری بەوەكالەتین و كاری سەربەخۆ دەكات".
جەمال مەولود باپیر، ئەندامی لیژنەی پرۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:"ئاگادارین لە كارەكانی پارێزگاری بە وەكالەت و چاك ئەزانین چی ئەكات و ناكات هەمویمان تۆمار كردوە"، ئەوەشیخستەروو:"یەك لەوانەشی لەسەرێتی بابەتی راگرتنی پرۆژەیە لەگەرەكی فەیلەق و دەروازە بەناوەی زیادەرەوی ئەو گەرەكانە".
هاوكات ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"پارێزگاری ئێستای كەركوك بەوەكالەت، كاری سەربەخۆ دەكات و پەرلەمانتارانی كوردی شارەكەش داوای لابردنی دەكەن"، ئەوەشی نەشاردەوە:"تا كاتی یەكلایبوونەوەی پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن هەمو پێشلكاریەكان تۆماردەكەین و دوای ئەوەی پارێزگار دانراوە ئەو كات حساباتی خۆمان دەكەین كە لەم ماوەیە چی كراوە لەلایەن هەر كەس و لایەنێكەوەبێت".
 سەرچاوەیەكیش لە ئیدارەی كەركوك، رایگەیاند:" وەستانی ئەو پرۆژانە بەهۆی هەوڵە تاكلایەنەكانی پارێزگارەوەیە بەوەكالەت"، هاوكات ئەوەشیخستەروو:"پارێزگار بەوەكالەت كە بە نەتەوە عەرەبە بەبیانوی گەڕەكی زیادەرەویەوە كار لە چەند شوێنێك رادەگرێت".
یەكێك لە كارەكانی پارێزگار بەوەكالەت كە بەوتەی سەرچاوەیەك لە ئیدارەی كەركوك راگرتنی دوو پرۆژەی گەڕەكە كوردنشینەكانی كەركوكە كە لە ئێستادا راگیراون و جێبەجێ ناكرێن، لەبری ئەوە دەدرێنە گەڕەكە عەرەبنشینەكان.

‌ 881 جار بینراوه‌
11/25/2017 9:40:43 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved