»  پەڕەموچ
چرۆی پێنووسەكانتان مەژاكێنن
ستار ئەحمەد



چرایەك داگیرسێنن
تریفەمانگ 
ئاگری شەڕ سووتانی
گوللەیەك.. لەگۆڕ نێن
كۆرپەیەك..
رووباری كینەو خوێن خنكانی
*
نەمامێك بچێنن
قەڵەمێك لەپاڵیا چرۆی كردووە
دەرگەیەك واز كەن
خوێندنگەیەك..
بۆ خەندەی مناڵان تینووە
*
دوو دەست ئاشتكەنەوە
پەنجەیەك 
لەبسكی نیوە شەو ئاڵاوە
رێگەیەك گوڵ رێژكەن
دێوانەیەك 
لەخەڵكی شارەكەی جێماوە
*
سەری مانگ ماچ بكەن
كیژێك....
قەردێلەی مۆمێكی جەژنەیە
فریشتەی خەونی رۆح رامووسن
كەی ئاسمان
ئاتەشگای ئەم هەموو شەڕو بەزمەیە...؟
*
تاریكی راماڵن..
نیشتمان سەفەری لەبەرە
ترس رێگەی تاوانی لێنەگرێ
گەڵایەك بكەنە جۆلانە
هەتاكوو زارۆكێك 
لەنێویا پێ دەگرێ
قەڵەمێك....
بخەنەگیرفانی هەورەوە
نەوەكوو خۆر كوێر بێت
مێژوومان بمرێ.

‌ 148 جار بینراوه‌
11/25/2017 9:43:46 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved