»  پەڕەموچ
( غەریبێك بەدوای نیشتماندا دەگەڕێت) خوێنەنەوەیەك بۆ كۆمەڵە شیعری (نیشتمانم دارستانی دەم رووبار بوو)
سەدیق سەعید رواندزی

گەڕان بەدوای نێشتمانی راستەقینەدا، كە خۆی لە زێدی رەسەن‌ولە دایك بوونی مرۆڤەكان دەبینێتەوە، هەمیشە خەمێك بووە بە كۆڵی تاكی كورد. لە نەبوونی وڵاتدا، مرۆڤی كورد بەردەوام هەستی بە بۆشاییەكی دەروونی گەورە كردووە. چونكە نیشتمان لێرەدا هێمایەكە بۆ شوناسی مرۆڤ‌و ناسینەوەی لە ئاستی ئەوانی تردا. ئە‌وخەمەی مرۆڤی كورد قوڵتر دەبێتەوە، كاتێ رووبە رووی پرسیاركردن لە بارەی شوناسەوە دەبێتەوە. ناسنامە لێرەدا شوناسێكە بۆجیاكردنەوەی ئەو لەوانی تردا. بۆناسینەوەی ئەو. بەتایبەتیش لە ئاستی نەتەوەییدا. بۆیە دەبینین رووبەرێكی گەورە لە گوتاری شیعری كوردیدا هەوڵدانە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەونیشاندانی ناسنامە لە ئاست ئەوانیتردا. ئەو ناسنامەش بێگومان لە كوردبووندا خۆی بەرجەستە دەكات.كاتێ وەك گوتارێكی شیعری، لە ئەزموونی شیعری شاعیرانی ئێمەدا رەنگدەداتەوە. خودی ئەوگوتارەش زۆرترخۆی بەرجەستە دەكات كاتێ مرۆڤ زێد‌ونیشتمانی رەسەنی خۆی جێدێڵێت. مرۆڤی كورد بەو پێیەی بەهۆی بێ دەوڵەتییەوە نیشتمانێكی ئازادو سەربەخۆی نەبووە، ئیدی ئەمە هەمیشە خەونێكی سیاسی گەورەی بووە،كە رۆژگارێك دابێتـ ئەویش خاوەنی ناسنامەو نیشتمانی خۆی بێت. لێرەوەش ئەو خەونە دەبێتە بەشێكی سەرەكی لە دیدگای مرۆڤی كورد‌و خەمێك كە بەردەوام بە كۆڵیەوەیە. ئیدی روو لە هەر شوێن‌و جێگەیەك بكات،ئەو خەونە بەشێكە لە بیركردنەوەو روانینی. بەتایبەتیش كاتێ لە ئاست كەسانێكی خاوەن نیشتمان‌و ‌وڵاتدا، هەست بە بێ شوناسی دەكات.كۆمەڵە شیعری(نیشتمانم دارستانی دەم رووباربوو) هەڵگری ئەو گوتارەیە كە ئاماژەمان پێكرد. لە دووتوێی شیعرەكانی ئەو كۆمەڵە شیعرەدا، غەریبێك دەبینین كە بەدوای نیشتماندا دەگەڕێت‌و خەمی نیشتمان لە مەنفادا، بە كۆڵیەوەیەتی. غەریبێك كە جوانییەكانی ئەوێی تاراوگە، خۆشییەكانی ئەوێی تاراوگە، نابنە جێگەی سەرنجی‌و خەیاڵی هەمیشە بۆ گوندە وێرانكراوەكەی خۆی دەگەڕێتەوە. غەریبێك كە لە تاراوگەشدا، ناتوانێ نیشتمان لە بیر بكات‌و بە پێچەوانەوە بە ژیانی ئەوێ رانایەت‌وهەست بە ئاسوودەیی ناكات. بێگومان ناونیشان كلیلی كردنەوەی كۆدەكانی دەقێكە. سەرەتاو دەسپێكی پەیوەندی خوێنەرە بەدەق. بۆیە ناونیشانی ئەو كۆمەڵە شیعرەوێرای ئەوەی هەڵگری وێنەیەكی هونەری جوانەو بەشێكە لە ئستاتیكای ناونیشانی كتێبەكە، هاوكات دەكرێ ئەو ناونیشانە بە دەلالەتێكی دیكەش بخوێنرێتەوە. ئەویش پەیوەندی نێوان مرۆڤەكانە بە نیشتمانەكەیانەوە. لەمانای دیاری ئەو ناونیشانەدا،هەریەك لە دوو چەمكی سرووشتی رووبارو دارستان هەیە. كە هەردووكییان بە شێكی سەرەكی‌و گەورەن لە پێكهێنەری ژینگەو شوێن.دارستان هێمایە بۆ جوانی‌و سەوزیی‌وسرووشت. هاوكات دەلەلالەتێكیشە بۆ خۆڕاگری لە ئاست باهۆزی سرووشتدا. رووباریش كە دیسان چەمكێكی سرووشتییە، هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان. چونكە هیچ بوونەوەرێك ناتوانێ بەبێ ئاوبژیت‌و ئاو هێمایە بۆ ئاوەدانی.كەواتە شاعیر، وێنەی نیشتمانێكمان بۆ دەكێشێت، كە هەمیشە وێرای سوتماككردن‌و لە نێوبردنی،هەرزیندووە. ئەگەرچی ناونیشانەكە لە رووی رێزمانییەوە كاری رابردووە.بەڵام نابێ ئەوەمان بیر بچێت، كە ئەگەر دارستانێكیش لە نێو بچێت، دارستانێكی دیكە سەرهەڵدەداتەوە. رەگی دارەكان هێندە بە زەویدا رۆچوون، هیچ هێزێك نییە بتوانێ لە رەگەوە هەڵیانكێشێ. ئەمەلەلایەك، لەلایەكی ترەوە دەكرێ ئاماژەیەكی سیاسیش بدەینە ئەو ناونیشانە. كەهەریەك لە رووبار هێمایە بۆ رووباری خوێنی شەهیدانی ئێمە،دارستانیش ئەو نیشتمانەیە كە بەو رووبارە دەژیت‌و زیندووە. لێرەوەش شاعیر ئاماژە بۆ ئەو هەموو قوربانیانە‌و خەبات‌و خوێن رشتنە دەكات، كە نەوە لەدوای نەوە لە پێناوی نیشتماندا دەیدات. ئەو نیشتمانەی بەهەموو سوتماكییەی خۆیەوە، شاعیر نایگۆڕێتەوە بە جوانییەكانی نیشتمانێكی دیكە، كە ئەویش مەنفایە.تیمەی سەرەكی ئەو شیعرانە، هەموویان گوزارشت كردنە لەنیشتمان‌و دەچنە خانەی شیعری مەنفاوە. ئەو كۆمەڵە شیعرە بەرهەمی دەساڵ ئاوارەییە لە نیشتمان‌و هەموویان هەڵگری گوتارێكن كە ئەویش غەریبییە بۆ نیشتمان. خەون بینین‌و تاسەی گەڕانەوەیە بۆ نیشتمان.لەو كۆمەڵە شیعرەدا بەبۆچوونی من، سێ ئاستی گوزارشتكردن لە نیشتمان لە چوارچێوەی شیعرەكان هەیە. لە ئاستی یەكەمدا،شاعیر دوای ئەوەی دەچێتە ئۆكرانیا،ئیدی بۆ ماوەیەكی زۆر ناتوانێ باوەر بەوە بهێنێت كە نیشتمانی جێهێشتووە. لەو روانگەیەشەوە لە زەمینەی واقیعی وڵاتێكی دیكەدا، كە شاعیر تیایدا پەناهەندەیە، بە خەیال وێنەی نیشتمانی راستەقینە دەكێشێت. لەو قۆناغەدا شاعیر دەڵێت:-
ئەو برینەی لەكوردستان لەدڵم بۆوە...
نەكچی شەنگ..نەشەوی سەرمەستی رەنگاو رەنگ.بۆیان تیمار ناكرێ

شاعیر جێهێشتنی زێدی راستەقینەی خۆی، بە برینێكی دڵ وێنا دەكات. لە سەرەتاشەوە، بەبێ هیچ گومانكردنێك‌و بە یەقینەوە، باس لەوە دەكات كە نەكچە شۆخەكانی ئەوێ‌ونە شەوی مەست ناتوانن ئەو برینەی سارێژ بكەن. برینی نیشتمان،تەنها بە شادبوونەوە بە نیشتمان سارێژ دەبێت.شاعیر خۆشیی‌و جوانیەكانی ئەوێ نابینێت‌وخەیاڵی هەر لای ئەو برینەیە كەلە دڵی بۆتەوە. برینی دڵ لێرە، لە پاڵ ئاماژەیەكی كەسی كە دڵی مرۆڤێكەو برینداربووە،هاوكات ئاماژەیەكی بابەتی‌و گشتیشی هەیە، ئەویش سووتاندنی نیشتمان‌و ئەو هەموو كارەسات‌و تراژیدیانەی شاعیر لە كوردستان بینیویەتی.بەتایبەتیش كەوەك شاعیر خۆی ئاماژەی پێداوە كە ئەو لە پاییزی 1988نیشتمان جێدێڵێت. ئەو كاتەش قۆناغی خامۆشبوون‌و شۆكی دەروونی پاش كارەساتی ئەنفالە بەدناوەكان‌و كیمیا بارانكردنی هەڵەبجەیە. بۆیە شاعیر ئەو تراژیدیانە،بەبرینی دڵی دەزانێت. هاوكات دڵنیاییش دەداتە نیشتمان كە نەكچی شەنگ، نە شەوی سەرمەستەم، ناتوانن ئەو برینەی بۆ تیمار بكەن. لێرەدا شاعیر لە قۆناغی سەرەتایی تێكەڵاوبوون بە دنیای غەریبییە. بۆیە لای وایە تازە هیچ شتێك ناتونێت، برینی دڵی تیمار بكات. لە ئاستی دووەمدا شاعیر بۆ ئەوەی ئێستای تاراوگە جێبهێڵێت‌و بگەرێتەوە نیشتمان، پێویستی بەوەیە نیشتمانێكی بچووك لە خەیاڵی خۆیدا دروست بكات. بە دەربڕینێكی تر، شاعیر دوای ئەوەی دڵنیا دەبێتەوە لەوەی كەئیدی ئەو لە شوێنێك دەژیت كە زێدو شوێنی راستە قینەی خۆی نییە وەك باسمان كرد، بە خەیاڵ ئەوێی نیشتمان دێنێتە ئێرەی تاراوگە. بەڵام بە چ شێوەیەك،بێگومان بەگەڕانەوە بۆ یادەوەرییەكانی نیشتمان.بۆیە ئەمجارەیان دەڵێت:-

بەڕۆژ ئەندێشەیەكی كپ دەست بەسەرم دەكات...
بەشەوتاك‌و تەنیا لە گەڵ ئازیزانداگفتوگۆمە...
ئەگەر خەون بینین نەبوایە ئێستا كێوی ببووم..

شاعیر خەون دەكاتە جێگرەوەی دنیایێكی واقیعی‌و ئەوەی بەواقیع بۆی بەرجەستەناكرێت، هەوڵدەدات بە خەیاڵ بەرجەستەی بكات. بۆیە شاعیرخەون وەك جیهانێكی دیكەی جیاواز لەواقیع كەهەر تەنها لە خەیاڵدا بوونی هەیەو بوونێكی بەرجەستەیی نییە،دەبینێت.خەون لێرەدا دەبێتە جێگرەوەی گەیشتنەوە بە نیشتمان بە شێوەیەكی كردارەكی.بەدەربڕینێكی تر. شاعیرخەون وەك فریادرەسێك بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە دەروونی و كۆمەڵایەتییەی خۆی دەبینێت، كەلە مەنفادا تیادا ئەژیت. دۆخێك كە تا ئەو رادەیە كاریگەریەتی كردۆتە سەر هەست و روانینی شاعیركەبەرەو كێویبوون كە دەلالەتە بۆ دێوانەیی و پەراگەندەبوون، بیبات.بۆیە خۆشبەختی شاعیر لەوە دایە، كەلەو مەنفایەدا، لەو ژیانە تەنها و بێكەس وبێ ئازیزانەدا، خەون دەبینێت. ئەگەر خەونیش نەبووایە كێوی ببوو. لێرەدا بەریەككەوتنی شاعیر لە گەڵ دوو دنیای جیاواز، دووكلتووری جیاواز، دوو شێوە ژیانی جیاواز دەردەكەوێت. گەرچی مەنفا بە هۆی پێشكەوتنەكانییەوەو دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكانی ژیان، ئەستەمە ببێتە شوێنی كێویكردنی مرۆڤەكان. وەلێ بۆ شاعیر نەجوانییەكانی ئەوێ، نە ژیانی ئەوێ، جێگەی هەڵوەستە كردن نیین.بۆیە پەنا دەباتە بەر خەون بینین.بەڵام ئایا خەونەكان هەموویان دەبن بە راستی؟ بێگومان مەحاڵە. ئەگەر هەموو خەونبینینێكی ئێمە راستی بووایە، ئێستا چەند ئاسوودە، بەختەوەر‌و شادومان دەبووین. وەلێ نابێ ئەوەمان بیر بچێت خەونەكان ئەگەركورت ‌وكەمخایەنیش بن، هێشتا بۆ ماوەیەك چێژو ئارامی بە مرۆڤ دەدەن. لەو روانگەیەشەوە، شاعیر خەون بینین وەك جێگرەوەیەكی جوان دەبینێت، لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە دەروونیەی لە میانەی جێهێشتنی واقیعی نیشتماندا، رووبەڕووی بۆتەوە.شاعیر دوای ئەوەی نیشتمانی راستە قینەی خۆی جێدێڵێت و دەگاتە مەنفا، ئیدی هەستی بەنامۆبون بە هەموو دیاردەو بووەكانی دەورو‌و بەری لەلادا دروست دەبێت. بێگومان ساڵەكانی یەكەمی تەناهیكردن لە مەنفاداو لە گەڵ غەریبیدا( گەرچی من مەنفام نەبینیوە وەلێ زۆر بابەتم لەم رووەوەو خوێندۆتەوە) ساتەكانی هەست كردنن بە غەریبییەكی گەورەو كوشندە. غەریبییەك، كە ئاسەوارێكی گەورەو قوڵ لە ژیان و ناخی مرۆڤ جێدێلێ. ئەو ئاسەوارە بەهیچ شتێك(ژدێل_ تەعویزكردنەوە) ناكرێتەوە. بۆیە شاعیر دیسانەوە بەریەككەوتنەكەی خۆی لە گەڵ مەنفادا باسدەكات‌و لە كۆپڵەیەكی دیكەدا دەڵێت:-

ئەی خانمی نائاشناو شەنگ
كوردێكی ئەوەندە كێویلەم.ئەم شەو لە سەمات رانایەم

شاعیر بەبێ هیچ هەستكردن بەشەرمێكی كۆمەڵایەتی و دیدێكی خۆبەكەمزانینەوە لە ئاست ئەوی تری نا ئاشنا، باس لەوە دەكات كە بە سەمای كچەچاوشین و پرچ زەردەكانی ئۆكرانیا(كەهەزارەها گەنج خەونی پێوە دەبینن) رانایەت. شاعیر شەرم لەوە ناكات كە باسی نا ئاشنایی خۆی بە سەمای ئۆكرانییەكانەوە بكات. بگرە بە شانازیشەوە باسیدەكات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەو هەستەی شاعیر لەكوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ بێگومان لە شوناسی كوردبوونی خۆیەوە. واتە شاعیر بە ئەندازەیەك وابە ستەیە بە نیشتمان‌و نەتەوەكەی خۆیەوە، تا ئەو رادەیەی باس لەو دیاردانەش بكات كە بۆ ئەو نامۆوپێشتر نەبینراون.بەلایەوە نەنگی نییە وەك ئەوەی كەهەیە پێناسەی خۆی بكات، نەك بە شێوەیەكی رتووشكراو، تایبەتمەندییەكی دیكە بە شوناسی نەتەوەییانەی خۆی بدات. شاعیر لێرەدا بە كچە شۆخ و شەنگەكان دەڵێت، كە ئەو ئەوەیە كەهەیە، نەك كارەكتەرێكی تر. بۆیە دەبینین بەو پەڕی راشكاویی و راستگۆییەوە، دان بە نائاشنایی خۆی دەنێت لە گەڵ ئەواندا. ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە ئەو دانپیانانە بێ ماسكەی شاعیر،گوزارشت لە دوودنیابینی جیاو دوو كلتوورری جیا دەكات، كە هەریەكەیان هەڵگری كۆمەڵی خەسڵەتی كۆمەڵایەتی،پەروەردەیی،خێزانی ‌وكەسین.كە ئەوانیش كوردو ئۆكرانیەكانن. شاعیر راستەوخۆ بە كچە شەنگەكان دەڵێت كەكوردێكی ئەوەندە كێویلەیە، ئەمشەو لە سەمای رانایەت.هەرلە سەرەتاوە شاعیر بیانووی ئەو پرسیاركردنە لە كچە شۆخەكان دەبڕێت، كە رەنگە لە میانەی ئاواێزانبوونی لە گەڵ ئەوان رووبەڕووی بكرێتەوە.كەئەویش ئەوەیە كە ئەوبۆچی نائاشنایە بە دنیای ئێرە؟بۆچی جوانییەكانی ئێرەو پێشكەوتنەكانی ئێرە نابنە جێگەی تێڕامان و شادومانی. بێگومان لە بەر ئەوەی ئەو نیشتمانێكی جێهێشتووە. نیشتمانێكی بریندار‌وخاپو‌وركرای بەچڕنۆكی بەعسی فاشییەوە.ئەو برینەش نەكچی شەنگ، نە شەوی مەست و جوان، ناتوانن بۆی تیمار بكەن. ئەوە تەنها بە شادبوونەوە بە نیشتمان ئەو برینە قەتماغە دەگرێت.لێرەوەش لە ئاستی سێیەمدا، شاعیر نامۆبوونی تەواوەتی خۆی بە ژیانی ئەوێ دەكاتە بەشێك لە ژیانی راستەقینەی خۆی و ئیدی دڵنیایی دەداتە بەرامبەرەكەی كە ئەو ناتوانێت، لە سەمای ئەو رابێت. بەم جۆرەش ئێمە رووبەڕووی دوو كلتوور، دووشێوە مرۆڤ، دوو شێوە ژیانی كۆمەڵایەتی دەبینەوە. یەكێكییان ئەو شوناسە كۆمەڵایەتییەیە كە شاعیر هەڵگریەتی ئەوی تریش شوناسی بەرامبەرە. شاعیر نەبادا مەنفا ببێتە جێگرەوەی شوێن ونیشتمانی راستە قینەی خۆی، ئیدی هەموو دیاردەكانی بوون و ژیانی ئەو بە نامۆ دەبینێت و ناتوانێ پێیانەوە ئاشنا بێت.ئەمەش لە پێناو هێشتنەوە شوناسی كوردبوون ونیشتمان لە یادەوەری ودڵ و دەروونیدا. لە كۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم كە نزیكەی شانزە ساڵ لەمەو بەر، كۆمەڵە شیعری(هێلانەی نغرۆ)ی(مارف عومەرگوڵ)م خوێندەوەو چێژ‌و جوانییەكی زۆرم لە شیعرەكان دیت. ئێستا كە دوای ئەو هەموو ساڵانە، جارێكی ترشیعرەكانی( نیشتمانم دارستانی دەم رووبار بوو)خوێندەوە،بەرهەمان ئەو چێژ‌و جوانییە كەوتمەوە كە شانزە ساڵ لەمەوبەربینی بووم. بەهیوای سەركەوتن‌و بەرهەمی جوانتر‌و شیعری جوانتر بۆ شاعیر.

ڕواندز-پاییزی 2017
پەراوێز/ نیشتمانم دارستانی دەم رووبار بوو/ شیعر/ مارف عومەر گوڵ/ ساڵی چاپ 2016


‌ 165 جار بینراوه‌
11/25/2017 9:44:29 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved