»  باران
ئەمساڵ كەركوك گرنگی بە ساڵرۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامنادرێن
ئا / هاوار ستار



پێیدەچێت ساڵرۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە جیهان ئەمساڵ لەبەر چەند هۆكارێك وەكو پێویست لە كەركوك بەڕێوەنەچێت و سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ و كاروباری ژنان و مناڵان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئاشكرای دەكات بەهۆی ئەوەی كەركوك لە بارودۆخێكی تایبەتە چالاكیەكان وەكو پێویست نابن، چالاكێكی بواری ژنانیش دەڵێت: “ئەم ساڵ دەنگی ژنان زیاتر گشتگیر بوون و تیشك بەتەواوەتی خراوەتە سەر راگرتنی هەمواری پرۆژە یاسای باری كەسێتی بۆیە كارەكانی تر راگیراون”.

بیست و پێنجی نۆڤەمبەری هەمو ساڵێك وەكو ساڵرۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە جیهان دیاری كراوە، ئەم رۆژە لە وڵاتان بە كار و چالاكی و دەیان پرۆژەی تر بەڕێدەكرێت، لە شاری كەركوكیش ساڵانی پێشو لەم یادەدا رێكخراو و چالاكانی بواری ژنان چالاكیان بەرێوەدەبرد و كاریان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەكان دەكرد، بەڵام بۆ ئەم ساڵ و لەبەر چەند هۆكارێك ئەو یادە وەكو پێویست بەرێوەنابرێت.
لەو بارەیەوە سەمیرە ئەحمەد چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان لەشاری كەركوك بۆ هەواڵ وتی: “لە 25/11 دا كە بەرۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دیاری كراوە، ساڵانە ئێمە وەكو ژنانی چالاك و رێكخراوەكانی بواری ژنان و مافی مرۆڤ چەندین داتا و یاداشتمان دەخستەروو و كارمان لەسەر كەمكردنەوەی توندوتیژیەكان دەكرد”.
ئەو چالاكوانەی بواری مافەكانی ژنان رایگەیاند: “بەداخەوە بۆ ئەم ساڵ لە عێراق بەگشتی و كوردستان و كەركوك بەتایبەتی بە هۆی ئەم دۆخەوە هەوڵەكانمان چەند هەنگاوێك بەرەو دواوە رۆشتوە و ئەویش لەبەر ئەوەی چەند پێشهاتێكی تر هاتونەتە پێش”.
راشیگەیاند: “ئێمە ساڵانی پێشو كارمان لەسەر دابینكردنی پەناگەیەك بۆ خانمان دەكرد و داوامان دەكرد جێگەیەك هەبێت تا ئەوانەی توشی توندوتیژی كۆمەڵایەتی یان كێشەی یاسایی یان سیاسی دەبوونەوە بیانگرنە خۆ و چارەسەریان بۆ بكەین”.
سەمیرە ئەحمەد چالاكوان باسی لەوەكرد: “چەندین ساڵە رەشنوسی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان چەند ساڵە لە پەرلەمانی عێراق كەوتوە و ئێمە ساڵانە جەخت لەوە ئەكەینەوە بچێتە بواری دەنگدانی پەرلەمانەوە بەداخەوە تا ئێستا نەكراوە”.
هەروەها رونیكردەوە: “بەداخەوە ئەم ساڵ ناتوانین كار لەسەر ئەوە بكەین كە ئەو رەشنوسە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە بەڵكو ئێستا دەبێت كار لەسەر ئەوە بكەین كە ئەو یاسای باری كەسێتیەی لە ساڵی 1959 ەوە جێگیر كراوە لە یاسا و دەستوری عێراقدا لەلایەن گروپە مەزهەبیە توندرەوەكان هاتون كار لەسەر ئەوەدەكەن ئەو یاساییە بگەڕێننەوە بۆ 1400 ساڵ لەمەوبەر”.
ئاماژەی بەوەشدا: “ئێمە ئێستا رێكخراوەكان نەك لە ئاستی لۆكاڵ بەڵكو لە ئاستی عێراقدا وەكو شاری هەنگ كاری جدی لەسەر ئەوە دەكەین ئەو یاسایانە دەستكاری نەكرێن و رێگریان بكەین و ئەو ئیشانەی ساڵانی رابردو دەمان كرد رایگرین”.
شكۆفە محەمەد چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لەسەر سستی چالاكی و بەردەوامی توندوتیژیەكان وتی: “ئاشكرایە لەم ساڵانەدا توندوتیژییەكانی سەر مێینە بەگشتی و بەتایبەت ژنان زیاتربوون و دەبن، ئەویش بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزانەی عێراق پێی تێپەڕدەبێت هەر بۆیە كاری رێكخراوەی قورس دەبێت و چالاكیەكان سست دەبنەوە”.
شكۆفە محەمەدی چالاكوان روونیكردەوە: “هەرچەندە لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی  ژنانداین بەڵام بۆ ئەم ساڵ كارەكان وەكو پێویستنین، هەربۆیە هیوادارم رێكخراوەكان بەردەوام رۆڵ و كاریگەریان هەبێت”.
لەسەر ئەنجامدانی چالاكی و كاركردن لەسەر كەیسەكانی ژنان جوان حەسەن سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ و كاروباری ژنان و مناڵان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لێدوانێكیدا بۆ هەواڵ رایگەیاند: “بەهۆی ئەوەی كەركوك لە بارودۆخێكی تایبەتەو كاروبارەكان وەكو خۆیان تێناپەڕن، كارەكان سستن و چالاكیەكان وەكو پێویست نابن بە تایبەت لە شاری كەركوك كە هەموان دەزانین دۆخەكەی چییە”.
هەروەها وتیشی: “بەڵام وەكو لیژنەی ژنان و خەمخۆری خۆمان بە دواداچونمان بۆ ئەو بابەتانە كردوە پەیوەستن بە ژنانەوە”.
جوان حەسەن لە لێدوانێكی پێشوتریدا بۆ هەواڵ ئەوەی رونكردوەوە كە ئەوان وەكو لیژنەی ئەنجومەن و سەرۆكی لیژنە لەگەڵ چالاكوانان و پەرلەمانتارانی ژن و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی خەمی دۆزی ژنیانە لە عێراق گروپ و مولتەقایەكمان پێكهێناوە تا فشار دروست بكەن لە پەرلەمانی عێراقدا و كار لەسەر كەیسە هەنوكەییەكانی ژنان دەكەن.


‌ 138 جار بینراوه‌
11/25/2017 9:58:07 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved