»  وتاری هەفتە
چیتر ئەمریكا لەگەڵ شكستخواردووەكان مامەڵە ناكات
بورهان حاجی سلێمان




لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی هەڵبژاردندا باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە كۆتایی ساڵی 2011و  لە كاتێكی هەستیاردا هێزەكانی لە عێراق كشاندەوە.
بە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا، عێراق دوچاری چەندین كارەسات بووەوە؛ ریتمی تەقینەوەكان رووی لە زیادبوون كرد، هەرێمی كوردستان بەتەواوی چووە باوەشی توركیاو بە پراكتیكی بووە پارێزگای 82هەمی ئەو وڵاتە، عێراق بەتەواوی كەوتە ژێر دەسەڵاتی رەهاو هەژموونی تاران بە هاوشێوەی 31 پارێزگاكەی دیكەی ئێران، سەرهەڵدانی دیاردەی (گۆڕەپانەكانی مانگرتن) كە بوونە مۆڵگەی هێزە تێرۆرستیەكان و سەرهەڵدانی داعش، لەدایكبوونی ئەو هێزە توندڕەوەش بووە هۆی لەدەستدانی تەواوی شارە سونییەكان و دواتر كاولبوونیان و هەرەسهێنانی كتوپڕی سوپای عێراق و دروستبوونی هێزێكی ئایدۆلۆژی بە ناوی حەشدی شەعبی و چەندین رووداوی دیكە تا دەگاتە ریفراندۆمەكەی هەرێم و لەشكركێشی عێراق بۆ ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان كە تیایدا لە ماوەی 24 كاتژمێردا نیوەی خاكی كوردستان كەوتەوە ژێر دەسەڵاتی بەغداو بە كارەساتی جینۆسایدكردنی كوردی خورماتوو كۆتاییهات.
لە دوای ئەم رووداوانەو بەتایبەتی دوای رێككەوتنی توركیاو ئێران و عێراق بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووری فیشخابوور، كە دەبێتە هۆی دابڕانی نێوان باشورو رۆژئاوای كوردستان و جووڵەی ئەمریكاش لە سووریا قورس دەكات، پێدەچێت واشنتۆن بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوەو سزاكەی هەرێمی كوردستانی كۆتایی پێهێنابێت، بەڵام ئامادە نییە جارێكی دیكە مامەڵە لەگەڵ شكستخواردووەكاندا بكات، چونكە ئەمجارە تاوتوێی پرسە سەربازییەكانی لەگەڵ روخسارە تەقلیدییەكانی پێشمەرگەدا نەكرد، بەڵكو لەسەر ئاستی باڵا جێمی جێرارد فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، لە 6ی مانگی رابردوودا پشت لە بەغداو هەولێر، رووی لە سلێمانی كردو لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی/ زانیاری هەرێم، كۆبووەو دوو پرسیان خستەبەر باس.
پرسی یەكەم خستنەبەر باسی هەوڵە هەرێمایەتییەكە بوو بۆ كۆنترۆڵكردنی رێگەی فیشخابوور لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە بەمەبەستی دابڕانی هەرێم و رۆژئاوای كوردستان، ئەمەش زیانی گەورە بە ئەجێندای واشنتۆن لە سوریا دەگەیەنێت، پێشتریش ئەو بەرپرسەی دژە تێرۆری یەكێتی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رۆڵی سەرەكی هەبووە لە گەیاندنی یارمەتییە سەربازی و مرۆییەكان بۆ رۆژائای كوردستان، بۆیە بەلای ئەمریكییەكانەوە باوەڕپێكراوو پەیوەندیدارە بەو پرسە نەتەوەییە.
پرسی دووەمیش پێكهێنانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی هاوبەش بوو لە هێزە دەستوورییەكانی وەكو پێشمەرگەو سوپاو پۆلیسی فیدراڵی و ناوخۆ و سەرپەرشتی سوپای ئەمریكا بۆ ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی كەركوك، بەمەبەستی رێگرتن لە هەژمونی حەشدی شەعبی كە بە هۆی پێكهاتەی توركمانییەوە جگە لە تاران، لەلایەن توركیاشەوە دزەی تێكراوە.
بەپێی لێكدانەوەكان زیندووكردنەوەی هێزی هاوبەشی (شێری زێڕین) بژاردەیەكی بەهێزە لەبەردەم ئەمریكا كە دەیەوێت باڵانس بۆ ناوچەكە بگێڕێتەوە، یەكەم سریەی ئەو هێزەش لە ساڵی 2009ـدا بە پێشمەرگەو سوپاو پۆلێس پێكهێنراو لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2011 بە رەسمی مەلەفی ئەمنی كەركوكی گرتە دەست، بەڵام دواتر بە هۆی تاكڕەوییەكانی بەغداو پشتگیری نەكردنی هەرێم ئەو هێزە هەڵوەشایەوە كە دواتر هەموو لایەك باجەكەیان دایەوە.

‌ 606 جار بینراوه‌
12/2/2017 9:26:21 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved