»  کوردستان
پەروین فاتیح: ئەوانەی دەیانەوێت خوێندنی كوردی لەكەركوك لەناوبدەن خۆیان لەناودەدەین
 رەوان تاڵیب



هەوڵی كەمكردنەوەی خوێندنی كوردی لە كەركوك رەتدەكرێـتەوەو بە وتەی  بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە كەركوك رێگە نادەن بە خوێندنی توركمانی و عەرەبی  خۆیان بخزێننە ناو خوێندنگەكان، چونكە خوێندنگەی تایبەت بەخۆیان هەیە
پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە كەركوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”لە كەركوك هیچ بابەتێكی لەو شێوەیە بەفەرمی پێیمان نەگەیشتووە كە ئێمە دەوامەكانی خۆمان تێكەڵاو بكەین و خوێندنگەی بەشی عەرەبی و توركمانی بێنە شوێنەكانمان”، ئەوەشیخستەڕوو:”ئەوانەی دەیانەوێت خوێندنی كوردی لە شارەكە لەناوبدەن ئەوە ئێمە ئامادەین خۆیان لە ناو بدەین”.
بەوتەی بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە كەركوك، هەندێك خوێندنگەمان هەیە لە یەك كاتدا دوو دەوامی تێدا دەكرێت و دوو بەڕێوەبەر دەوام دەكەن، ئێمە هەوڵی ئەوەماندا بیانلكێنین بەیەكەوە، چونكە لە رووی ئیداری و یاساییشەوە كارەكان واباشتر دەكرێت و ناكرێت دوو بەڕێوەبەر لە یەك كاتدا دەوام بكەن و پۆلەكان دابەش بكرێن بەسەر دوو بەشدا، هاوكات باسی لەوەشكرد:”بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستای شارەكەوە نیگەرانی هاوڵاتیان ئەو بابەتەمان دواخست بۆ ساڵی ئایندە”.
پەروین فاتیح، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”ئەو بابەتەش پەیوەندی نیە بە خوێندنی عەرەبی و توركمانیەوە تەنها بۆ پوختكردنی خوێندنی كوردییە”، هەروەها وتیشی:”لە دەرەوەی كەركوك لە سنوری داقوق، دەستێك هەیە كە توركمانەكان دەیانەوێت ئەو خوێندنگەیانەی بەدەستی خوێندنی كوردییەوەن بچووكی بكەنەوەو خوێندنی توركمانی لە ناوی دابنێن، بەڵام بە هەوڵی سەرپەرشتیارەكانی سنورەكەو بەڕێوەبەری قوتابخانەكان نەهێڵدراوە"، روونشیكردەوە:"تەنانەت لە خوێندنگەی یارانی دواناوەندی بەڕێوەبەری خوێندنگەكە رایگەیاندبوو كە خۆی بدات بە كوشت ناهێڵت ئەو هەوڵەیان سەربگرێت”.
بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە كەركوك، وتیشی:” رێگە نادەین بە خوێندنی توركمانی و عەرەبی  خۆیان بخزێننە ناو خوێندنگەكانمان، چونكە خوێندنگەی تایبەت بەخۆیان هەیە”.

‌ 1339 جار بینراوه‌
12/2/2017 9:27:34 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved