»  کوردستان
لیژنەی تیپە میللییەكانی كەركوك لە دەستی كورد دەردەهێنرێت
 رەوان تاڵیب



هەشت توركمان و عەرەب لە رێگای وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراقەوە خۆیان وەكو نوێنەر لیژنەی تیپە میللییەكانی كەركوك دەناسێنن و تەنها دوو كورد دەخەنە لیستەكەوە، بەڕێوەبەری لاوان و وەرزشی كەركوكیش، رایدەگەیەنێت:”ئاگاداری ئەو كارە نەبووە”.
بەپێی زانیاریەكانی (هەواڵ)، بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستەی ئێستای لیژنەی تپە میللییەكانی كەركوك و بەڕێوەبەرایەتی لاوان و وەرزشی شارەكە، چەند كەسێك لە رێگای وەزارەتەوە خۆیان وەكو نوێنەری لیژنەی تیپە میللییەكانی كەركوك  دەناسێنن و لەژورێكی بەڕێوەبەرایەتی لاوان و وەرزشی كەركوك  كارەكانیان ئەنجامدەدەن.
(هەواڵ) بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی كرد بە ناسیح شوانی، بەڕێوەبەری لاوان و وەرزشی كەركوك، لە لێدوانێكیدا رایگەیاند:”ئەو كەسانە بەبێ ئاگاداری ئێمە سەردانی وەزارەتیان كردووەو رەزامەندیان وەرگرتووە”، ئەوەشیخستەڕوو:”ئەوان نوسراویان هێناوە لە وەزارەتەوە وەكو دەستەیەك بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و ژمارەی تیپە میللییەكان تاوەكو كاتی هەڵبژاردن كارەكانیان ئەنجام دەدەن”.
بەوتەی بەڕێوەبەری لاوان و وەرزشی كەركوك، لە ساڵی رابردوەوە نوسراویان بۆ كراوە لە وەزارەتی لاوان و وەرزشی عێراقەوە تاوەكو هەڵبژاردن بۆ تیپە میللییەكان بكەن، بەڵام لەبەر ئەو بارودۆخەی كەركوك و شەڕی داعش و نەبونی بودجەوە هەڵبژاردنەكە ئەنجامنەدراوە، باسی لەوەشكرد:”ئەوان پێشوتر هاتوونە لامان و وتویانە كە ناكرێت لیژنەی تیپە مییللییەكان نوێنەری ئێمەی تێدا نەبێت”، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”ئەو كەسانە هاتونەتەوە لای ئێمە وتویانە نەتەوەی كورد چیان ئەوێت ئێمە وادەكەین ئەگەر هەڵبژاردنیش دەكەن ئێمە ئامادەین، بەڵام ناكرێت ئەو لیژنەیە تەنها كورد بێت و كار بۆ كورد بكات، بەڵام ئێمە زۆر گوێمان بۆیان نەگرت”.
ناسیح شوانی، وتیشی:” ئەو كەسانەی هاتوون نوێنەری راستەقینەی سەرجەم پێكهاتەكان نین”، روونیشیكردەوە:”لەو هەشت كەسەی كەدانراوە 2 كوردی تێدایە و كەسیان وەك سەرۆك و جێگر دانەنراون”. وتیشی:”ئەوان لە ئێستادا وەكو سەرۆك مامەڵە لەگەڵ رەفعەت حەسەن سەرۆكی لیژنەی تیپە میللییەكان ناكەن، چونكە دەڵێن جیاوازییان كردووە لەگەڵ تیپەكان و نەتەوەكان”، ئەوەشیخستەڕوو:”ئەوان خاوەنی دەسەڵاتن دەتوانن مامەڵە لەگەڵ تیپە میللییەكان بكەن”، باسی لەوەشكرد:”  ئەو لیژنەیەی دانراوە قبوڵمان نییە، بەڵام ئەوان بڕیاری وەزارەتیان هەیەو وەكو نوێنەری پێكهاتەكان ئەوان تەحقوم ناكەن بەهەموو تیپەكانەوە، ئاشكراشیكرد:”ئەبێت ئێمە هەوڵی ئەوە بدەین كە بە شێوەیەی یەكسان ئەو لیژنەیە دابنرێت”، باسی لەوەشكرد:”ئەو ژورەی بەڕێوەبەرایەتیەكەمان بۆ سەرجەم تیپە میللییەكانە”.



 

‌ 181 جار بینراوه‌
12/2/2017 9:28:43 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved