»  کوردستان
بەرپرسێكی سنورەكە هۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵكی مەخمور ئاشكرا دەكات
 رەوان تاڵیب


بەرپرسێكی یەكێتی هۆكاری نەگەڕانەوەی هاوڵاتیان بۆ مەخمور بۆ داخستنی رێگای سەرەكی (مەخمور- هەولێر) دەگەڕێنێتەوە كە لەلایەن پارتییەوە گیراوە.
رەشاد گەڵاڵی، لێپرسراوی كۆمیتەی مەخموری یەكێتی نشتیمانی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:”هۆكاری نەگەڕانەوەی سەرجەم هاوڵاتیانی مەخمور دەگەڕێتەوە بۆ داخرانی رێگای سەرەكی (مەخمور- هەولێر) كە لە لایەن برادەرانی پارتیەوە گیراوە”، ئەوەشیخستەڕوو:”لەسەر چیای قەرەچوغ پێشمەرگەی پارتی  لێیەو رێگای بازاڕگەی مەخمور - هەولێریان داخستووە، بەمەش هاوڵاتیان رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە بۆ ئەوەی بێنەوە بۆ نێو مەخمور بە رێگاكانی دیكەو بە ئاسانی ناتوانن بگەڕێنەوە”.
بەوتەی لێپرسراوی كۆمیتەی مەخموری یەكێتی نشتیمانی كوردستان، لەدوای رووداوەكان و هاتنی سوپای عێراقی بۆ مەخمور كۆی یەكە ئیدارییەكانی شارەكە بە بڕیارێكی حزبی پاشەكشەیان پێكرا، باسی لەوەشكرد:”لەدوای ئارامبوونەوەی شارەكە دوو هۆكار هەبوون بۆ نەگەڕانەوەی سەرجەم خەڵكەكە بۆ مەخمور، ئەوانیش دامودەزگا ئیداریەكانە كە وەكو كارتێكی فشار بەكاردەهێنرێت بەرانبەر خەڵكی، چونكە هیچ بڕیارێكی فەرمی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە نەبووە بەوەی پاشەكشێ بە فەرمانگەكان بكرێت، بەڵكو ئەوەی روویدا بەهۆی هەژمونی حزبیەوە بوو”، وتیشی:”هۆكارێكی دیكەش ئەوەیە كە پێشمەرگەی پارتی سەرتاپای چیای قەرەچوغیان گرتووەو رێگای سەرەكی بازاڕگەیان داخستوە و بۆ گەڕانەوەش خەڵكەكە بە رێگایەكی دیكە ئەوە ئاستەنگی زۆر دەبینن و بە ئاسانی ناتوانن بگەڕێنەوە”. 
رەشاد گەڵاڵی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”ئەوانە هۆكاری سەرەكی نەگەڕانەوەی تەواوی هاوڵاتیانی مەخمورن”، راشیگەیاند:”لە دوای هەوڵێكی زۆر لە دوای 38 رۆژ توانرا دەرگای خوێندنگەكانیش بكرێنەوەو خوێندكاران بێبەش نەبن لە خوێندنی ئەمساڵ”.

‌ 155 جار بینراوه‌
12/2/2017 9:35:23 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved