»  چاوپێکەوتن
غازی كەركوكی: هەندێك لە توركمانەكان بە قسەی پارتی دەكەن و دەیانەوێت راكان جبوری وەك پارێزگار بمێنێتەوە



غازی كەركوكی جێگری مەڵبەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كەركوك لەم چاوپێكەوتنەی (هەواڵ)ـدا، تیشك دەخاتە سەر دۆخی ئێستای كەركوك و جەختیش دەكاتەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك پشكی كوردەو لە ناو كوردیشدا بۆ یەكێتییە، هەروەها راگەیاندنی یەكێتیش لەبەرانبەر بەو هێرشەی دەروونییەی دەكرێتەسەر حیزبەكەی بە لاواز لەقەڵەم دەدات و ئاشكرای دەكات كە هەندێك لە توركمانەكان بە قسەی پارتی دەكەن و دەیانەوێت راكان جبوری وەك پارێزگار بمێنێتەوە.



* ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان شارەكەی جێهێشتووەو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە تەنیا لەكەركوك ماوەتەوە و شەڕی سیاسی دەكات، نەگەڕانەوەی پارتی تاچەند كاریگەری لەسەر پێكەی كورد لەشارەكە دەبێت؟
- كاریگەرییەكی زۆری هەیە، بەرنامەی ئەوان لەگەڵ بەرنامەی عەرەب و توركمانەكان هیچ جیاوازییەكی نییە دژی كوردو بەتایبەتتر دژی یەكێتی.

* لەحاڵەتی نەگەڕانەوەی پارتی، بژاردەی بەردەم یەكێتی چی دەبێت؟
- بژاردەی یەكێتی ئەوەیە، ئێمە وەك یەكێتی لەسەركردایەتی و كادرەكانی كەركوك، رێگەمان ئەوەیە ئەگەر پارتی نەگەڕێتەوە بۆ شارەكە، ئێمە هەوڵبدەین لەگەڵ توركمان و عەرەبەكان، بەتایبەتتر لەگەڵ توركمانەكان هەماهەنگی دروست بكەین، چونكە ئەوانیش خەڵكی رەسەنی شارەكەن، ئەوەش كارێكی ئاساییە.
 
* عەرەب و توركمانەكان بە ئاشكرا دژایەتییەكی زۆری ماددی 140ی دەستور دەكەن، هەڵوێستی یەكێتی بەرانبەر ئەو دژایەتییە چی دەبێت؟
- باشترین هەڵوێست قسەكانی دكتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق بوو كە كردی، بەغدا هات و بەناوی دەستورەوە ئەم كارانەی كرد، ئێمەش بەناوی دەستورەوە دەمانەوێت مافەكانمان بگەڕێنینەوە، ماددەی 140 لە دستووری هەمیشەیی عێراق ماددەیەكە نە عەرەب نە توركمان كەس ناتوانێ دەستكاری بكات، لەبەر ئەوەی عێراق و وڵاتانی دنیاش بە مەسعود بارزانییان وت كارەكەتان دەستوری نییە، ئێستاش دكتۆر فوئاد مەعسوم وەك سەرۆك كۆمارو سەركردایەتییەكی یەكێتیش باسی لە ماددەی 140 كرد، ئێمە هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە لە رێی دەستورەوە ماددەی 140 جێبەجێ بكەین، ئەمەش قازانجی زۆری بۆ كورد تێدایە.

* حیزبەكانی تر بۆ ناگەڕێنەوە بۆ كەركوك، هیچ رێگرییەك هەیە یاخود كاریگەری پارتییان بەسەرەوەیە؟
- وەكو حیزب نا، بەڵام هەندێ تاكی نێو حیزبەكان كەوتوونەتە ژێر كاریگەری پارتییەوە، كە پارتی پێیاندەڵێت مەڕۆنەوە بۆ كەركوك.

* ماوەیەكە یەكێتی رووبەڕووی شەڕێكی میدیایی دەروونی توند بۆتەوە، رۆڵی راگەیاندنی یەكێتی لە روبەڕوبوونەوەی ئەو جەنگە دەروونییە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
- راگەیاندنی یەكێتی لەو رووەوە زۆر لاوازە، دەبێ جوڵانەوەیەكی باشی هەبێت بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو جەنگە دەروونییە، سەرباری ئەوەش بە داخەوە بەشێك لەسەركردەو مەكتەب سیاسیەكانی خۆمانیش ئامادەنین سەردانی كەركوك بكەن.

* كۆمەڵێك بەرپرسی ئیداری و حیزبی یەكێتی تائێستا ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ كەركوك، یەكێتی هیچ لێپێچینەوەیەكیان لەگەڵ دەكات؟
- ئێمە كۆمەڵێك كادری یەكێتی لە كەركوك لە هەفتەی رابردوودا سەردانی مەكتەبی رێكخستن و ئەنجومەنی ناوەند و مەلا بەختیارو باڤڵ تاڵەبانیمان كرد، لە هەموو دانیشتنەكاندا باسی ئەو كێشەیەمان كردووە، بەتایبەتی ئەو كادرە ئیدارییانەی كە نەگەڕاونەتەوە بۆ كەركوك، پێشنیاری ئەوەمان كرد، ئەگەر ئەو كادرە ئیداری و حیزبییانە نەگەڕێنەوە بۆشارەكە، باشتر وایە خەڵكی تر لە شوێنەكانیان دابنرێت.

* رۆژ بەرۆژ ئازادییەكان لەكەركوك بەرتەسك دەبنەوە، پارێزگاری كەركوكیش بە وەكالەت پرۆسەی تەعریبی بوژاندۆتەوە، بێدەنگبوون لێی چەند زیان بە كورد دەگەیەنێت؟
- مەترسییەكی زۆر گەورەیە، بەڵام ئەگەر بە وردی گوێتان لە قسەكانی دكتۆر فوئاد مەعسوم بوبێت، ئەگەر پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت هەر شتێكی بە نادەستوری كردبێت، ئەوە پێچەوانەی دەستورەو لە داهاتوودا هەر كەسێك ببێتە پارێزگار كە پشكی كوردەو لەناو كوردیشدا پشكی یەكێتیی، ئەو بڕیارانە هەڵدەوەشێنێتەوە كە بە نادەستوری كراون.

* پرسی دانانی پارێزگارێكی كورد بەكوێ گەیشتووە؟
- هەموو هەوڵەكان بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد لە ئارادایە، ئێستا لە جێگای رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەن، جەمال مەولود لە شوێنی وەك بە تەمەنترین كەس دانراوە، ئەمە یەكێكە لە هەوڵەكان بۆ ئەو پرسە، لەمەودواش دەبێ كۆمەڵێ شتی تر بكرێت، راستە بەشێك لە توركمانەكان داوای پۆستی پارێزگار دەكەن، بەڵام داواكەی ئەوان تەنها بۆ فشارە، چونكە بەغداش وتوویەتی پارێزگاری كەركوك پشكی كوردو یەكێتییە، بەڵام ئەوان هەندێكیان بە قسەی پارتی دەكەن و دەیانەوێت تەگەرە بخەنە كارەكەو دەیانەوێت راكان جبوری وەك پارێزگار بمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژارنەكانی داهاتوودا یەكێتی دەنگی كەم لە شارەكە بهێنێت.

* پارێزگارێكی كورد دەتوانێ بەشێك لەو ناهاوسەنگییەی ئێستا هاوسەنگ بكاتەوە؟
- پێموایە ئەگەر پارێزگارێكی ورد دابنرێ، بەشێك لە كێشەكان چارەسەر دەبن، ئەوەی تریشی كە دەمێنێتەوە ئەوەیە پێویستە ئەو هێزەی لەناو كەركوكە نەمێنن و شارەكە چوڵ بكات، خاڵێكی تریش ئەوەیە كوردیش بە هەماهەنگی بەشداری پێبكرێت لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكاو عێراق لە كەركوك.

‌ 912 جار بینراوه‌
12/2/2017 9:38:27 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved