»  شۆک
دیاردەی نەخوێندەواری لە ناو گەنجاندا پەرەدەسێنێت
ئا / هاوار ستار




یەكێك لەو دیاردانەی لە ماوەكانی داهاتوودا لە عیراق زیاتر دەبێت نەخوێندەواریە، بەپێی هەندێك راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش ئەو دیاردەیە 40% عێراقیەكان دەگرێتەوە و هەندێكیش باسی زیاتر لەو رێژەیە دەكەن.

كێشە گەورەكە لە بەرزبوونەوەی ئەو دیاردەیە گەنجانن، چونكە زۆربەی ئەوانەی نەخوێندەوارن لەو رێژەیەدا گەنجن و تەمەنیان خوار 20 ساڵ دەبێت، بەمەش ئەو نەوەیەی بەڕێوەیە نیوەی نە خوێندەوار دەبێت و توانای خوێندنەوە و نوسینی نابێت.
لەسەر دابڕانی گەنج لە خوێندەواری ناسیح شوانی بەڕێوبەری لاوان و وەرزشی كەركوك  بۆ (هەواڵ) رایگەیاند: "ئێمە وەك لایەنێكی تایبەت بە گەنج ئاگاداری دۆخی گەنجان و مێردمنداڵانی وڵاتین بە تایبەت شارەكەی خۆمان، هەر بۆیە بەردەوام لەسەر بابەتە پەیوەستەكان بەوان خول و كارو چالاكی ئەنجام دەدەین"، وتیشی: "لەماوەكانی رابردودا لە سێ لە مونتەداكانمان خولێكمان كردبووەوە بۆ ئەو كەسانەی لە خوێندن دابڕاون و رێكخراوی ئەنتەرسۆزی ئیتاڵی هاوكارمان بوون لەو خولانە"، باسی لەوەشكرد: "لە دوا خولماندا 48 كەسمان هەبوو لەو گەنجانەی لە خوێندن دابڕاون و پاش بینینی خولەكان ئەوەندەی ئاگاداربین نزیكەی 28 كەسیان بڕیاریاندا بگەڕێنەوە سەر خوێندن".
هەروەها وتی: "ئێمە لەو خولانە تیشكمان دەخستە سەر ئەوەی نەخوێندەواری چ مەترسیەكی دەبێت بۆ تاك و كۆمەڵگە و چۆن دابڕان لە خوێندن دەتكات بە كەسێكی دابڕاو لە تێگەیشتن و مەعریفە و ئەوەش وات لێدەكات ببیتە  تاكی چەكدار و داردەستە و لەرێ دەرچوو و تا دەگاتە تیرۆر و بكوژ ئەنجامدانی كاری نایاسایی".
ناسیح وتیشی: "ئەمەی باسی دەكەم یەك خول و نمونەیەكە لە كارەكانی وەزارەت و بەرێوبەرایەتیەكەی ئێمە، بەڵام لێتانی ناشارینەوە بێ بودجەیی و ئاوڕنەدانەوە لەبەرێوبەرایەتییەكەمان لە لایەن پارێزگا و بەغداوە دەیان كاری راگرتوین و دواخستوین، ئەگینا ئێمە بەردەوام هەوڵی چڕمان دەدا بۆ رۆشنبیركردنی چینی گەنج".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "لەكەركوكدا چەند ناوەندمان هەیە كاتێك كەسێك رومان تێدەكات پرسیاری ئاستی خوێندن و خوێنەواری لێدەكەین تا بزانین دابڕاوە، ئەگەر وابوو ئێمە بەشمان هەیە كە ئامۆژگاری رێنماییان دەكەین كە نەچونە بەر خوێندن هەڵەیە و تەنانەت زۆر جار ئەوانەی تەمەنیان خوار 10 ساڵە لە گەڵ دایك و باوكەكانیشیان قسە دەكەین كە تا منداڵەكانیان لە خوێندن دانەبڕێنن و نەهێڵن دووركەونەوە".
چێنەر سیروان توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەر نەخوێندەوار بوونی گەنجان بۆ هەواڵ وتی: "وڵاتەكە لە مەنجەڵ دەچێت لەسەروی مەیدانی جەنگەوە و بەردەوام لەكوڵاندایە، هەر كەسێكیش دێت شتێكی بۆ زیاد دەكات".
هەروەها وتی: "بۆ ئەوەی لەو قەیران و كوڵانە رزگارمان بێت وڵاتەكە پێویستی بەگەنجە، گەنجیش كە خوێندەواری نەبێت و رۆشنبیری نەبێت ئەمانە بەئاسانترین شێوە بەكاردەهێنرێن بۆ هەر لایەنێكی بەرژەوەندی خواز كە بەكاری بێنێت".
وتیشی: "گەنج كە هوشیار نەبوو پێشی خۆی نابینێ و بیروڕای كەسیی نابێت و ئەبێتە نێچیرێكی ئاسان بۆ ئەوانەی ئەجێندای سیاسی و ئابوری و ستراتیجی خۆیان هەیە و بەكاریان دێنن".
چێنەر سیروان توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەر كاریگەری نەخوێندەواری گەنج لەرووی كۆمەڵایەتییەوە وتی: "گەر كۆمەڵگەیەكت هەبێت پشتی بەستبێت بەگەنجەكان و گەنجەكانیشی كەسانێك بن توانای خۆبەڕێوەبردن و شیكردنەوە و لێكدانەوەی روداوەكایان نەبێت، هەروەها توانای هەست كردن بە بەرپرسیارێتی و ئەركیان نەبێت ئەوا ئەو كۆمەڵگەیە ماندوو دەبێت".
ئاماژەی بەوەشدا: "كۆمەڵگەی ماندوش ئاقاری بەرەو خراپ و تاوانكاری و لەرێ دەرچوون دەڕوات و ئایندەی باش نابێت، ئەمەش مەترسیەكی زۆری بۆ كۆمەڵگەی داهاتو دەبێت و ئێستاش لێكەوتەكانی دەبینین و دەركەوتوون".
لەسەر دەركەوتنی خراپەكاریەكانی نەخوێندەواری گەنجان ئەو توێژەرە رونیكردەوە: "ئەوەتا لەئێستادا ئەو هەمو هێزە چەكدارانە بە جیا دەبینین لە زاخۆوە تا فاو كە هۆكاری سەرەكیان نەبوونی دەرفەتە بۆ گەنج كە بەو شێوەیە ئەو لێشاوە زۆرە بوونەتە سەرباز و چەكدار و گروپ و......هتد".



‌ 75 جار بینراوه‌
12/2/2017 9:48:43 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved