»  وەرزش
بڕیارەكەی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان ناڕەزایی وەرزشكارانی كەركوكی لێدەكەوێتەوە




بەهۆی دۆخی ئێستای شاری كەركوكەوە، یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان، یانەكانی كەركوكی سەرپشك كردووە لە بەشداریكردن یاخود بەشدارینەكردن، لە ئەگەری بەشداریكردنیشدا مەرجی ئەوەی داناوە ركابەرییەكانیان لە دەرەوەی شاری كەركوك بێت، ئەمەش نیگەرانی شەقامی وەرزشی كەركوكی لێكەوتۆتەوە، لەو رووەوە چەند یاریزانێكی یانەكانی كەركوك بۆ لاپەڕەی وەرزشی (هەواڵ) دوان.

شاهۆ نەشئەت كاپتنی تیپی تۆپی پێی  یانەی گازی باكور  وتی:” بێگومان   یاریزانان زەرەرمەندی یەكەم دەبن، چونكە لە ئێستادا تۆپی پێ بۆتە سەرچاوی ژیانی زۆرێك لە یاریزانان، دواتر وەرزشی كەركوك زەرەرمەند دەبێت “.
شاهۆ وتیشی:” هیوادارم بەرپرسانی وەرزشی كەركوك لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و  نەهێڵن وەرزشی كەركوك وای لێبێت “. لە كۆتاییدا شاهۆ هیوای خواست یانەكانی كوردستان  سەبارەت بە هاتنە ناوەوەی شارەكە هەندێ بە تەحەموول بن، چونكە شار بەو شێوەیە نیە كە ئەوان وێنای دەكەن”.

سەبارەت بە هەمان پرس، ئەلیاس نورەدین  یاریزانی یانەی گازی باكور، وتی:”  وەكو یاریزانێكی شاری كەركوك زۆر ڕەشبینم كە بە هۆی ئەم باردۆخەی ئێستادا چالاكیەكانی یەكێتی تۆپێ وەستاوە “.
وتیشی:” زەرمەندی یەكەمی ئەم بڕیارانە خودی یاریزانانن كە ناتوانن لە ناو شاری خۆیان و لە بەردەم هەوادارانیان یاری بكەن”. ئاماژەی بەوەشكرد: “ نابێت سیاسەت تێەكڵاوی وەرزش بكرێت كە بەداخەوە كە لە كەركوك بە روونی دەردەكەوێت”.
هیواشی خواست یانەكانی كەركوك  بتوانن بەشداری خولی كوردستان بكەن، چونكە  یانەكان و یاریزانانی كەركوك  هەمیشە چێژی تایبەتیان بەخشیوە بەو خولانە”.

لای خۆشیەوە عەبدوڵلا كەیفی یاریزانی تیپی یانەی كەركوك وتی:” بێگومان ڕەنگە زەرەرمەندی یەكەم یاریزانانی كەركوك دەبن، چونكە ئاستیان  دادەبەزێت”.
عەبدوڵلا وتیشی: “ گەر یاریزانانی كەركوك لە یانەكانی تری كوردستان یاری بكەن ئەوا هەمان ئاست پێشكەش ناكەن  كە لە ناو شارو هاندەرانی خۆیان پێشكەشی دەكەن”.

ئاكۆ محەمەد  یاریزانی یانەی گازی باكور هەمان بیروڕای هاوڕێكانی هەیەو   وتی:”  بەم بڕیارە چەند لایەنێك  زەرەرمەند دەبن، بەڵام یاریزانانی كەركوك زەرەرمەندی یەكەمن لە هەموو روویەكەوە”.
 ئاكۆ وتیشی “ دەكرا یەكێتی تۆپی پێی  كوردستان ئالتەرناتیڤێكی گونجاوی بدۆزیبایەوە بۆ  بەشداریكردنی یانەكانی كەركوك “، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:” بەشداریكردنی یانەكانی كەركوك چێژو ئاستێكی هونەری بەرزتری دەبەخشنە خولەكانی كوردستان”.




‌ 149 جار بینراوه‌
12/2/2017 9:50:21 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved