»  وتاری هەفتە
هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر كورد بەڕێوەیە
بورهان حاجی سلێمان



ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، كە لەداهاتوویەكی نزیكدا چیتر حكومەتی هەرێم ناتوانێت مافە داراییەكانی موچەخۆران وەكو پێویست بدات، ئەمەش ئەگەر ئەڵتەرناتیڤێكی گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە كاریگەری زیاتری لەسەر جومگەكانی ژیان دەبێت و مەترسییەكی گەورە بۆ سەر رایەڵەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی دروستدەكات .
تاكە ئەڵتەرناتیڤ كە حكومەتی هەرێم بە پاڕانەوەكانی وەكو فریادڕەسێك وێنای دەكات، عەبادی سەرۆك وەزیران و گەنجینەی دەوڵەتی عێراقیە، بەڵام ئەم ئەڵتەرناتیڤەش چ بەهۆی مەرجە ناڕەواكانی حكومەتی ناوەندەوە بێت یان هەڵەو سیاسەتە كوشندەكانی رابردووی حكومەتی هەرێم، هەموو پێداویستییە زۆرەكانی موچە دابین ناكات، تەنانەت ئەگەر زۆریش بەگەشبینیەوە لێی بڕوانین، چونكە لەباشترین حاڵەتدا عێراق موچەی ئەو ژمارە فەرمانبەرە دەنێرێت كە قەناعەتی پێیەتی بەتایبەتی پێشمەرگە كە ژمارەی چەكدارەكانی لە 400 هەزار زیاترە، موچەی چارەكی ئەو ژمارەیە دەنێرێت، بەواتای ئەوە 300 هەزار پێشمەرگە لەمووچە بێبەش دەبن و نەحكومەتی هەرێم و نەحیزبەكانیش ناتوانن موچەكانیان بۆ دابین بكەن، چونكە “مانگا مردو دۆ بڕا”، مانگاكەش كەركوك و ناوچە نەوتییەكانی دیكەی هەرێمەو دۆیەكەش نەوتەكەیەتی كە رادەستكردنیان بەحوكمەتی ناوەند پێشمەرجی عەبادییە بۆ ناردنی موچە!
گەورەترین كێشەی وڵاتە سۆشیالیستەكان لە دوای هەرەسی بلۆكی رۆژهەڵاتی لەكۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، ئەو ژمارە زۆرەی سەربازو جەنەراڵەكان بوو، كە نە لەسیستمی نوێیەكەدا جێگەیان دەبووەوە، نە پیشەیەكی دیكەیان هەبوو، حكومەتیش نەیدەتوانی بژێویان دابین بكات، ئەو دۆخەش رێگە خۆشكەر بوو بۆ دروستبوونی چەندین گروپ و مافیا لەو وڵاتانە، كە تاكو ئێستاش بەدەست شوێنەوارەكانیەوە دەناڵێنن.
لەم پرسەشدا هەرێم وەكو سەرجەم پرسەكانی دیكە هیچ پلانێكی نییە، بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ سەدان هەزار پێشمەرگەو چەكداری جیاجیا كە لەقۆناغی داهاتوودا چ بە هۆی كورتی بودجەو مەرجەكانی بەغداوە یان بەهۆی پێداویستییەكانی قۆناغە نوێیەكەوە شوێنیان نابێتەوە، لەكاتێكدا دوای جەنگی سێ ساڵەی داعش دەبوایە ئەو هێزانە خەڵات بكرێن نەك بنێردرێنەوە ماڵەكانی خۆیان و فشارە ئابووری و دەروونییەكان بەرەو توندوتیژییان بەرێت، ئاماژە ترسناكەكانی ئەو دیاردەیەش لەكەركوكەوە دەركەوتوون، كە وێڕای نەهامەتییەكانی خەڵكەكەی ئێستا لەباكوری پارێزگاكە، یەكێتی لەئاست گوندی ئیلینجاخی سەر رێگەی ناحیەی تەقتەق و پارتی لەڕۆژئاوای كەركوك، لەگوندی عالای سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، بەبێ هیچ بنەمایەكی یاسایی، بازگەیان داناوەو یەكەم بەناوی هاوكاریكردنی پێشمەرگەو دووەمیش بەناوی گومركەوە سەرانە لە ئۆتۆمبێلەكان وەردەگرن، كە ئەمە جگە لەناشرینكردنی ناوی پیرۆزی پێشمەرگەو بڕینی گیرفانی هاوڵاتی هیچی دیكە نییە.. لەناو كەركوكیش  دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێل و هەڵكوتانەسەر ماڵان بە رێژەیەكی ترسناك روو لەهەڵكشانە.. بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەكی زۆری لەلایەن ئەو چەكدارانەوە ئەنجام دەدرێن كە تا پێش 16ی ئۆكتۆبەر لەگەڕەكەكانی خوارووی كەركوك دزی و سەرانەیان لەخەڵك وەردەگرت، بەڵام ئێستا ناوێرن روو لەو گەڕەكانە بكەن و بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنییەوە گەڕەكە كوردییەكانیان كردووەتە تەختەی شانۆی تاوانەكانیان، ئەم دیاردانەش لەگەڵ بەردەوامی قەیرانەكەدا لەماوەیەكی كەمدا لەشارەكانی دیكەی هەرێمیش تەشەنەدەكات و مەترسیەكانیشی لەداعش و حەشد كەمتر نابن.



‌ 1934 جار بینراوه‌
12/9/2017 9:17:28 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved