»  کوردستان
گوندەیەك سێ بەڕێوەبەری كورد لەكەركوك لادەبات و توركمان لەشوێنیان دادەنێت
 رەوان تاڵیب


بەفەرمانی پەرلەمانتارێكی توركمانی پارێزگای سەڵاحەدین سێ كوردی بەڕێوەبەری بەش لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لادەدرێن و سێ توركمانی شیعە لە شوێنەكانیان دادەنێن.
دوای ئەوەی نیازی میعمار ئۆغڵۆ، بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی چوارشەمەی رابردوو بە هێزێكەوە هەڵدەكوتێتە سەر فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، بە زۆرەملێ بڕیارێك بە بەڕێوەبەری فەرمانگەكە دەردەكات و سێ كەسی توركمانی دەكاتە بەرێوەبەری بەش لە بری سێ كەسە كوردەكە، كە پێشتر وەك بەڕێوەبەری بەش كارەكانی بەشەكانیان رایی كردووە. 
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەك، لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:"نیازی میعمار ئۆغڵۆ رۆژی چوارشەممەی رابردوو هەڵیكوتاوەتە سەر فەرمانگەو لە پاش چەند خولەكێك لە مانەوەی لە ژووری بەڕێوەبەر، فەرمانێكی كارگێری دەرچوو بۆلادانی هەریەكە لە دكتۆر دەریا ئەحمەد بەڕێوەبەری بەشی پلاندان و دكتۆر هێمن فایەق بەڕێوەبەری بەشی نەشتەرگەری پزیشكی   و نورەدین بایز بەڕێوەبەری بەشی ئیدارە و كارگێڕی"، ئەوەشیخستەڕوو:"سێ توركمانی شیعەی خستۆتە شوێنی ئەو سێ كوردە، كە هەریەكە لە عەقیل  بۆ شوێنی دكتۆر دەریا و عەلی حوسێن بۆ شوێنی دكتۆر هێمن و رەفعەت عەدالەت بۆ شوێنی نورەدین بایز".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، لەبەر هەستیاری بەشەكەی لە فەرمانگەی تەندروستی و سەلامەتی خۆی، نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە،  ئەو كارەی ئەو كردویەتی هیچ بنەمایەكی یاسایی نیەو تەنها ئەوە بوو بەرێگای زۆرملێ و هێزەوە ئەو كارەی ئەنجامداوە، باسی لەوەشكرد:"ئەو سێ كەسە تەنها هۆكاری لادانیان ئەوەیە كە كورد بوون، ئەگینا كەسانی چالاك و شارەزا بوونە لە بەشەكانیان".
سەرچاوەكە وتیشی:"ئەو سێ كەسەی دانراون بە زۆرەملێ، توركمانی شیعەن و كەسانی بێ ئەزموون و كەسێكیان تەنها 4 ساڵە زانكۆی تەواو كردووە"، راشیگەیاند:"ئەو بڕیارە بە هەوڵی پەرلەمانتارانی كورد بەشێوەی كاتی راگیراو نەهێڵدراوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

‌ 817 جار بینراوه‌
12/9/2017 9:28:20 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved