»  پەڕەموچ
پەپولەكانی تاریكی ماشێنی كات و كارەساتی شەنگال
نوها فایەق


هەمیشە ئارەزووم لەو ڕۆمانانە بوە كە بە چەند لاپەڕەیەكی كەم مێژوویەكی درێژ دەگێڕێتەوە .
گێڕەڕەوەی ئەم ڕۆمانە جیا لەڕۆمانەكانی تر ، لەداهاتوەوە كەساڵی (2050)یە ، باسی ڕوداوەكانی ئێستاو ڕابردومان بۆ دەكات .
گێڕەڕەوەكەمان ئەندازیارە و لەیەكێك لەكارگەكانی دروستكردنی ڕۆبۆت كاردەكات ، ئێوارەیەك دەبینێت كە وافەیلەسوفێك لەناو كتێبەكانی خۆیدا دەسوتێنن، بەتاوانی ئەوەی كە كتێبەكانی یاساغن و ئەوەی دەیڵێت درۆیە .
گێڕەڕەوەكەمان ئەوەندە سەرقاڵ بوە كەپێی سەیرە ئەم فەیلەسوفە ناناسێت، لەترسی ئەوەی ئەوسەربازانەی كە تەنها چاو لوتیان بەدەرەوە بوە ،ئەگەر بیبینن كتێبی بە دەستەوەیە بەشمشێری لێزەر بیسوتێنن ، بەزەحمەت توانیویەتی كتێبیك لە سوتان ڕزگاركات ، كەبەنای “پەپولەكانی تاریكی “ بوو ، كتێبەكە دەشاریتەوەو دەستدەكات بەخوێندنەوەی. لە رۆمانەكەدا بەر كارەساتی شەڕی ناوخۆ دەكەوین كەجۆن براكان یەكتریان ڕاوناوەو هاوڕێكان لەسەنگەردابوون دژی یەكتری و بەعسیش چۆن پێكەنینی بە شەرەكە هاتوەو ئەوزیندانی “قەڵای ڕەش “كەچۆن لەوێ مرۆڤیان لەمرۆڤایەتی خستوە، ئەم زیندانە تایبەت بوە بەنەیارەكانی حزبی “خۆری كوردستان “. بەسەرهاتی ئەو كوڕە دڵشكاوەی كەعاشقی پەپولەو دارو درەختەو دڵی نایەت قالۆنچەیەك بكوژێت .
بەڵام وردەوردە ڕقی لەهەموو رەنگەكان دەبێتەوە بەوەی هەر ڕەنگەو دابەش بوە بەسەر حیزبێكدا و تەنها وێنەی پەپولەی ڕەنگ ڕەش دروستدەكات . 
دەچێتە بەردەم هەر بەناو مامۆستایەك تا پرسیاری جەوهەری دینی لێبكات ، مامۆستا تەنها دەزانێ بڵێت (أستغفرلله ،أستغفرلله) و ئەوشوێنە جێبهێڵێت و “تەیمور” بێوەڵام جێدەهێڵێت .ناچار كاتێك كە تەیمور چاك دەبێتەوە لەو نەشتەرگەریەی كە بەهۆی پێدانی گورچیلە بەوكچەی خۆشیدەویست ، كچە ئەمی خۆشنەدەویست بۆی ئەنجام درابوو.
ڕوودەكاتە چیچان و نیشانە شكێنێكی بەناوبانگی لیدەردەچێت و لەوێشەوە بۆ جیهاد كردن دەچێتە ئەشكەوتی “تۆرابۆرا “و پاكستان وزۆر شوێنی دیكە .
ئەوكاتەی كە “ئەنسار و ئیسلام”لەچیاكانی هەورامان بەبیانووی عیلمانی بونی هاو شاریەكانیان شەڕیان ڕاگەیاند ، داوایان لەتەیمور كرد كەبگەڕێتەوە كوردستان و لەوێ درێژە بەجیهاد بدات “داواكرابووم بگەڕێمەوەو بەشداری لە جیهاد بكەم دژی كەسوكاری خۆم و هاوزمانانی خۆم من بڕوام بە نەتەوەو كوردو ئەوشتانە نەمابوو، چونكە تەنها بۆ ئاین خوڵقابووم “
تەیمور یەكێك دەبێت لەو چەند كەسە كەمەی كە بەر هێرشی بەموشەكە”تۆماهۆ”كانی ئەمریكا نەكەوت كەلەدەریای ناوەڕاستەوە بەرەو چیاكانی هەورامان دەیهاویشت ، تەیمور ڕویكردە سوریا و لەوێ خۆیان كۆكردەوە، بەشداریكرد لەگرتنی شارەكانی موسڵ و شەنگال و بەتەورێكی دڕێژ كەسەرەكەی لەشێوەی پەپولە بوو خەڵكی سەردەبڕی لەڕۆمانەكەدا باسی ئەو گرانییە دەخوێنینەوە، كە بەرۆكی بەشێكی خەڵكی گرتبوو، بازرگانەكانیش درێخیان نەكردوە لەتێكردنی پەتاتەی كوڵاو بۆ ناو تەنەكە ڕۆنەكان و بازرگانەكانی ئاردیش گەچ و گسكی هاڕاویان تێكەڵ بە فەردە ئاردەكان دەكرد، بەشێكی كچان و ژنان بۆ تێركردنی سكیان ،كارەكەری ماڵە دەوڵەمەندەكانیان كردوەو هەندێكی تریشیان بۆ دەستكەوتنی پاروە نانێك ناچار بە لەشفرۆشی بوون.
لەڕۆمانەكەدا بەرشەڕی لەمێژینەی ئادەم و ئیبلیس دەكەوین كە ئیبلیس ئادەم بەوەتاوان باردەكات ، كەئەوە نەوەكانی تۆن شەڕ دەنێنەوە و بەبەردەوامی من تاوانبار دەكەن ،خودا ئێوەی دروستكرد تازەوی ئاوەدان بكەنەوە نەك شەڕبنێنەوە . بەر چیرۆكی ئەو عەشقە ناكامانە دەكەوین كەوەك گوڵی ناو دڕك لەپەراوێزی جەنگدا سەوزدەبوون ، كوڕەكان لەجەنگدا دەكوژران و كچەكانیش ناچاربوون بۆ بەردەوامی دان بەژیان نەك جارێك دە جاریش عاشق ببنەوە “مرۆڤ نەك جارێ بەڵكو چەندین جار عاشق دەبێت ، درۆیەكی گەورەیە گەمژەكان دەڵێن تەنها جارێك عەشق هەیە، عەشق یاریەكی ئەزەلیەو هەمیشە لەسوڕانەوەدایە، مرۆڤەكان بەهۆی هێزی لەبیرچونەوە دەتوانن چەند جارێك عاشق بن، گێڕەڕەوەی كتێبەكەمان، ئەندازیارە لەكۆمپانیای بەرهەمهێنانی ڕۆبۆت و لەژێر دەستی كۆمەڵێك پسپۆڕی یابانی و هیندی كاردەكات، لەسەر بنەمای “تیۆرەی ڕێژەی ئەنیشتاین “ ماشێنێكی كات “ یان دروستكردووە كە دەتوانرێت بگەڕێیتەوە بۆ هەریەك داهاتو یان رابردوو .
ئەندازیارەكەمان دەیەوێت یەكەم كەس بێت بەنهێنی ئەم ئامێرە تاقی بكاتەوەو بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو، بۆ دوو ڕۆژ پێش كارەساتی شەنگال، تائاگاداریان بكاتەوە لەڕودانی كارەساتەكە .

‌ 894 جار بینراوه‌
12/9/2017 9:31:22 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved