»  وتاری هەفتە
دەمــە چیت لێ كەمە؟!
بورهان حاجی سلێمان



لە سەرەتای شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبیەوە، (حیزبی ئەلیكترۆنی) وەكو زاراوەیەكی نوێ كەوتە ناو فەرهەنگی سیاسی سوریاو رۆژئاوای كوردستانەوە.
حیزبی ئەلیكترۆنی بەو حیزبانە دەوترا كە لەسەر زەوی هیچ سەنگ و پێگەو جەماوەرێكیان نەبوو، بەڵام لەڕێگەی هاوكاری هەرێمایەتی یان لەلایەن ئەو كەسایەتییە سوریانەی نیشتەجێی ئەوروپان، ماڵپەرێكی ئەلیكترۆنی و پەیجێكی فەیسبووك و ئێمێلێكی یاهوویان دادەناو لێدوانی قەبەو بەیاننامەی ئاگرینیان بڵاودەكردەوە!
لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلیشەوە لەساڵی 1948 عەرەب هەزاران بەیاننامەی دەركردووەو بەڵێنی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشەو هەڕەشەی فڕێدانی جولەكە بۆ ناو دەریای سپی ناوەڕاست دەدەن، بەڵام دوای 70 ساڵ هێشتا ئیسرائیلیەكان حاكمی جیهانن و فەلەستنییەكانیش ئاوارەی جیهانن!
لەدوای یەكێك لەلوتكەكانی كۆمكاری عەرەبیش موعەممەر قەزافی سەرۆكی كوژراوی لیبیا زۆر بەجوانی گوزارشتی لەو دیاردەیە كردو وتی” قاوەیەكمان خواردەوەو هەنێ قسەی پووچمان كردو بەیاننامەیەكمان دەركرد”!
لەدوای خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی 2011شەوە هەر كەس و حیزبێك هەڵدەستا بەیاننامەیەكی لەسەر سەكۆی سەرای ئازادی شاری سلێمانی دەخوێندەوە! 
لەدوای نەخۆشكەوتنی رەوانشاد مام جەلال-یشەوە، سەركردەكانی یەكێتی بۆ پرس و بۆنەی وا هەبووە لەڕۆژێكدا پێنج بەیاننامەیان دەركردووە!
لەدوای 7ی حوزەیرانی 2017یشەوە تا 25ی ئەیلول ژمارەیەك حیزبی بچوك كە بە هەر هەموویانەوە كورسییەكیان لەپەرلەمان نییە، بە دەركردنی بەیاننامەی پشتگیری خۆیان كردە شەریكە هەڵەی پرۆسەكە!
لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریشەوە كاتێك مەترسی كەوتە سەر ئیبراهیم خەلیل، بۆ ماوەیەك هەموو درەنگانێكی شەو حكومەتی هەرێم بەیاننامەیەكی بڵاودەكردەوە!
لەدوای دەستی دەستی كردن بە كورد لەپرسی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك و بوونی خروقات و هەوڵەكانی تەعریبكردنەوەی پارێزگاكە، ژمارەیەك بەرپرس و پەرلەمانتاری بەڕێزیش بۆ هەر پرسێك بەیاننامەیەك دەردەكەن كە زۆر جار پێچەوانەی لێدوانەكانی پێشووتریان بووە!
لەڕاستیدا دەركردنی بەیاننامەو چالاكی مەدەنی بۆ چالاكوان و رێكخراو و سەندیكاكانە، چونكە ئەوان جگە لەوروژاندن و فشار دروستكردن هیچ هێزێكی جێبەجێكردن و دەسەڵاتی بەدواداچوونی یاسایی سیاسی و ئیداریان بۆ پرسەكان نییە، بەڵكو ئەوە دەزگا تەشریعی و تەنفیزییەكانە دەبێت بەدواداچوون بۆ بەیاننامەو پەیامەكانی ئەوان بكەن.
ئاساییە ئەگەر هەنگاوی كردەیی هاوشانی دەركردنی بەیاننامەیەك بێت، تاكو بەرچاوڕوونی زیاترو پشتیوانی جەماوەری بۆ پرسەكە بەدەستبهێنرێت، بەڵام وەكو كورد دەڵێت “دەمە چیت لێ كەمە؟”! هەر بەو شێوەیە دەركردنی بەیاننامە لەسەر بەیاننامە كە هیچ لە واقعی تاڵی هاوڵاتی نەگۆڕێت، نەك هەر هیچ سوودێكی نابێت، بەڵكو كاردانەوەی سلبیشی لێدەكەوێتەوە، چونكە ئێستا خەڵك چاوی لە بەرپرس و پەرلەمانتارەكانە تاكو بەو پارێزبەندی و دەسەڵاتەی هەیانە، مافە زەوتكراوەكان بۆ كورد بگەڕێننەوەو ستەمەكانیان لەسەر هەڵبگیرێت، كاتێكیش ئەوان هاوشێوەی هاوڵاتیان تەنها گلەیی و گازندە بڵاودبكەنەوە، هاوڵاتی تووشی نائومێدییەكی گەورەتر دەبێت، چونكە لەدوای 25ی ئەیلول و 16ی ئۆكتۆبەرەوە، زامەكانی كەركوك ئەوەندە سەخت بوونە، هەموو وشەكانی دونیا ناتوانن لەئازارەكانی كەمبكەنەوە، بەڵكو پێویستی بە هەتوانی كردارو ئارەقەی ماندووبوونە، چونكە ئەگەر ئێستا ئەوە نەكرێت دواتر پێویستی بە خوێنی قوربانیدان دەبێت. 




‌ 1847 جار بینراوه‌
12/16/2017 9:47:15 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved