»  کوردستان
 كـورد لــە كـەركـوك كـەوتـە خــۆی


گۆڕەپانی چەقبەستووی سیاسی كوردی لە كەركوك جوڵەی تێدەكەوێت و چەندین كۆبوونەوەی حیزبی و لایەنەكان و سەردانی سیاسی نهێنی و ئاشكرا بۆ لای پێكهاتەكانی دیكە، لەماوەی هەفتەی رابردوودا ئەنجام دەدرێت.
بەمەبەستی جوڵاندنی سیاسی و راستكردنەوەی دۆخی ناهاوسەنگی شاری كەركوك، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا یەكێتی لە كەركوك كۆبوونەوەی بەسەرجەم كادیرە باڵاو مامناوەندو ئۆرگان و تۆێژو رێكخستنەكانی كردووەو دۆخەكەیان بۆ روونكردوونەتەوەو باسی چۆنیەتی كاری حیزبی و سیاسی داهاتووی یەكێتی لە شارەكە كراوە، بڕیاریش دراوە چیدیكە چاوەڕێی هەرێم نەكەن بۆ دانوستان لەگەڵ حكومەتی بەغداو خۆیان بەو كارە هەڵسن و داوای مافی زەوتكراوی كەركوكییەكان لە بەغدا بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین لیژنەیان پێكهێناوە چ بۆ بەغدا و چ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حیزب و پێكهاتەكانی دیكەی شارەكەو چ بۆ مامەڵە لەگەڵ بنكەی جەماوەری خۆیان و گوێگرتن لە داواكاری و گرفتەكانیان.
بەپێی زانیارییەكانی (هەواڵ) لە زۆربەی كۆبوونەوەكاندا رەخنەی ئەوە لە بەرپرسانی ئەو حیزبە گیراوە بۆچی ئەو راستیانەی لایانە، كە قەناعەتی زۆرێك سەبارەت بە رووداوەكان دەگۆڕێت، لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان بۆ جەماوەری كەركوك و كوردستان ئاشكرای ناكەن.
هاوكات كەركوك كۆبوونەوەی سەرجەم حیزبە كوردستانییەكانی شارەكەی (جگە لە پارتی) بەخۆوە بینی و پرسی یەكڕیزی و گرنگی جوڵاندنی دیمەنی سیاسی كەركوكییان تاوتوێكردو هاوڕابوون لەسەر گرنگی مانەوەو بەردەوامی حیزبەكان لە كەركوك.
(هەواڵ) بەوەشی زانیوە كە هەر لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی یەكێتی چەندین سەردانی ئاشكراو نهێنییان بۆ لای پارت و لایەن و پێكهاتە جیاجیاكانی دیكەی كەركوك كردووە كە لە ماوەی داهاتوودا ئەنجامەكانی بەدی دەكرێن.
هەر بە پێی زانیارییەكانی (هەواڵ) لە ئەگەری سووربوونی پارتی لەسەر هەڵوێستی و خۆی رێگەنەدانی بە گەڕانەوەی ئەندامەكانی بۆ ئەنجومەنی پاریزگای كەركوك بۆ ئەوەی بەشدارنەبن لە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد، یەكێتی بژاردەی رێكەوتن لەگەڵ توركمان و یەكخستنی هەڵوێستی لایەنە كوردییكانی دیكەی وەكو ئەڵتەرناتیف دێنێتە ئاراوە. 

‌ 1536 جار بینراوه‌
12/16/2017 9:52:21 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved