»  پەڕەموچ
فیلمی (باچرانگی بەهای جان)ـی بۆلیوود دەروازەیــەك بـەرەو مرۆڤ بوون بە رەهـەندە قـووڵەكانیــــەوە
ئا/ عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ

ئەوەی سیاسی و پیاوە ئاینیەكان وەك داو بە دەوری تاكەكان و كۆمەڵگەكاندا دەیتەننەوە مرۆڤدۆستەكان هەمیشە لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەیدان و هەرچی لە ژێری بەڕەكە هەبێت دەیخەنەوە سەر بەڕەكەو ئابرووی ئەو كەسانەش دەبەن كە بە بڕیاڕێك یان بۆ ویستێكی خودی سۆزی مرۆڤە گەمژەو گێلەكان بەلای خۆیاندا رادەكێشن. فیلمێك دوای مشتومرێكی زۆر لە شاشە واڵاكانی سینەمای هیندی نمایشدەكرێت و دواتر كێشەی سیاسی بەدوای خۆیەوە دەهێنێت و ئینجا ناوەندی ئیسلامی هیندی لە نیودەلهی بیری كردەوە لە هۆلی تایبەتی خۆیدا بڵاوی بكاتەوە. ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە بۆ ئەو رۆڵە ئەرێنیەی كە فیلمەكە بەسەر سۆزی خەڵكەوە بەجێی هێشتووە بەتایبەت جەماوەری بەربڵاوی سینەماكاران لە هیندستان، وێرای ئەو مۆركە كۆمیدیەی لە زۆربەی گرتەكانی فیلمەكەدا هەستی پێ دەكرێت بینەر دەبێت ملكەچی ئەو شێوازە نامۆیەی كەبیرخانی دەرهێنەر بێت لە فیلمەكە كە هاوشێوەی فیلمە كۆمەڵایەتیەكانی تر كاری لەسەركراوەو جۆرێك لە سۆزی مرۆیی ئاوێتە بە موزیكی میللی هیندی لەخۆگرتووە، جا ئەمجۆرە فیلمانە هەرچەندە لە رواڵەتدا رووكەشیانەن، بەڵام لە ناوەڕۆكدا جۆرێك لە راكێشانی هەستی بینەری بەلای خۆیەوە تێدا بەدیدەكرێت.  
فیلمی “با چرانگی بەهای جان” بە ئینگلیزی فیلمێكی ئەكشنی سیاسی درامییە لە دەرهێنانی كەبیرخان و ئەستێرە ناودارەكانی هیندستان هەر یەك لە سەلمان خان و كارینا كابوور و هارشالی مالهۆترای (منداڵ) بە هاوبەشی لەگەڵ ناوازەدین سدیقی و عەدنان سەمیعی ساڵی 2015 لە میرنشینی عەرەبی یەكگرتوو كۆتاییان بە كارەكانی هێناوە. 
سەلمان خان وێرای ئەوەی تەمەنی گەیشتۆتە نزیكەی پەنجا ساڵی بەڵام هێشتا لەناو كۆمەڵی هیندستانیدا بە چاوی پاڵەوانێكی ناوازە تەماشای دەكرێت و وەك هونەرمەندێك و وەرزشكارێك زۆر رێزی لێ دەگیرێت. رۆڵی سەلمان خان لەو فیلمەدا كەسێكە قوربانی بە زۆر شت دەدات لەپێناو ئەوەی بە ویژدانێكی ئاسوودە بژێت و شەوانی خەوتنی پڕ نەبن لە مۆتەكەی سزادانی خودی. 
چیرۆكی فیلمەكە باس لە كچە منداڵێكی لاڵی بەستەزمانی پاكستانی دەكات لەگەڵ دایكی دەچێتە سەردانی پەرستگایەك بەو ئومێدەی نەخۆشی لاڵیەكەی چاك بێتەوە. بەڵام لە كاتی گەڕانەوەیان بەرەو پاكستان شەمەندەفەرەكە بۆ ماوەیەكی كەم رادەگیرێت و وەك نەریتێكی پەڕینەوە لەسنووری نێوان دوو وڵات راییكردنی تایبەت بە خۆیان دەبێت، دوای تێپەڕبوونی شەمەندەفەرەكە دایكەكە بۆی دەردەكەوێت كچە لاڵەكەی هاتۆتە خوارو لێی ون بووە، كچە منداڵەكە كە ناوی شاهیدارە بۆ رزگاركردنی بەرخۆڵەیەك كەوتۆتە چاڵێكەوە دێتە خوار، بەڵام دوای ئەوە بە ماوەیەكی كەم شەمەندەفەرەكە جێی دەهێڵێت و هەوڵی زۆر دەدات بە شەمەندەفەرەكە بگات، بەلام بێهوودە دەبێت و ناتوانێت بگاتەوە بە شەمەندەفەرەكەو بەو هۆیەوە لەدایكی دادەبڕدرێت، دایكی كە لەخەو رادەپەرێت و بەناو شەمەندەفەەكەدا دەگەڕێت و هاواری زۆری بۆ دەكات بەڵام ئەو لە كاتێكدایە دایكە و كچە لە دوو وڵاتی جیاجیا هەڵیانكردووەو و كچەكە بە سواری شەمەندەفەرێكی تر دەگەرێتەوە ناوجەرگەی هیندستان. 
دەگەڕێتەوەو لە شارێكدا دادەبەزێت تینووی دەبێت و ئاوێكی زۆر دەخواتەو بەو هۆیەوە دەبێتە جێی سەرنجی ئەو میوانەی لە چێشتخانەكەدا بوون، لەگەڵ خۆی دەیباتەوە ماڵ و بە خۆشەویستەكەی دەڵێت دەبێ لەخۆمانی بگرین تا خاوەنی بدۆزینەوە، شەوێكیان یاری دووگۆڵی نێوان هەردوو وڵاتی هیندستان و پاكستان لە تەلەفزیۆن نمایشدەكرێت بەو هۆیەوە بۆیان دەردەكەوێت پاكستانیەو بە ئایینیش موسڵمانە، بەڵام بۆ دڵنیایی زیاتر دەیبەنە پەرستگایەك كەچی ئەو دەچێتە مزگەوت و لە شێوازی موسلمانان نوێژ دەكات، ئیتر بە تەواوی بۆیان دەردەكەوێت موسڵمانە. زۆر هەوڵدەدات بە شێوەیەكی رەسمی و لە رێگەی سنوورەوە بیگەیەنێتە پاكستان و بە خانەوادەكەی شادی بكات تا دواجار ناچار دەبێت بە پارە هەوڵی دەربازكردنی بدات، بەڵام زوو بۆی دەردەكەوێت ئەو پیاوەی بەڵێنی گەڕاندنەوەی پێداوە بازرگانی لەشفرۆشەكانەو بەخانەیەكی لەشفرۆشانی دەفڕۆشێت، لێرەدا سەلمان خان وەك بەوە ناسراوە خاوەن ماسولكەیەكی بە هێزەو توانای لێدانی بەدەیان پیاوی هەیە لە ماوەیەكی كەمدا ئەو شەڕە دەست پێدەكات و بە دەربازكردنی كچە لەچنگی لەشفرۆشان كۆتایی پێ دێت، ئیتر بڕیار دەدات بە هەرچ قوربانیدانێك بێت بەدەستی خۆی بگەیەنێتە پاكستان. 
دەچێتە سەرسنوورو لەگەڵ قاچاخچیان رێكدەكەوێت لە سنوورەوە خۆی و كچەكە پێكەوە ئاودیو دەكەن، دەكەوێتە بۆسەی سنوورپارێزانی پاكستان و دوای بگرەو بەردەیەكی زۆر بۆ دواجار رێگەی پەڕینەوەی پێ دەدرێت و دەگاتە نزیكترین شارەدێی سەرسنور، لەو شارەدێیە بچوكە بە تەنها خواردنگەیەك دەبێت و رووی تێ دەكەن، كە خواردنەكەیان بۆ دێت دەبینێت گۆشتی كەڵەگای سەربراوی تیایە، داوای خواردنی تر دەكات و پێی دەڵێن هێشتا زووەو خواردنەكانی تر نەگەیشتوونەتە دەم، ناچار دەبیت وێرای حەرامكردنی لە ئایینی هیندۆسی گۆشتی مانگا دەخوات. 
پۆلیس دەیانگرێت و دەچنە مەخفەرو لەوێ‌ كچەكە وێنەیەكی هاوشێوەی گوندەكەی خۆیان دەبینێت و پێكەوە هەڵدێن و رێی گوندەكە دەگرنە بەر تا دەگەنە گوندەكە تووشی گرفتی زۆر گەورە دەبن و هاوكات سەرەتا رۆژنامەنووسێك بەدوایاندا دەگەڕێت و هاوكاری پۆلیس دەكاتبۆ دەسگیررركردنیان بەوەی باچرانگی كەسێكە سیخوڕی لە بەرژەوەندی وڵاتی هیندستان دەكات، كەچی دواتر راستییەكانی بۆ دەردەكەوێت و دەبێتە یاوەرو رێگە پیشاندەریان تا كچەكە دەگاتەوە ماڵەوەو بە خاوەنی خۆی شاد دەبێتەوە. 

گرتە زۆر سەیرەكان 
(1) پۆلیس كە سەیری منداڵەكە دەكات دەبینێت گەردنەیەكی لە ملە كە وێنەی هیندۆسی لەسەرەو لێی دەكەوێتە گومان و دەڵێت: ئەمە موسڵمان و پاكستانیە، ئەی ئەم ملوانكەی بت پەرستیەی لە كوێوە هێناوە. بەوە تووشی چەرمەسەری گەورە دێن. 
(2) پیاوێكی ئایینی بۆ ئەوەی لەدەستی پۆلیس رزگاریان بكات، نیقابیان دەكاتەبەرو بەرەو دەرەوەی شاریان دەبات، كە خواحافیزی لێك دەكەن باوەش بەیەكدا دەكەن و یەكتری ماچ دەكەن، پایسكل سوارێك نازانێت ئەمە دووپیاوی هیندۆسی و موسڵمانن چونكە یەكێكیان بە جلی ئاینی و ئەوی تریان بە نیقابی ژنانەوە دەبینێت و نازانێت بۆ چارەسەری كێشەیەك هاوسۆز بوونە، مەسەلەكە بە هەڵە تێدەگات و بە سەرسورمانەوە تەماشایان دەكات.. تادەكەوێتە ناو گۆلاوێكەوە.
(3) لە رێگەیاندا باچرانگی مەیمونێك دەبینێت و وەك رێزێكی ئایینی بۆی دەنوشتێتەوە، سەرەتا رۆژنامەنووسەكە بە تەوسەوە بۆی دەڕوانێت، كە دەبینێت كچەكەش هەمان شێوەی ئەو لاسایی دەكاتەوەو بۆ مەیمونەكە دەنووشتێتەوە، ئەویش لەخۆی دەكەوێتە گومان و وەك ئەوان بۆ مەیمونەكە دەنوشتێتەوە. 
(4) چەندین گوند دەگەرێن و بە ناكامی دەكەونەوە، تا دواجار دەگەنە گوندەكەی خۆیان و كچە بە رۆژنامەنووسەكە دەڵێت ئەوە گوندەكەی ئێمەیە، رۆژنامەنووسەكە دەكەوێتە دوای و تا بەخانەوادەكەی شاد دەبێتەوە هەر وێنەی دەگرێت، دواجار گوێی لەدەنگی فیشەكێك دەبێت، دەزانێت كە فریادرەسەكە (باچرانگی) كەوتۆتە گۆڵمەزێكی ترسناكەوە. 
بێگومان ئامانجی سەرەكی فیلمەكە گەیشتنە بە ترۆپكی مرۆیی بە دوور لە ئایین و سیاسەت و بیرۆكەو بەهای سەر لاپەڕەكان كە دەردێكە ئەمڕۆ هەموو كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی بە هەستێكی دژواری ئاگرین تەنیوە. چونكە دواجار میللەتانی هەردوولا وەك داواكارییەك بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان بەهۆی كاریگەری و داوای راستەوخۆی رۆژنامەنووسەكەوە راپەڕین دەكەن و داوای كردنەوەی سنووری نێوان هەردوو وڵاتەكە دەكەن، ئەو گرتەیە پەیامێكەو دەڵێت وێرای هەموو جیاوازیەكان دواجار ئەوەی لە بۆتەیەكدا كۆمان دەكاتەوە ویژدانی راستەقینەی راسترەوە كە دەمانكات بە مرۆڤ. بەتایبەت كە خەزووری باچرانگی سەركێش و دڵرەق لەسەر سنوور چاەڕوانی دەكات و سڵاوی گەرمی پێشوازی لێدەكات، بەتایبەتر كەدواجار كچێكی پاكستانی موسڵمان رادەكاتە دوای باجرانگی هیندۆسی و دەمی دەكرێتەوەو پڕ بەدەمی هاوار دەكات باچرانگی خوات لەگەڵ.. خوات لەگەڵ و ئەو دەنگە بە شێوەیەك سەدا دەداتەوە بینەر هەست دەكات لە زۆر شت پەشیمانە لە مرۆڤ بوون نەبێت. باچرانگی دەگەڕێتەوەو شاهیدار لە باوەشدەگرێت و هەڵیدەداتە بەرزی و دەیگرێتەوە.. ئیتر بەكۆتایی هاتنی فیلمەكە بۆلییود گەورەترین پەیامی مرۆیی پێشكەش بە بینەری خۆی دەكات. 

سەرچاوە
* فیلمی باجرانگی بەهای جان
* ویكیپیدیا .. الموسوعە الحرە 
* سلمان خان یوحد الشعوب.. نیودلهی - ندی الازهری (الحیاە)

‌ 630 جار بینراوه‌
12/16/2017 9:54:49 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved