»  باران
ئاكامەكانی دوو پەروەردەیی منداڵ
لانە شكور


منداڵ ئەو بوونەوەرە سادەو پاكەیە كە لە دوای لە دایكبوونی هیچ شتێك نازانێت و نایشیكات ئەگەر فێری هیچ نەكرێت، واتا منداڵ لەسەرەتای بوونیەوە وەكو پەڕەیەكی سپی وایە و پڕكردنەوە لەسەر چواردەورەكەیەتی، پەروەردەی منداڵ لە چوارچێوەی ئەو خێزانەوە دەستپێدەكات كە گەورەی دەكەن، ئاشكرایە هەموو دایك و باوكێك ئارەزوو دەكات منداڵەكەی بە جوانترین شێوە پەروەردە بكات تا لە ئایندە ببێتە تاكێكی دیاری نێو كۆمەڵگە.
لەم بابەتە باسی هەمان ئاواتی دایك و باوك و نەنك و باپیر دەكەین، بەڵام لە رووی دوو پەروەردەییەوە، دوو پەروەردەیی منداڵ واتا هەر خێزانە و دەكرێت بڵێین ماڵی باوك بە شێوەیەك و ماڵی دایك بەشێوەیەك منداڵ پەروەردە دەكەن كە یەك ناگرنەوە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو منداڵە دوو جۆر پەروەردە وەرگرێت، ئەم دوو پەروەردەییەش وا دەكات منداڵ سەری لێبشێوێت و بگاتە ئەوەی لەدەست دەرچێت هەروەها ئەو جۆرە پەروەردەكردنە دەبێتە هۆی ئاژاوەی نێو خێزانەكان و لێكترازان.
نمونە بۆ دوو پەروەردەیی ئەوەیە كاتێك تۆ منداڵەكەت بە جۆرێك بەخێو دەكەیت لەگەڵ بارودۆخەكە بگونجێت و رەنگە لەسەر هەندێ شت ستایشی بكەیت و هەندێكیش سەرزەنشتی بكەیت، بەڵام كاتێك تۆ سەرزەنشتی دەكەیت لەو كاتەدا هاوسەرەكەت پێچەوانەی دەكات و تۆ وەك دڕندە نیشانی منداڵەكە دەدا یاخود ماڵی باوانی یەكێكتان دەڵێن لێیگەڕێ و منداڵە لە ماڵی ئێمە چی دەكات با بیكات و ئەم پێدانی عاتیفەیە بۆ راكێشانی منداڵ ئەوەی تر لەبەرچاوی دەخات.
زۆر جار خێزانی سەرەكی شتێكیان پێ باشە بۆ منداڵەكە بەواتا دایك و باوكی رازین لەسەر شتێك، بەڵام ماڵی نەنكی رازی نابن جا هەر نەنكێك بێت، ئەم جۆرە پەروەردەیەی دەرەوەی خێزانی سەرەكی منداڵ دوولەت دەكات و زۆرجار گرژی خێزانیی لێدەكەوێتەوە، كاتێك منداڵەكە لاساری دەكات و بەرپەچی دەدەیتەوە نەنكی دەڵێ تۆ لە داخی من وای لێدەكەی، باپیری دەڵێ لەبەرچاوی ئێمە وای لێمەكە، مام یان خاڵی دەڵێ گوناحە لێیگەڕێ، ئەم جۆرە وتانە زۆر جار منداڵ زیاتر سوردەكات لەسەر ئەنجامدانی هەڵەو لاساری و خێزانەكانیش لەباوان دەترازێنێ كە بەهۆی ئەوەی یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەپەروەردەی سەقەت، لەم حاڵەتەش هەندێك دایك و باوك هەن منداڵەكانیان تێكەڵ بە ماڵە باوكی یەكتر ناكەن ئەمەش هەر هەڵەیە و پەروەردەیەكی هەڵەیە.
زۆر جار رەنگە هەموان لە خۆشەویستی بۆ ئەو منداڵە هەر یەكەو بەجۆرێك هەست دەردەبڕن، بەڵام ئەو منداڵە كۆمەڵێك بەركەوتن وەردەگرێت و نازانێت كێ راستەو كێ هەڵەو نا تەندروست دوو پەروەردەو و زیاتر گەورەدەبێت و دەگاتە رۆژگارێك رەنگە گوێ بەهیچ نەداو چی بوێت بیكات و وەرس بێت لەو هەموو دەمەی لەسەری بوون و ئەو هەموو ئاژاوەیەی لەسەر ئەو دروست بوون و بێ ئەنجام بوون، بەمەش پەروەردەی خۆی هەڵدەبژێرێ و زۆر جاریش تاكەكان بەو شێوەیە دەبنە كەسانی خراپی نێو كۆمەڵگە.
فرە پەروەردەیی و سۆز دەربڕینی باوان و ماڵە باپیران لەسەر كردنی كارەكان منداڵ دەكات بە چەند بەشێكەوە تا گەورە دەبێت بەمەش دەبێتە چەند كەسێك و هەندێ شت ئەنجامدەدات كە دایك و باوكی لێی رازی نین و ئەستەمیشە پاش گەورەبوون بیگۆڕێت و كە پێشی دەوترێت هەڵەی، ئەوكات بەرپەچت دەداتەو دەڵێت ئەی بۆ دایك و باوك و براو كەسی تۆ ئەوەیان لا راستە و دەیان شتی بەو جۆرە كەلە ئێستادا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هەن.
باشترین پەروەردەی منداڵ ئەوەیە رێگەبدەی دایك و باوك وەكو یەك و بەتەواوكەری منداڵ گەورە بكەن و قەناعەت بەمنداڵ بكەن بەوەی هەیە رازی بن و بەوەی نییە دڵخۆش بن، چونكە لەوان باشتر هەیەو بێگومان لەوانیش خراپتر هەیە، نەنك و باپیر و ئەوانی تریش هەستیان بە كەلێنێك كرد بەدایك و باوكەكەی بگەیەنن و پێكەوە منداڵێكی تەواو گەورەبكەن تا كەسێكی باش بخەنە كۆمەڵگەوە.

‌ 747 جار بینراوه‌
12/16/2017 9:58:22 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved