»  شۆک
شــارەزایەكی نــەوت نۆكاو دەفرۆشـێت!
ئا / هوشیارجەمال


هونەر محەمەد، گەنجێكی دانیشتوی ناحیەی بازیانی رۆژئاوای شاری سلێمانیەو دەرچووی پەیمانگای تەكنیكی كۆیەیە، بڕوانامەی دبلۆمی لەبواری نەوت و شیكاری كیمیایی هەیە، بەڵام ئیستا بە هۆی دانەمەزراندنەوە، نۆكاو دەفرۆشێت و سیڤیەكەشی بە عەرەبانەی نۆكاوەكەیەوە هەڵواسیووە.
چیرۆكی هونەر چیرۆكی هەزاران گەنجی ئەم وڵاتەیە كە بە هۆی نەبوونی پلانی حكومەت و قەیرانە یەك لە دوای یەكەكانەوە دوای تەواو كردنی خوێندن كە بڕە پارەیەكی زۆری تیا خەرج كراوە چ لە لایەن خێزان و چ لە لایەن حكومەتەوە، ئێستا سوود لە تواناكانیان نابینرێت.. ئەو دەرچووی بەشی تەكنەلۆجیای نەوت و شیكاری كیمیایەو تەمەنی 24 ساڵەو ماوەی 3 ساڵە خوێندنی تەواو كردوە بە هۆی دانەمەزراندنی لەكەرتی حكومی و تایبەتدا ئیستا لە ناحیەی بازیان لەسەر عارەبانە نۆكاو دەفرۆشی. 
هونەر محەمەد بۆ هەواڵ وتی “ سیفیم بۆ سەرجەم كارگەكانی سنوری ناحیەی بازیان ناردووە بەهۆی ئەوەی كەسێكی حزبی نییم، دانەمەزراوم لە بەرانبەردا كەسانی تر بە بێ بوونی بڕوانامەی تایبەت بە بوارەكەی خۆیان دامەزراون”.
هونەر كە لە ئیستادا سیڤیەكەی بە عەرەبانەی نۆكاوەكەیەوە هەڵواسیوە دەشڵێت “بە بۆنەی وەگرتنی بڕێك پارە لە كاتی وەگرتنەوەی بڕوانامەكەم نەمتوانیوە بڕوانامەكەشم وەربگرمەوەو بە عەرەبانەی نۆكاوەكەوە هەڵیبواسم” .
هەروەها ئاشكراشی كرد كە داهاتی كارەكەی بەشی بژێوی ژیانی ناكات، چونكە دەبێت خەرجی ماڵەوەشیان دابین بكات لەبەر ئەوەی باوكی بە هۆی كرێكاریەوە كەم ئەندام بووە و بەشیكی جەستەی لەدەستداوە ناتوانێ هیچ كارێك بكات.




‌ 1388 جار بینراوه‌
12/16/2017 9:58:52 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved